تڕەکەڵەکی کازمی

25/07/2021

سەردار عەزیز

ڕۆژی دوشەممە کازمی لەکۆشکی سپی  بایدن دەبینێت، پرسی سەرەکی ئامادەیی سوپای ئەمریکایە لەعێراق، هەتا ئێستا پلان وەهایە کە ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی کە لەعێراقن، ناویان بگۆڕێت بۆ هێزی یارمەتیدەرو هەموو کارە هێرشکەریی‌و سەربازییەکانیان بوەستێنن‌و هاوکاری دەوڵەتی عێراقی بکەن لەشەڕی لەگەڵ داعشدا.

هەتا ئێستا ڕون نییە کە ئایا هەموو ئەو سەربازانە دەمێننەوە، یان ژمارەیان کەمدەکات؟ ئایا ئەم ناوگۆڕینە بەشێکە لەیاری بۆ کەمکردنەوەی فشاری میلیشیاکان‌و نەرمی نواندن بەرامبەر ئێران؟

میلیشیا وەلائییەکان زۆر توندن لەسەر ئەم پرسەو دژ بەڕۆڵی هاوکاریی‌و ڕاوێژکاریی ئەمریکان لەدەربڕینەکانیاندا، بەڵام قسەی ئەوان هێندە سەنگی نییە.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە مەکگۆرک ئەوەی بەعێراقییەکان ڕاگەیاندوە، ئەوان قۆناغ بەقۆناغ دەکشێنەوە، هەندێکی تر دەڵین، ناکشێنەوە تەنها ناویان دەگۆڕن، هەندێکی تر دەڵێن هەموو ئەو سەربازانەی کە ڕۆڵی کۆمبات شەڕکەریان دەبینی لەسەری ساڵدا دەکشێنەوە.

کازمی دەیەوێت ئێران‌و ئەمریکاو میلیشیاکان ڕازیبکات، هەریەکەیان بەرژەوەندیی‌و ئەجێندای خۆی هەیە، لەکاتێکدا لەژێر فشاری هەموو ئەمانەدایە، بەڵام ئامانجی شەخسی ئەوەیە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران، پاشئەوەی شکستیهێنا لەدروستکردنی حیزب یان بەرە، ئەستەمە ئەم تڕەکەڵەکە سەربگرێت، عێراق بایەخی نەماوە، نە وەک سەرچاوەی نەوت نە وەک جیوپۆلەتیک، کۆمپانیا نەوتییە ڕۆژئاواییەکان دەکشێنەوە، سەربازەکانیش دەکشێنەوە، چین‌و ئێران‌و تورکیا دەبنە خاوەنی ئەم وڵاتە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی