توركیا لەناو خۆرهەڵاتدا

31/07/2021

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


لە ڕوانگەی ماف و ئازادییە گشتییەكانی گەلانی بندەستەوە، هێشتا جیاوازییەكی گەورە لەنێوان توركیا و وڵاتانی خۆرهەڵاتدا نییە، بە مانایەكی دیكە چ دەسەڵاتدارانی توركیا و چ دەستوور  بەیەك پانتایی سەیری گەلانی ژێردەستیان ناكەن.

كوژرانی خێزانێكی كورد لە كۆنیای توركیا كە هێزی ناوخۆیی توركیا بە كارێكی دوژمنایەتی و كێشەی كۆمەڵایەتی نێوان دوو خێزان ناوی بردووە، دیوێكی دیكەی ژینگە و كۆمەڵگەی توركیامان پیشان دەدات كە ژینگەی توركیاش هەمان ژینگەی خۆرهەڵاتییە، ئەوەندەی دەرگای توركیا ڕووی لە خۆرهەڵاتە هێندە ڕووی لە خۆرئاوا نییە، ئەوەندەی تورکیا لەناو خۆرهەڵاتدا وەستاوە هێندە هەنگاوی نەناوە بۆ چوونەنێو ئەوروپاو بەئەوروپی نەبووە لەڕوانگەی مافی پێکهاتە جیاوازەکان و ئازادییە گشتییەکانەوە.

بەمانایەكی دیكە، توركیا لە دوو ڕوانگەوە ڕووی لە خۆرهەڵاتە نەك خۆرئاوا، لەلایەك دەوڵەت و سیستمە سیاسیەكە و حكومەت مافی گەلی كورد و هاوڵاتیانی ناتورك لە توركیادا بەهەمان شێوەی هاوڵاتییە توركەكان ڕەوا نابینێت و دژایەتییەكی نەتەوەیی بۆ تاكی كورد هەیە و دەوڵەت بەرگری لە پێكهاتەی كورد ناكات وەك ئەوەی كە بەرگری لە سوناس و كەسێتی تاكی توركی دەكات، لەلایەكەی دیكەشەوە ژینگەی توركیا ژینگەیەكی خۆرهەڵاتییە كە تاكی توركی لەناو ئەم ژینگەیەدا سەرەتا فێری ئەوە دەكرێن كە چۆن ئەوی ناتورک هەمان پیرۆزیەتی تاكی توركی نییە و زۆرجاران كوشتنیان حەڵاڵە و یاسایەك بۆ پاراستن و وەرگرتنی مافەكانیان نییە، بەم دوو پێوەرە دەرگای تركیا ڕووی لە خۆرهەڵاتە و هەمان ئەو وێنا و تابلۆیانەی لە خۆگرتووە كە لە ژینگەی وڵاتانی خۆرهەڵاتدا هەیە.

كوژرانی ئەو خێزانە كوردە و بێدەنگی لە بكوژانی ئەم خێزانە، بە هەر لێکدانەوەیەك تۆخكردنەوەی جیاوازی نەتەوەیی و بەباڵاكردنی نەتەوەیەكە بەسەر نەتەوەیەكی دیكەدا، ئەمەش ئەو خاڵەیە كە بەدرێژایی مێژوو ڕێگری كردووە لە گەیشتنی توركیا لە بە ئەندامبوون لە یەكێتی ئەوروپا، تاكو تێگەشتنی ناوخۆیی توركیا و تاكی توركی بۆ كورد و پێكهاتە ناتوركەكان تێگەشتنێكی خۆرهەڵاتیانەی داخراو بێت ئەوا ئەستەمە توركیا بتوانێت تەواوی دەرگاكانی بە ڕووی خۆرئاوادا بكاتەوە و هەناسەیەكی دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە خۆرئاواوە بگاتە توركیا و ئیدی هەموو تاكێك لە سنووری دەوڵەتی توركیادا خاوەن یەك جۆر ماف و ئازادی و ژیان بن لەسایەی دەستوور و لە بەردەم یاسادا.

هەموو ئەو دەرهاویشتە نەرێنی و خراپانەی كە لە كۆمەڵگەی توركیدا دژی نەتەوەی ناتورك و ماف و ئازادییەكان و ئازادی ڕادەربڕین و پرسی دیموكراسی و زۆر شتی دیكەش دەبینرێت، نامۆ و دابڕاو نییە لەو واقیعەی كە مرۆڤی خۆرهەڵاتی لەسەری پەروەردە كراوە، ئەگەر هەڵكەوتەی جیۆسیاسی و جوگرافی توركیا بە ڕادەیەكی زۆر هەڵكەوتەیەكی خۆرئاواییش بێت بەڵام دواجار ژینگە ناوخۆییەكەی توركیا و هەموو ئەو سیگناڵ و هێمایانەی بەرهەمی ئەم ژینگەیەیە ئەوەمان پێدەڵێن كە تاكی توركی و سیاسەت و ژینگەی توركیا هەمان فۆرم و شێوە خۆرهەڵاتییەكەیە.

ئەوەی بە زیان بۆ دەسەڵاتدارانی توركیا شكاوەتەوە ئەوەیە كە تاکو ئەو کاتەی نەتوانن بەیەک دیدگا بڕواننە تەواوی پێکهاتەکان و تاکو ئازادی و دیموکراسی بەرقەرار نەکرێت، ئەوا تورکیا ڕوو ناکاتە خۆرئاوا و هەمیشە ڕووی لە خۆرهەڵات دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی