دیموکراسی و هەڵبژاردن لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا

05/09/2021

دانا مەنمی


هەر حیزبێک بتوانێت گوزارشت لە واقیعی ئەو کۆمەڵگایە و خواستی چین و توێژو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا بکات ، ئەوا ئەو حیزبە گەشە دەکات و پێچەوانەی ئەم دەربڕینەیش هەر ڕاستە ، جەبری کۆمەڵایەتی زۆرجار حیزبێک ناچار دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا کەسێکی بێ توانا و بێ وزە بە کوردییەکەی پۆخڵەوات کاندید بکات بۆ هەڵبژاردن چونکە خواستی کۆمەڵگایان لەسەرە جا هەر چەندە کەسانێکی ئاست نزمیش بن ، بە نمونە لە پەڕلەمانی کوردستان چەندین پەڕلەمانتار هەیە کە شیاوی ئەوەنەبوون بچنە پەڕلەمان و ببنە پەرلەمانتار ، بەڵام بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری بنەماڵەکەی بووەتە ئەمری واقیع بەسەر حیزبەکەیەوەو بەناچاری ملکەچی ئەو واقیعە دواکەوتوویە ببن لە پێنا بە دەستهێنانی دەنگی خەڵک . 

هەموو کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو تەسلیم بە واقیعێکی کۆنەپەرستییە و زۆر بە زەحمەت پایەکانی دیموکراسی دەچەسپێت و بە زەحمەتیش هێزەکان دەبنە دیموکراتخواز ، گۆڕانکاری ڕیشەیی کۆمەڵایەتیش نایەتەدی و حیزبەکانیش لەناو ئەم جۆرە فۆڕمەی کۆمەڵگادا زیاتر کاریان لەخۆڕازیکردنی خەڵکە نەک پەروەردەکردن و فێرکردن  ، خۆئەگەر حیزبێک لە ناو ئەم پێکهاتە خێڵەکییەدا بیەوێت گۆڕانکاری بکات و دژایەتی سیستەم و پێکهاتەی خێڵ و عەشیرەت بکات ، ئەو کاتە لە ناو کۆمەڵگاو ئەو پێکهاتە خێڵەکییەی کە کۆمەڵگای ڕەنگڕێژ کردووە لاواز دەبێت و ڕۆڵ و کاریگەری لە واقیعە کۆمەڵایەتیەکەدا لە دەست ئەدات ، لەناو حیزبە کوردستانیەکاندا پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە هێزەکانی تر مۆرکی خێڵەکی هەڵگرتووە و هێزێکە زیاتر عەقڵی خێڵ هەڵیدەسوڕێنێت و خودی پارتیش دیدو ڕوانینێکی خێڵەکییانەی هەیە بۆ ژیان و دونیای دیموکراسی و دونیای مۆدێرن و هەتا هونەری بەڕیوەبردن ، ترسی ئەم حیزبە لە گۆڕانکاری لە دەستدانی پێگە و سەنگ و قورساییە خێڵەکییەکەیەتی کە لە گۆڕانکاری و چاکسازیدا کۆمەڵگا سودمەند دەبێت و خەڵکانێکی بەرژەوەندیخواز و مشەخۆریش زیانمەند دەبن ، بۆیە پارتی لە ترسی لە دەستدانی خەلکانێکی مشەخۆر و گەندەلکار نەخۆی دەگۆڕێت و بیریش لە گۆڕینی سیستەمەکە و گۆڕانکاری و چاکسازی ناکاتەوە دواجاریش پارتی وەک حیزبێکی کۆنەپارێز ئەو نەریتانە زیندوو دەکاتەوە کە کۆمەڵگای خێڵەکی پێویستی پێیەتی و بەرهەمهێنانەوەی نەریتی کۆنەپارێزی خێڵەکییانە یەکێکە لە پێداویستییەکانی حیزبە کۆنەپاریزەکان و بەشێکە لە هێزی مانەوەیان لەناو کۆمەڵگای دواکەوتوودا . 

کەواتە لەم ڕووەوە سیستەمی دیموکراتی و هەڵبژاردن نەک ئیمکانی نییە کۆمەڵگا ڕزگار بکات لە  مێنتەڵییەتی خێڵ و حیزبی کۆنەپارێز بەڵکو دەبێتە کەرەستە و ئامرازێکیش بۆ موزایەدەی سیاسی ، پاشان بەهۆی نەبوونی هوشیاری کۆمەڵگا خەڵک وا دەزانێت چوار ساڵ جارێک تەنها مافی هەڵبژاردنی هەیە نەک مافی لێپرسینەوە و ئیدی حیزبی براوە ئازادە چۆن هەڵسوکەوت دەکات و دەستکراوەیە لە هەر شتێک تا چوار ساڵی تر !! ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە و کۆمەڵگا خۆی بۆخۆی دەخولقێنێت ، کۆمەڵگای زیندوو هوشیارو بەئاگا پاشەکشە ناکات لە بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی ڕێگە نادات حیزب و حکومەتەکان زوڵم و نادادی و کەڵەگای لە سیاسەتدا بکەن و  سەروەری یاسا پێشێل بکەن و زیان بە بەرژەوەندی و چاکەی گشتی بگەیەنن ، ئیرادەی کۆمەڵگا سنوردار ناکرێت لە چوار ساڵ جارێکدا ڕۆژێکی بە دەستەوەیە بۆ سزادانی حیزبەکان ، لەکاتێکدا هێزێکی وەکو پارتی لەو رۆژەدا هەموو ئیمکانی خۆیان دەخەنەکار بۆ بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن و لە ڕێگەی تەزویرەوە ئیرادەی کۆمەڵگا تێک دەشکێنن . 

بە داخەوە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی پێکهاتەیەکی پچڕپچڕ و ناڕێکخراو و یەکڕیز نییە، ئەمەش تایبەتمەندی و ڕەنگدانەوەو هەستی مێنتەڵییەتی خێڵە بەسەر کۆمەڵگاوە کە هێشتا بەدوای پاراستنی بەرژەوەندی شارچێتی و بنەماڵەچێتی و مەزهەب و تەریقەتەوەیە ،لێرەدا هێزە سیاسییەکانیش ناتوانن کاریگەری ئەم تایبەتمەندییانە نادیدە بگرن و هەر حیزب و هێزێکی سیاسی بەشێک لەو پێکهاتە پچرپچرەی لەخۆگرتووەو کۆمەڵگایان بە حیزبی کردووە ، لەم دۆخەدا کۆمەڵگاش ناتوانێت گۆڕانکاری جەوهەری بهێنێتە دی ،چونکە کۆمەڵگا بە حیزبی کراوەو شتێک نامێنێتەوە بە ناوی کۆمەڵگای مەدەنی ڕاستەقینە تا بتوانێت هوشیارانە سنوری دەسەڵات دیاری بکات و دەسەڵاتیش ملکەچ بکات بۆ سیستەمێکی دیموکراسی ، خۆئەگەر کۆمەڵگایەکی مەدەنیش لە هەناوی کۆمەڵگایەکی خێڵەکیدا لە دایک بێت ئەوەندە لاوازە ناتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر و حکومەت ناچار بە گۆڕانکاری بکات ، بۆیە کۆمەڵگا بۆ ڕزگاربوونی خۆی نابێت پشت بە هێزە سیاسییەکان ببەستێت و چاوی لەوە بێت سەرکردەیەکی دادپەروەر و چاکەکار بێتە سەر دەسەڵات و تا سیستەمێکی ئەوپەڕی دیموکراسی و دادپەروەری بۆ بنیات بنێت ، ئەم جۆرە ڕوانینە هی مرۆڤە بێ ئاگا و دەست و پێ سپییەکانە کە هەمیشە نزا دەکەن خودا فریشتەیەکیان بۆ بنێرێت ، بە دەردی نیچە دەڵێت ؛ مرۆڤەکان دەبێ خۆیان سۆپەرمانی خۆیان بن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە