کازمی...بژاردەی ویلایەتی دوەم

16/09/2021

بەختیار شاوەیس

هیچ شتێک لەوە گرانتر نییە کە لەعێراقدا قسە لەسەر سبەی بکەی، چونکە ئەگەری هەیە کە لە لەحزەی کۆتایدا هەموو شتەکان پێچەوانە ببنەوەو شتێک ڕووبدات کە کەس پێشبینی نەکردبێت.

هەروەها هیچ شتێک بەقەدەر ئەوە نالۆژیکی نییە کە لەعێراقدا، هەر لەئێستاوە قسە لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بکەیت، بەتایبەتی کەهێشتا لەسەرەتای بانگەشەداین‌و دەیان دەرگای سەیرو سەمەرە لەبەردەم ئەم هەڵبژاردنەدا بەکراوەیی ماونەتەوە.

کازمی کە بۆ قۆناغێکی ڕاگوزەرو بۆ ئەنجامدانی چەند مەهامێکی دیاریکراو، وەبەرمەبنای خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 هاتە پێشەوە، لەڕوکەشدا وادەرکەوت کە دوای بەجێهێنانی ئەرکەکەی دوردەکەوێتەوەو تەنانەت لیستی دروستنەکرد‌و گەنجەکانی مەیدانی تەحریری نائومێد کرد، بەڵام لەناواخن‌و قوڵایدا کاری گرنگ‌و ستراتیژی گرتەبەر بۆئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بەسەرۆک وەزیران لەویلایەتی دوەمداو توانیی تاڕادەیەک لەم خەونەی نزیکبێتەوە لەڕێگەی؛

1- بەجێهێنانی پەیمانی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە لەکارنامەی کابینەکەی خاڵی بنەرەتی بوو.

2- پێکهێنانی لیژنەکەی ئەبورەفیف، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، کە لەماوەی ساڵی رابردوو کۆمەڵێک بەرپرسی گەورەی حکومی‌و ئەمنی‌و ئیستخباراتی زیندانیکرد، تەنانەت لەگەڕێکیدا بەرپرسێکی ئیستخباراتی دایە دادگا لەسەر ئەوەی کە بەجلوبەرگی سەربازیەوە قورئانی پیرۆزی خوێندوەتەوە.

3- جوڵەی دیپلۆماسی کازمی‌و سەردانی وڵاتان، هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی ئێران‌و سعودیە، زیاد لەمە باس لەوەیش دەکرێ کەهەوڵی ئەوەیداوە ڕۆڵی هەبێ لەدانوستانی ئەتۆمی نێوان ئێران‌و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەژنێف.

4- لەماوەی ساڵێک، دوو سەرۆکی ئەمریکی لەکۆشکی سپی بینی، هەفتەی پێشتریش لەتاران گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازیان لێکرد، کە ئەم کۆکردنەوانە لەبۆتەی پەیوەندیەکاندا گرنگ‌و کاریگەرن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەعێراق.

5- لەماوەی مانگێکدا ئەنجامدانی (لوتکەی بەغداد)و هاتنی ماکرۆن‌و پێشتریش پاپا بۆ عێراق، دوێنێش کۆنگرەی گەڕانەوەی پارە دزراوەکان لەدەرەوە. 

6- لەگەمەکەی سەدر کە پاشەکشەیکردو دواتر پەشیمان بویەوەو هاتەوە ناو هەڵبژاردنەکان، هیچ کەس وەک کازمی سودی لەمە نەبینی، تەنانەت خودی مقتدی لەوتاری گەڕانەوەدا تەنها بەکازمی وت سوپاست دەکەم.

7- ڕاگرتنی هاوسەنگی لەپەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان، ناردنی بڕێک پارە کە دوو سەد ملیار دینارە بەشێوەی سولفە، کە بەهیوا دەبین دوای هەڵبژاردنەکان بەردەوامبێت، لەمەیشەوە جۆرێک لەهەماهەنگی بۆ دوای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ هەرێم دروستکردوە.

هەموو ئەمانە دەربڕی ئەو حەزە شاراوانەن کەئەم پیاوە هەیەتی بۆ وەرگرتنەوەی ویلایەتی دوەم‌و لەهەندێک باردا ڕەنگە لەناوەکانی تر شیاوتربێت. 

ئەمەسەرباری ئەوەی کەهێزەکانی حەشدو وەلائیەکان لەتۆڵەدا بۆی دەگەڕێن‌و دەبێت چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو بین‌و هەموو ئەگەرێک بخوێنینەوە، تا ئەو سنورەی کە بەنەکردنی هەڵبژاردن یان بەهەڵایسانی ئاژاوە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەشەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی