هەڵبژاردنی ئایندە تەواوی ڕێگەکان لە بەردەم عێراق دا دائەخات

17/09/2021

بێوار ڕەحمان

ئەو گریمانەیە زۆر بەهێزە کە هەڵبژاردنی (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١) عێراق ئەگەیەنێت بە دژوارترین قۆناخ لەتەمەنی خۆیدا، لە زانستی سیاسەتدا مەترسیدارترین قۆناخ ئەو کاتەیە کە بۆشایی سیاسیی و ئەمنی دروست ئەبێت و تواناو بژاردەکانی دەوڵەت ئەگەنە ئاستی سفر بۆ ڕووبەڕووبونەوە.

هۆیەکی سەرەکی ئەمەش نەمانی سازان ( توافق) ە لە عێراق، زۆربەی کەس لایوایە هاتنی کازمی بەهۆی سازانی لایەنەکانەوە بوە، بەڵام لە بنچینەدا بونی کازمی بە سەرۆکوەزیران لە ئەنجامی نەسازان ( انعدام توافق) بو لە عێراق.

لەلایەکی ترەوە زۆربەی کاراکتەرە سیاسییە عێراقییەکان سەرقاڵی گەندەڵی و پرۆژەن بۆ خودی خۆیان، نەک پرۆژە بۆ پەڕاندنەوەی عێراق لە گرفتە قووڵەکان. چوار هۆکاری سەرەکی ئەبنە مایەی داڕمانی مەترسیدار لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکان:

یەکەم/ تەمەنی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی زۆر هەڵکشاوەو تەندروستی ڕێگەی پێ نادات ئەو ململانێیانەی لە نێوان حەوزەی قوم و نەجەف لە لایەک و ئەوەی لە نێوان شەقام و گەنجانی ناڕازی لەگەڵ حکومەت هەیە ئیدارەی بدات.

دووەم/ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها کشاندنەوەی زۆربەی سیستەمەکانی بەرگریی هەوایی و پاتریۆت لە ناوچەکە. تائێستا تەنانەت خودی سەرۆکوەزیرانی عێراق “ مستەفا کازمی” نازانێت لە چ ڕۆژو بەروارێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەکشێنەوە.

سێهەم/ بە پێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ زۆربەی سەرکردایەتی حکومەت و ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق هەمە، لەدوای هەڵبژاردن بەهای دیناری عێراقی زیاتر دائەبەزێت. ئەمەش وا ئەکات هەڵاوسان (التضخم) ێکی گەورە لە بازاڕدا دروست بێت و بێکاری و هەژاریی و توندوتیژیی و ناڕەزایەتییەکان ڕوو لە هەڵکشان بکەن.

چوارەم/ لەوەتەی ماڵی شیعی و ڕەوتی شیعی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا هەیە، هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناخە پەرت و پەرتەوازە نەبون، ئاڕاستەی سەدری نزیکن لە سعودییە، ئاڕاستەی فالح فەیاز لە لایەن قەتەرەوە پاڵپشت ئەکرێن، ئاڕاستەی عەبادی لە تورکیاوەو، بەهێزترین ئاڕاستەش ئاڕاستەی کەتائیب و چەندین گروپی حەشدی شەعبییە بە سەرکردایەتی هادی عامری و نوری مالیکی کە سەر بە ئێرانن. هەرچی ماڵی سوونییە، دابەشبون بۆ سەر سێ کوتلەی جیاواز و دژ بەیەک، ئاراستەی محەمەد حەلبوسی، کوتلەی هاوپەیمانی عەزمی سەر بە خەمیس خەنجەرو هەندێک لە بەعسییەکان، هەروەها ئەسیل نوجەیفی و هەندێک لە بەعسیەکان لە لایەکی ترەوە. ماڵی کوردیی، زۆر زیاتر لە ماڵی شیعی و سووننی پەرت بونە. هەرچی پەیوەندیی بە وەرگرتنەوەی پۆستەکانە چانسی حەلبوسی و کازمی و بەرهەم ساڵەح لە وەرگرتنەوە یان دانانەوەیان لە پۆستەکانیان لاوازە. ئەگەرچی خودی بەرهەم سالەح لە دەرەوەی کۆ-ڕایی کوردیی گەیشتە ئەو پۆستە. لە کۆتاییدا، من پێموایە، لەگەڵ گرنگی و گەورەیی مەرجەعییەت لە عێراقدا، ئایندەی عێراق و براوەی ئەم هەڵبژاردنە سێ لایەنی سەرەکی ئەبن، یەکەم، سەدرییەکان، دووەم، حەشدی شەعبی و سێهەمیش پارتی دیموکراتی کوردستان. بەمانایەکی تر پۆستەکان و حکومەتی ئایندە لە عێراق هەریەکە لە بارزانی و سیستانی و سەدر یەکلایی ئەکەنەوە.






ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی