صندوقی هەڵبژاردن وەك سێوەكەی ئادەم

17/09/2021

هەندرێن شێخ راغب

  لەژیاندا بە وەفاترین هاوڕێكانمان هەڵەكانمانن، كە هەرگیز بەجێمان ناهێڵ. " أ.مادلین" ستەمكار لەپێناوی وەچنگ هێنانی بەری میوەیەك ئامادەیە درەختەكە لە رەگوڕیشەوە هەڵكەنێت. "مۆنتسكیۆ" خودا لەسەر خواردنی سێوێك ئادەمی سزا نەدا! لەسەر هەڵەكەی بوو. ئادەم هەڵە نەبوو لە خواردنی سێوەكە، هەڵە بوو لە هەڵبژاردنی درەخت‌و شوێنی سێوەكە، كە خودا لەم درەختەدا قەدەغەی كردبوو ئادەم سێو بخوات. ئیدی لە باوە ئادەمەوە تاوەكو ئێستا پرسی هەڵەكردن‌و باجی هەڵەی مرۆڤ جەدەلی گەورەی ژیان‌و بیركردنەوەی مرۆڤە. هەمیشەش ئاین پێداگیری لە چاككردنەوەو رەوشتاندنی مرۆڤ كردۆتەوە، كە هەڵە نەكات هانا بۆ خودا ببا تا رێگای راستی نیشان بدات. كێمان هەیە بەردەوام ئەم پێدراوەی پێ نەدرا بێت كە رێگای راست لای خودایە. مرۆڤ بەهەڵەكانیەوە سیستەم و بەڕێوەبردن‌و چوارچێوەی ژیانی خۆی دروست كردووە، سێ هەزار ساڵە بیری مرۆڤ لە رێگای دیموكراتی‌و قسەكردن لەسەر ئازادی، خەریكی رێكخستنی هەڵەكانی‌و ژیان‌و بیركردنەوەی خۆیەتی. لە یۆنانەوە پێش زایین دیموكراسی‌و حوكمی مرۆڤ خۆی بابەتێكی گەشەسەندوو بووەو مرۆڤ بۆ ئەوەی یەكێك لە هەڵەكانی باش بكات، ئاینێكی وەرگرتوە، ئایدیاو بیروباوەڕێكی وەرگرتوە، زۆرن لەم بیروڕایانە ئەزمون كردوە وەك: سەدەكانی ناوەڕاست، رێنسانس، رۆشنگەری، مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە، عەلمانیەت، ماركسیزم، دیموكراسی، لیبڕاڵیزم، ناسیۆنالیزم....هتد، ئیدی تۆش دەتوانیت هەندێكی دیكە لەم چەمكانە زیاد بكەیت. دنیای ئەمڕۆ سەرقاڵی سیستەمێكی دیموكراتییە لە رێگای دەنگدان‌و بنكەی هەڵبژاردنەوە، لەوپەڕی راست بۆ ئەوپەڕی چەپ دێتە ناو كێبەركێی پرۆسەكە، كە هاوڵاتیانی نێو یەك چوارچێوەی دەوڵەتێك یان ناوچەیەك حوكم‌و دەسەڵات‌و نەخشەی ژیانی خۆیان دروست دەكەن. بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە تەماعی ستەمكاری‌و خواردنی سێوەكەو دەست بردن بۆ حەرامەكان نەك نەوەستاوە، بەڵكو پاشەكشەیەكی وای نەكردوە، كە هەست بە سنورداركردنی بكەین. مرۆڤی ئێمە بەدەنگی خۆی داهاتووی خۆی لە قاڵب دەدات، دەنگی خۆیەتی بۆتە زنجیرو دەستوپێی دەبەستێتەوە. ئەمە بەوە بەراورد دەكەم كە سەرەتا ئاماژەم پێكرد، سێوخواردن هەڵە نیە، شكاندنی قەدەغەكە هەڵەیە، دەنگ دانیش هەڵە نیە، جۆری دەنگدانەكەت هەڵەیە. ئەم هێزو گروپانەی بە كردەوە ستەمكارەكانی خۆیان ژیان لە خەڵك حەڕام دەكەن، كەلێنی گەورە دەخەنە نێو ریزی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگاوە، شایستەی متمانە نین، بەڵكو دەبێت وەك شكاندنی قەدەغەی سەر حەڕامكراوەكان، باجی هەڵەكانیان بدەن. دیموكراسی‌و صندوقی هەڵبژاردن قەدەغە نیە، شێوەیەكە لە شێوەكانی هەوڵی مرۆڤ بۆ ئەوەی چوارچێوەیەك بۆ هەڵە خراپەكانی دابنێت‌و خۆ رێبەری خۆی رێكبخات. بەڵام كاتێك ناعەدالەتی‌و سەروەت‌و سامان دزین‌و ساختەكاری‌و دوژمنایەتی و رق و كینە جێگای هەستە باشەكان دەگرنەوە. ئەم گروپ‌و هێزانە نەك هەر لەسەر قەدەغە شكاندنەكە دەبێت باجی هەڵەكانیان بدەن، بەڵكو وەك ئادەم لەسەر هەڵەكەی لەبەهەشت دەركرا، ئەوە پێویستە ئەوانیش لە پرۆسەكە دەربكرێن.


1








Enter

Kamal

ھەندرێن شێخ راغب





Enter

Kamal


بیرورا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی