پاش تێپه‌ڕبوونى چوارساڵ به‌سه‌رئه‌نجامندانى ڕیفراندۆم، وه‌ك ئه‌وه‌ى هیچ شتێك ڕوینه‌دابێت، به‌هه‌مان نه‌غمه‌ى ساڵانى پێشوو ڕابه‌رانى ڕیفراندۆم یادى ئه‌و ڕوداوه ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ده‌ستكه‌وتى مێژویی له‌قه‌ڵه‌میده‌ده‌ن‌و ته‌نانه‌ت وه‌ك ڕیكلامێك بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش به‌كاریده‌هێنن، ئه‌وه‌ى ئێستا به‌رپرسانى كورد‌و به‌تایبه‌تیش پارتى به‌ناوى ڕیفراندۆمه‌وه ده‌یكه‌ن شتێكى تازه‌نییه، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌یرى مێژوى خه‌باتى پارته سیاسه‌كانى گه‌لى كورد بكه‌ین هه‌ر له‌دوای نیوه‌ى سه‌ده‌ى بیسته‌وه پڕه له‌ده‌یان كاره‌ساتى مێژویی كه زۆرجاریش وێرانى‌و جینۆساید‌و كوشتارى گه‌وره‌شى لێكه‌وتۆته‌وه.
به‌شێكیان له‌ڕیزى خیانه‌تى نیشتیمانیدا بون، به‌شێكى په‌یوه‌ندى بوه له‌گه‌ڵ ڕژێمه داگیركه‌ره‌كانى كوردستان، به‌شێكى بونى ده‌یان كه‌سى فایلدار بوه كه خزمه‌تى به‌ڕژێمى به‌عس كردوه، تیایدایه‌تى كه هاوكاربون له‌تیرۆرى سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌ى پارچه‌كانى دیكه، یان گرتویانن‌و ته‌سلیم به‌ڕژێمه داگیركه‌ره‌كانیان كردۆته‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م ڕوداوانه، به‌ڵام هه‌رگیز هیچ پارتێكى سیاسی‌و هیچ یه‌ك له‌سه‌ركرده‌كانیان، ئاماده‌ى ئه‌وه نه‌بون كه داواى لێبوردن بكه‌ن، یان ڕێگه بده‌ن كه پێداچونه‌وه به‌و مێژووه پڕشه‌رمه‌زارى‌و كاره‌ساتباره‌داو به‌رده‌وام جه‌ختیان له‌وه‌كردۆته‌وه كه هه‌موو هه‌نگاوه‌كانى ئه‌وان له‌پێناو سه‌رخستنى درۆزى ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ماندا بوه‌و هه‌موو ئه‌وه‌ش كه‌ڕویداوه تاكتیكى سیاسی بوه بۆ خزمه‌ت به‌كێشه‌ى كورد.
له‌پرسی ڕیفراندۆمیشدا جارێكى تر هه‌مان سیناریۆ دوباره بوه‌وه، چونكه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه ڕیفراندۆم هیچ پلان‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كى عه‌قڵانى نه‌بوو، ته‌عبیر نه‌بوو له‌ڕایه‌كى گشتى جه‌ماوه‌ریى‌و هێزه سیاسیه‌كان، به‌ڵام هه‌رئه‌نجامدراو ئه‌نجامه‌كه‌شى كاره‌ساتێكى تراژیدى بوو، به‌تایبه‌تیش له‌ڕوه سیاسیه‌كه‌وه، چونكه به‌هه‌نگاوێكى هه‌ڵه‌و بێ به‌رنامه‌و ساده‌و ناعه‌قڵانى بۆ ده‌یان ساڵى تر خه‌ونى به‌ده‌وڵه‌تبونى له‌باربردوو، گه‌لى كوردى له‌هه‌ر چوارپارچه‌كه بێ هیواكرد له‌ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه سه‌ره‌تایه‌كى به‌شى بۆ دروستبونى ده‌وڵه‌ت، ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تیه‌كى هۆشیارو تێگه‌یشتوو له‌سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى‌و حوكمڕانى هاوچه‌رخ ڕابه‌رایه‌تى بكردایه، له‌به‌رنه‌بوونى پلانێكى ستراتیجى‌و قۆناغبه‌ندى بۆئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم، سه‌رئه‌نجام پڕۆسه‌كه ئه‌نجامێكى كاره‌ساتبارى دروستكرد، یه‌كه‌مین شتێكیش كه خستیه‌ڕوو، ئه‌وه‌بوو كه قه‌یرانى سه‌ره‌كى خه‌باتى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردى جارێكی‌تر به‌ده‌رخسته‌وه، ئه‌ویش نه‌بوونى سه‌ركردایه‌تیه‌ك بوو، كه شاره‌زایی باشى له‌سیاسه‌تى هاوچه‌رخى خه‌باتى گه‌لان هه‌بێت‌و به‌ئالیه‌ته هاوچه‌رخه‌كان هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى مافى گه‌له‌كه‌ى بدات، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌رنجى گوتار‌و لێدوانى ڕابه‌رانى ڕیفراندۆم بده‌ین، ده‌بینین هه‌مان گوتارى ڕابردووى چاره‌كى كۆتایی سه‌ده‌ى بیست بوو بۆ ده‌وڵه‌ت‌و سه‌ربه‌خۆیى‌و به‌هه‌مان تێز‌و دیدگاى مێژوویى بوو.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه له‌ئێستادا دیده‌كانى بنیاتنانى ده‌وڵه‌ت‌و حوكمڕانى هاوچه‌رخ‌و هیواو ویستى هاوڵاتیان بۆ ژیانێكى ئاسوده‌و خۆشگوزه‌رانى، گۆرانیان به‌سه‌رداهاتوه‌و به‌بۆچوونى فۆكۆیاما هاوڵاتى هاوچه‌رخ به‌شوێن خۆشگوزه‌رانیدا ده‌گه‌ڕێت، واته سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ویسته‌كانی هاوڵاتیه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵبگیرێت بۆده‌وڵه‌ت‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ش چوارچێوه‌یه‌ك بێت بۆگه‌شه‌پێدانى ئازادى مه‌ده‌نى‌و چه‌سپاندنى مافه‌كانى هاوڵاتی، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ى له26 ساڵى حوكمى یه‌كێتى‌و پارتى له‌هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامیاندابوو، هه‌مووى پێچه‌وانه‌ى ئه‌م دیده‌بوو، هه‌ر له25ى 9ى 2017 كه ڕیفراندۆمیان تیادا ئه‌نجامدا، په‌ڕله‌مانیان داخستبوو، موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیان كردبوو به‌نیوه، گه‌نده‌ڵى له‌هه‌موو بواره‌كانى سیاسی‌و كارگێڕیى‌و درایی له‌لوتكه‌دابوو، ئازادى به‌رته‌سك كرابوه‌وه، به‌شداریی سیاسی‌و هه‌ڵبژاردن ته‌نها ناوێكى بێ ناوه‌ڕۆك بوو.
به‌بێ بیركردنه‌وه له‌و دۆخه ناهه‌مواره، هاتن ڕیفراندۆمیان ئه‌نجامدا، له‌مه‌وه ده‌ركه‌وێت كه‌سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد به تایبه‌تى یه‌كێتى‌و پارتى هه‌رگیز ئه‌و گروپه سیاسیه نین كه ئه‌و ئه‌ركه مێژوییه بگرنه ئه‌ستۆو بتوانن ڕابه‌رایه‌تیه‌كى سه‌ركه‌وتوى گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن‌و به‌ره‌و به‌ده‌وڵه‌تبون‌و سه‌ربه‌خۆیی ببه‌ن، له‌به‌رئه‌وه ڕیفراندۆمیش لێره‌وه بوه ڕوداوێكى مێژویى تر كه چوه سه‌ر ئه‌و زنجیره ڕوداوه مێژوویه‌ى كه یه‌كێتى‌و پارتى به‌هاوكارى پاشكۆكانیان ئه‌نجامیانداوه‌و ئه‌میش بێجگه له‌نه‌هامه‌تى‌و په‌شیمانى هیچى تر‌ى به‌ده‌ستنه‌هێنا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی