بۆچی پەکەکە پشتیوانیی یەکێتیی دەکات؟

02/10/2021

بەرهەم لەتیف

 دەربڕینی پشتیوانیی پەکەکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانی کوردستان بەتایبەت، لای بەشێکی خەڵک نیشانەی پرسیاری لەسەرە و لای بەشێکیش بووەتە مایەی نیگەرانیی و بەشێکیش ئەم پشیوانییە بە ئەرێنیی هەڵدەسەنگێنن، لەو سۆنگەیەوە دەمەوێت لەم وتارەدا بەکورتیی تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە بۆچی پەکەکە لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانیی خۆی بۆ یەکێتیی یەکلاکردەوە. بێگومان پەکەکە حزبێکی خاوەن پرەنسیپ و مەبدەئـ و بیروباوەڕی تایبەت بەخۆیەتیی و لە سیاسەتیشدا ئەزموونی ٤٣ ساڵی ڕابردوو ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە پەکەکە بزووتنەوەیەک نییە بڕیاری بێ دیراسە و بێ هۆکار بدات، بەڵکو دەزانێت لەکوێدا چی بڕیارێک دەگرێت و بەگوێرەی هەلومەرجەکان چۆن هەنگاو دەنێت. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چ لەناوخۆی عێراق و چ لەئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتیشدا تەرکیزێکی زۆری لەسەرە، ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنە کۆمەڵێک هەلومەرجی نوێ بخوڵقێنێت، بەتایبەت لە جەمسەربەندیی هێزەکان و هەژموونگەریی هێزە ئیقلیمییەکان بۆ عێراقی داهاتوو، هەر هێزەو تموحی هەیە لە عێراقی داهاتوودا خاوەن ڕۆڵ و پشک بێت. بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو ململانێ ناوخۆیی و ئیقلیمییانەی لە عێراق هەیە، بەتایبەت هێزێکی وەک تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی تورکمانەکان و سەرخستنی پارتییەوە ڕۆڵی خۆی لە عێراقی داهاتوودا مسۆگەربکات، بەواتایەکی دیکە دەتوانین بڵێین سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا واتا سەرکەوتنی هەژموونی تورکیا و مسۆگەربوونی بەشێک لە پرۆژەکانی تورکیا لە عێراق و تەنانەت داگیرکردنی باشووری کوردستانیش. کەواتە لێرەدا دەرگا بۆ بەرەی دیکە دەکرێتەوە، پێویستە بەرەیەکی بەهێزتر هەبێت بەرامبەر بەرەی پارتی-تورکیا، چونکە سەرکەوتنی ئەو بەرەیە دوورنییە هەرێمی کوردستان تا لێواری لەناوچوون ببات، لەبەر ئەوە دەبێت بەرەی بەرامبەر کە لەواقعدا (هاوپەیمانی کوردستانە) بەهێزبێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز ڕابگیرێت. ئەکرێ لێرەدا ئەو پرسیارە لای هەندێک دروست ببێت کە جیاوازیی پارتی و هاوپەیمانی کوردستان چییە؟ ئەمەش لەڕوانگەی سیاسەتەکانی ڕابردووی گۆڕان و یەکێتییەوە کە ئەگەر خزمەتیان بە تاکڕەوێتیی پارتی نەکردبێت ئەوا زیانیشیان بۆی نەبووە، بەڵام لێرەدا گۆڕینی تاکتیک دێتە ئاراوە، هەروەک چۆن هەدەپە لە تورکیا بۆ لاوازکردنی ئاکەپە پشتیوانیی جەهەپەی کرد (کە لەڕاستیدا هەردووکیان دووڕووی دراوێکن) بەڵام هەدەپە تاکتیەکەی سەریگرت و تووانیی هەم جەهەپە بخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە هەم ئەستەنبوڵ لەدەستی ئاکەپە دەربێنێت، بەمەش ئەوەی سەلماند کە کێ دژی کورد بێت لە تورکیا شکست دەهێنێت، بۆیە لەئێستاوە لایەنە تورکییەکان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی کورد دەدەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا. لەم ڕوانگەیەوە پەکەکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت و بە هەستکردن بە مەترسییەکان و دیراسەکردنی پیلانەکان بۆ داهاتووی عێراق، دەیەوێت بەرەی خیانەت لاوازبکات کە پارتی پێشەنگایەتیی دەکات، لە بەرامبەردا یەکێتی و گۆڕان بخاتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە و بتوانن لە ئایندەدا خۆیان ڕێکبخەنەوە و دەرگا بۆ جۆرێک لە یەکڕیزیی بکەنەوە کە خزمەت بە داهاتووی کورد و پاراستنی دەستکەوتەکانی بکات لە عێراق. بێگومان دۆخی ناوخۆیی یەکێتیی و فشارەکانی تورکیا لەسەر ئەو حزبە ڕێخۆشکەربوون بۆ ئەوەی پارتی بەئارەزووی خۆی سەودا و مامەڵە تەنانەت بە سلێمانیشەوە بکات و بییەوێت سلێمانیش وەک هەولێر و دهۆک بکاتە ناوەندی پیلانگێڕییەکانی تورکیا و ئەنجامدانی تیرۆری سیاسیی و تێکدانی دۆخی ئەم شارە، تا بتوانێت ئەم سنوورەش بخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە و لەو ڕێگەیەوە پەکەکە ئابڵۆقە بدات و دەرگای ئەم دەڤەرە بۆ سوپای تورکیا بکاتەوە، بەڵام پەکەکە توانی تەونەکانی ئەو پیلانەی پووچەڵبکاتەوە و هەوڵبدات یەکێتیی بەهێزبکاتەوە، چونکە هاوسەنگیی هێز پێویستیی بە یەکێتییەکی بەهێز هەیە. ئەوەی باقییەکەی دیکە دەمێنێتەوە وردەکاریین و لێرە پێویست ناکات بچینە ناو ئەو وردەکارییەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بێڵێمەوە ئەوەیە کە پەکەکە هەرگیز ناچێتە تونێلێکەوە کە ئەوسەری لێوە دیارنەبێت، ڕەنگە لە ڕووخساردا ئەم هەڵوێستە لەم دۆخەدا لای بەشێکی قاعیدەی جەماوەریی پەکەکە بەئاسانیی هەزم نەکرێت، بەڵام پەکەکە هێڵی سیاسەت و پرەنسیپ و مەبادیئی خۆی هەیە و هەرگیز بەئاسانیی ناچێتە هەلومەرجێکەوە کە نەزانێت ئەنجامەکانی چۆن دەشکێنەوە و چی لەدوای خۆی بەرهەم دێنێت. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی