چۆن ڕێگا لەکێماسیەکانی دەنگدانی تایبەت بگیرێت

08/10/2021

هیوا سەید سەلیم

دەنگدانی تایبەت، بریتیە لەپڕۆسەی دەنگدانی پێشوەختەی بەشێک لەهێزەکانی ناوخۆو سوپاو پێشمەرگەو ئێشکگرانی نەخۆشخانەکان‌و سزادراوانی زیندانەکان هەروەها ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکان.

لەسەر ئاستی عێراق ژمارەی ئەوکەسانەی لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدەدەن، ژمارەیان لەملیۆن‌و نیوێک دەنگدەر تێدەپەڕێت، سەرجەم  ئەوانە 48 کاژمێر بەر لەدەنگدانی گشتی دەنگدەدەن.

شایانی باسە، لەزۆربەی وڵاتان سوپا بەشێک نیە لەپڕۆسەی سیاسی، تەنانەت لەهەندێک وڵات سوپا مافی دەنگدانی نییە، بەڵام لەعێراق‌و هەرێمی کوردستان پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەقۆزرێتەوە بۆ تەزویرکردن‌و یاریکردن بەئەنجامەکانی دەنگدان لەقازانجی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەنێو حزبەکانیش بۆ ئەو کاندیدانەی کە حزب دەیەوێت سەرکەوێت لەهەڵبژاردنەکان.

بەرلەوەی بێین باس لەشێوازەکانی ئەو تەزویرە بکەین کە لەخولەکانی ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی عێراق‌و هەرێم لەکاتی دەنگدانی تایبەت ئەنجامدراون، بابێین بزانین کێن ئەوانەی پشکی شێری دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە؟

هێزەکانی ناوخۆو سوپاو پێشمەرگە تائەو هەڵبژاردنەش بریتین لەئەندامانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، لەنێو کارمەندانی تەندروستیش ئەوانە لەدەنگدانی تایبەت ناویان دێتەوە کە وەک ئەوانی دیکە ئەندامی گوێ لەمستی حزبە دەسەڵاتدارەکانن، تەنانەت ئاوارەی کەمپەکانیش کراونەتە بەشێک لەو یاریە نا دیموکراسیە.

لەخولەکانی ڕابردوو چەندینجۆر تەزویر لەپڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکرا، ئومێد دەکەین لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران تۆزێک لەو تەزویرە کەمکرابێتەوە.

بۆ نمونە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردودا زۆربەی ئەوانەی لەپڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەنگیان دەدا، جارێکی دیکە لەدەنگدانی گشتی ناویان دەهاتەوە، هەروەها ڕێگریان لێنەدەکرا کە بۆ جاری دوەم دەنگبدەنەوە، بۆیە زۆربەیان دوبارەو چەندبارە دەنگیان پێدەدرا.

لێرەدا دەتوانین بڵێین لەپڕۆسەکانی هەڵبژاردنی ڕابردودا بەهیچ پێوەرێک دەنگدانی تایبەت پڕۆسەیەکی دیموکراسیانە نەبوە، چونکە دەنگدەر لەژێر فشارو چاوسورکردنەوە دەنگیداوە. بۆ ئەم مەبەستە هێزەکانی ناوخۆو پێشمەرگە ئاڕاستە دەکران دەنگ بۆ کام حزب‌و کام کاندید بدەن، کە بۆ ئەمەشیان رێوشوێنی نا دیموکراسیانە گیراوه‌تەبەر، لەوێنەگرتنی دەنگدەری تایبەت لەکاتی دەنگدان، هاوەڵیکردنی دەنگدەر لەلایەن به‌رپرسەکانیان بەبیانوی ئەوەی کەسی دەنگدەر نەخوێندەوارە.

لەیەکێک لەهەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەفسەرێک گێڕایەوە وتی:"پێیانوتم کە چویتە ژوری دەنگدان دەبێت بڵێی نەخوێندەوارم، ئەو پێشمەرگەیەی لەگەڵم دێتە ژورەوە برای منە، کەچی نە نەخوێندەوار بوم، نە ئەوکەسەش برام بوو، بگرە گومانیان لێم هەبوو کە دەنگیان پێنادەم بۆیە بەو شێوەیە دەنگیان پێدام".

دیوێکی دیکەی تەزویری ناو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بریتیە لەتەزویری ڕێکخراو، ئەویش بریتیە لەو تەزویرەی کە بەیاسایی کراوە، بەپێی یاساکانی هەڵبژاردن دەنگدەر لەدەنگدانی تایبەت بۆی هەیە دەنگ بەکاندیدی کۆتایی پێکهاتەکان بدات، ئەمەشیان دەستوەردانە لەدەنگدانی ئەو پێکهاتانەی کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن دەبێت کاندیدیان لەڕێگای کۆتاوە بگاتە پەرلەمان.

بۆ ئەوەی دەنگی کۆتاکان یاری پێبکرێت دەنگدەری دەنگدانی تایبەت ناچارو ئاڕاستە دەکرێت کە دەنگ بەتورکمانێک یان ئاشوریەکی سەر بەدەسەڵات بدات.

ئەگەرچی لەهەڵبژاردنی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوەدەکرێت کە ڕێگریکراوە لەوەی ئەوکەسانەی لەدەنگدانی تایبەت دەنگدەدەن، بۆیان نەبێت لەدەنگدانی گشتیی دوبارە دەنگبدەنەوە.

بەڵام باشترین ڕێگه‌ بۆ ڕێگریکردن لەو تەزویرەی هێزە دەسەلاتدارەکان کە لەپڕۆسەی دەنگدانی تایبەت دەیکەن بریتیە لەگرتنەبەری ڕێوشوێنی تازە لەپڕۆسەی دەنگدانی تایبەت، لەهەموارکردنەوەی ئەو بڕگەیەی پەیوەندی بەکۆتاکانەوە هەیە، چڕکردنەوەی چاودێری نێودەوڵەتی لەڕۆژی دەنگدانی تایبەت، تا دەنگدەر ئازادبێت لەدەنگدان‌و هەموو جۆرە فشارێکی لەسەر هەڵبگیرێت، تادەگاتە ئەوەی هەر یەکجاری دەنگدانی تایبەت نەمێنێت.

ئەوە نەکرێت هەمیشە دەنگدانی تایبەت دەقۆزرێتەوە بۆ یاریکردن بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن‌و دەروازەیەکیش دەبێت بۆ دزی‌و گزی لەدەنگی دەنگدەری تایبەت لەبەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی