هەڵبژاردن یان ریفراندۆم لەکوردستاندا
بایکۆتی زۆر ....دەنگی کەم ... کورسی زۆر

12/10/2021

کاوە نادر قادر

 

لەهەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ئەوساڵ بۆ بەرلەمانی عێراق، کە کوردستانیشی گرتەوە، بایکۆتی خەڵک یەکجار زۆر بووە ، بەپێی زۆر لەلێدوانەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەشداریکردنی خەڵک ٤٤٪، بەڵام بەپێی هەموو هێماکان، بەشداری بوونەکە،  لەخوار ٣٠٪ دایە، لەگەڵ ئەوەش ژمارەی کورسییەکانی کورد کەمی نەکردوە لەبەغدا و ژمارەی کورسییەکانی پارتی ٧ دانە و نەوەی نوێ ٤ کورسی، زیادی کردوە، یەکێتیش ٣ دانەی لەدەست داوە ، گۆڕانیش هیچی بەدەست نەهێناوە، بە کۆی زیادو کەمیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ:
_ دەنگدانی ئەو جارە ریفراندۆمێکیش بووە لەپاڵ  هەڵبژاردندا.               
_ بایکۆتی خەڵک و نەچوونیان بۆسەر سەندوقی دەنگدان ،ئیهمالی و هەست نەکردن بەلێپرسراوەتی لەدەنگدان نییە بە تەنیا ، بەڵکوو  ناڕازیی  نیشاندانە بە دەسەڵاتدارانی کوردستان.
ئەگەر بەشدار بووەکان بە ٣٥٪ دابنێنین کە گومان نییە لەوە کەمتر، هەندێک ١٩_٢٤٪ دادەنێن!!؟، لەگەڵ ئەوەش بایکۆتکردنی ٦٥٪ خەڵک لەو هەڵبژاردنە ، ئەوە دەگەیەنێ بەلانی کەم ئەو دەسەڵاتەی کوردستان چەندە گۆشەگیر بووە لە خەڵک و ئەو سەپرایزانەی رویانداوە کە هەندێک بەسەرکەوتن بۆ خۆیانی لێک دەدەنەوە پێویستە ئەو راستیانە بزانن:
_  زەرفێکی دیاریکراوی ناڕازیبوونی خەڵک لە حزب و دەسەڵات دروستی کرد بۆیان،  نەک حەجمی لاینگیری و دەنگدەرانی ئەو حزبانە، خەڵکی ناڕازیبووی گۆڕان و یەکێتی دەنگیان دا بە نەوەی نوێ هەر ئەوجارەو دوا جاریشییانە دەنگی پێ دەدەن، بۆیە کێرڤیان بەسەرکەوت و پارتیش بەسەوداکاری لەگەڵ ئەو حزب و ئەو ...، ئەو رێژەیە نسبیەی بۆ دەرکەوت کە لە زاهیردا بەسەرکەوتنی دەزانێ ، بەڵام لە حساباتدا ، دەنگی بەرێژەی ٣٠٤ هەزار کەمی کردوە لەگەڵ هەڵبژارنەکانی رابردوودا.
  _ مادام پارتی و یەکێتی بەهەمان عەقلیەتی جاران ئێش ومامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن ، تەنیا گۆڕانی دەم وچاوەکانی  لێدەکەوێتەوەو دەنا هەر هەمان ربەیە دەوری پێ دەکاتەوە. 
ئەوەی زیاتر بەرچاو دەکەوێ لەق بوونی سەنگی پارتییە لە بادینان و هێلی سۆر بەزاندنیەتی ، کە نزیکەی ٤٣٪ دەنگ و دوو کورسییەکانی ئەو پارێزگایەی ، کەمی کردوە ، پەیامە بۆ پارتی، کەسێکی وەک جەمال کۆچەری یەکگرتوو،  لەسەروی ٤٥ هەزار دەنگ لەبازنەی دووی دهۆک بهێنێ ، کەسێکی وەک خەسرۆ گۆرانی لەبازنەی دووی دهۆکی  پێ دەرنەچێ و ڤیان سەبری بە کۆتا بۆ هەڵبژێردرێ !!؟.
بەکورتی ئەو هەڵبژاردنە پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی زۆری دەوێ لەسەرکەوتوو بن کەوتووان، ئەگەر واقعیانە لێکی نەدەنەوەو وەک خۆی هەڵی نەسەنگێنن ، بە ژمارەی کورسییەکان هەڵخەڵەتێن ، ئەوا چۆن گۆڕان گرنگی بە کەمکردنەوەی جارانی خۆی نەهێنا و شکستی هێنا ئەو دەردەیە ئەوانیش دەگرێتەوە .  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی