مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لەنێوان ژاپۆن و عیراقدا

07/01/2022

سۆزان حەمەتاتە


ھێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1957ەوە لە ژاپۆن جێگێرکراون، ژمارەیان نزیکەی 55 ھەزار سەربازن و لەسەر داوای ژاپۆن رێککەوتنی مانەوەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە درێژ دەکرێتەوە، خەرجی مانەوەیان لەسەر ئەستۆی ژاپۆنە و بڕەکەی ساڵانە بریتییە لە ملیارێک و 820 ملیۆن دۆلار کە ئەوەش گووژمەیەکی زۆرە و ئەرکی مادی زۆر لەسەر شانی ئەمەریکا لادەبات.

ژاپۆن، وڵاتێکی بەھێز و پێشکەوتووە، خاوەن ئابوورییەکی گەورەیە، سوپایەکی بەھێزیشی ھەیە و دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، بیرەوەریی باشیشی لەگەڵ ئەمەریکا نییە بەھۆی ئەوەی کارەساتی بۆمبارانکردنی ھێرۆشیما و ناکازاکییەوە، کەچی بۆ پاراستنی زیاتری وڵاتەکەی لە مەترسییەکانی فراوانخوازیی چین و کۆریای باکوورەوە، شەرعیەت دەداتە مانەوەی ھێزێکی بیانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوەی خەرجییەکی زۆریشی دەکەوێتە سەر.

ژاپۆن، دۆخی سیاسی، ئابووری، ئاسایشی سەقامگیرە، لە ریزی ھەرە پێشکەوتووترین وڵاتانی جیھانە، خاوەن بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆیەتی، ھەم ئیمپراتۆری ھەیە و ھەم لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە چوار ساڵێک جارێک دەسەڵات ئاڵوگۆڕ دەکات، یاسا سەروەرە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە، ھێشتا پێشوازی و داوای مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا دەکات.

زۆرینەی ئەوانەی ژاپۆن ھەیەتی، عیراق نییەتی، رەنگە ھەر نەشبێتە خاوەنی، لە ھەمووی خراپتریش کە نییەتی بڕیاری سیاسی سەربەخۆیە، ھەر بۆیە لەژێر کاریگەریی سیاسەتی شیعەکان و ئێراندا بە یاسا ھێزەکانی ئەمەریکای لە عیراق کردە دەرەوە. 

لە عیراق ھێشتا مەترسی داعش ھەیە، میلیشیا زۆرە و سوپای نیشتمانی بوونی نییە، ئەمەریکا دەتوانێ بە کون فەیەکونێک ئابوورییەکی سفر بکاتەوە، دیموکراتییەکەی لەرزۆکە و مەرجەعیەت لە یاسا کاریگەرترە، کەچی چونکە خاوەن بڕیاری سیاسی خۆی نییە، ھێزەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەی دەکاتە دەرەوە و مەترسییەکانی لەبەرچاو ناگرێ.

بەراوردکردنی ئەو دوو نموونەیە روونیدەکاتەوە بوونی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دڵسۆزی بۆ خاک و نەتەوە و سەرکردەی دڵسۆز، چۆن وڵات پێشدەخات و ئەگەر نەشبێ چۆن وڵات وێران دەکات، رووندەبێتەوە جیاوازییەکان چۆن دەبنە ھۆی پێشکەوتن یان دواکەوتنی وڵات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی