کورت‌و پوخت

16/01/2022

ھاوژین غەریب

من هەرگیز پشتیوانی سیاسەتکردنی بەرهەم ساڵح نەبووم، لەڕووداوەکانی ماوەی ڕابردووی ناو یەکێتیش هەمیشە خۆم پاراستووەو هیچ قسەیەکم لەسەریان نەکرد.

بەباوەڕی من یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شەڕی شکاندنی ئیرادەی لەگەڵ دەکرێت ئەگەر بەرهەم ساڵح لەکاندیدبونی بگۆڕێت بەهەر یەکێک لەسەرکردەکانی دیکەی یەکێتی‌و پۆستەکەش وەربگرن، ئەوە بەدڵنیایی یەکێتی دۆڕاوە، چونکە مەرجی قبوڵکردووە.

بافڵ تاڵەبانی تائێستا کە ملی نەداوە بۆ داواکاری کاک مەسعود بارزانی توانیویەتی ستراتیژی خۆی وەک حزب بپارێزێت، پێموایە سوربوونی لەسەر نەکشانەوەی بەرهەم ساڵح کارە دروستەکەیە کە بۆ حزبەکەی دەکات لەسەرەتاو دواتریش بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر بافڵ تاڵەبانی بەرهەم ساڵح کاندید بکات‌و دەریش نەچێت، ئەوکاتە هەر سەرکەوتووبووە، چونکە ئیرادەی نەشکاوە، پارتیش لەوە بەدوا ناچاردەبێت بۆ لەوەدوا یەکێتی وەک هێزێکی خاوەن بڕیار ببینێت نەک وەک هێزێک کە هەموو شتێکی لەسەر قەبوڵ دەکرێت.

بۆیە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەیشی لەدەرەوەی یەکێتی‌و پارتی لەبەغدادن پێویستە پشتیوانی بەرهەم ساڵح بکەن، چونکە بابەتەکە شەڕی ئیرادەیە کە لەبەرامبەر یەکێتیدا لەدژی هەموو نەیارو ناکۆکەکانی پارتی دەکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی