زانستێك زانستەو بڕوانامەیەکیش زانستییەو پلەی زانستیش دەبەخشرێتە یەکێك کە لەچوارچێوەی زانستدا، جێ بکرێنەوە، زانست پێناسەو پێوەری خۆی هەیە، کەواته بابەتی نازانستی خوێندنن یاخود وەرگرتنی زانیاریین یان شارەزایی پەیداکردنە لەبوارێکدا بەبێئەوەی تۆ ڕۆڵێکت تێداهەبێت، هەربۆیە پێدانی پلە زانستییەکانی وەکو (دبلۆم، بەکەلۆرۆس، ماستەر، دکتۆراو پڕۆفیسۆر...هتد)یش لەبوارێکی نازانستیدا کەوتنە نێو هەمان هەڵەی ناسندنی ئەو بوارەیە بەزانست، بۆیە باشتروایە لەبری ئەم پلە زانستییانە ناونیشانێکی گونجاوی دیکە بۆ شارەزایانی بوارە نازانستییەکان بدۆزرێتەوە، وەکو ئەوەی لەپلەبەندی مەلایەتی جاراندا هەبوو، هەر لەفەقێوە تا مەلای دوانزە عیلم، بۆیە ناکرێت تۆ بەکەسێک بڵێی پڕۆفیسۆر یان دکتۆر کە هەر هەمان عیلمو حیلمی مەلایەکت پێ بفرۆشنەوە.
لەبەرئەوەی ئەمانە ناتوانن پەرە بەو بوارە بدەنو بیگۆڕنو ڕەخنەی بکەن، کەواته ئەمانە زانا نین، بەڵکو گەیهنەری بابەتێکی ژیانین، لێدەرەوەی هەمان قەوانی کۆنن بەبێئەوەی ڕێگەی گۆڕینو چاکسازییان تێدا پێدرابێت، بۆیە ئەمانە بەدوای هەڵەو پەڵەی ئەو بوارەدا ناگەڕێنو دەبێت جوانکاریشی بۆ بکەن، چونکە ئەوان مرۆڤ بەبەری ئاییندا دەدرون نەک ئایین بەئەندازەی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا، لێرەشەوە وردە وردە ئەبن بەسەپێنەر.
پناسەی زانست بەپێی (ئینسایكۆپلیدیا گەورەی نەرویجی Store norske leksjon)، بریتییە لە"گەڕانو لێکۆڵینەوەیەکی ڕێبازییو ڕێکخراوو ڕەخنەگرانە، جا خوێندنەوە بێت یان لێکۆڵینەوە، بۆ نمونە بەشتانێك ئەوترێ زانست، کە ئەگەر پێ بەپێی پێوەرە دیاریکراوەکانی لێکۆڵینەوەیەکی باش، بڕوات بەڕێوە...زانست داوای سەلماندنو بیانوو هێنانەوەی تەواوەتیمان لێ ئەکات، سەبارەت بەو شتانەی کە ئەیخەینەڕوو، وشەی زانستیش بەکاردەهێنرێت لەبواری خودی چالاکیی لێکۆڵینەوەکەو ئەو بەرئەنجامانەش کە بەڕێبازیی بەدەستهاتون".
لەسەر تیشکی ئەو پێناسە گشتگیرەی زانست، ئەوا زانستە تاقیگەییەکانی وەکو فیزیاو دەروونناسیو زانستە فەرمیو لۆژیکییەکانی وەکو ماتماتیكو زانستە سروشتیو کۆمەڵایەتیو مرۆڤایەتییەکانیش دەچنە ژێر ڕکێفو ناو چوارچێوەی زانستەوە.
گەر بێمە سەر کرۆکی باسەکەم، بە چەند پرسیارێک دەستپێدەکەم، ئاخۆ کام جۆر لەئایینناسی بەزانست ئەژمارئەکرێنو دان بەکام پلەی زانستی هەڵگرانی بڕوانامەکانیان بنێین؟ ئاخۆ ئەم هەموو بانگخوازە ئایینییانەی کە یوتوبەرو بلۆگەرو فیسبووکەوانو مامۆستای زانکۆ پێکئەهێننو بەدەیان پلەی زانستی وەکو مامۆستاو دکتۆرو پڕۆفیسۆریان لەپێش ناوەکانیان ڕیزکردووە، لەسەر چ ڕشتەو تێزو بەچ پێوەرێكو بۆ کام زانستو لەکام زانکۆ بەخشراون؟
ئەگەر ڕۆژێک ئەم باسو خواسە ساغنەکرێنەوە، ئەوا گرفتی زۆر گەورە چاوەڕوانمان ئەکات، یەکێک لەوانەش ناونیشانگەلێکی زۆرو زەوەندی زانستیی قەبەی بەتاڵی پڕ موچەو داهات کە لە لایەن بەناو زانکۆی ئایینی دواکەوتوترین وڵاتانێکەوە بەخشراون، وەکو سودان بەنمونە، بوون بەهەڵگری بڕوانامەی قەبە بۆ هەمان زانیاریو بابەتی دووبارە، کە فەقێو مەلایەکیش ئەتوانن بەم ئەرکە هەستن، بەبێ بەکارهێنانی ئەو هەموو توانا مادیو مەعنەوییە.
من دوو نموونە ئەخەمەڕوو کە ئەکرێ خوێنەر بەراوردیان بکاتو بڕیاریان لەسەربدات:
بۆ نمونە لەوڵاتانی ئەوروپا لەسەدان زانکۆ کۆلێژ هەیە لەژێر ناوی جیاجیا، بەڵام بەگشتی بابەتی ئایینناسی یان زانستی لاهوت یاخود خوداناسی بابەتی خوێندنیانە، کۆلێژی تایبەتیش هەیە بەکریستیان ناسی، لە هەموو ئەم کۆلێژانە کە بەگشتی 3 بۆ 4 ساڵ خوێندنە، دواجار پلەی بەکەلۆریۆست دەدرێتێ لەخوداناسی یان ئایینناسی، لەم بەشانەدا هەموو ئایینەکان بەبێ جیاوازیو ژیانی پەیامبەرانو فەلسەفە بەگشتیو فەلسەفەی پشتی ئایینو پەیوەندی ئایین لەگەڵ کۆمەڵگاو سیاسەتو یاسا ئەخوێنرێ، لێرە وەسفی ئایین ناکرێ، بەڵکو ئایین لەپیرۆزی جیائەکرێتەوەو ئەخرێتە بەرباسو لێکۆڵینەوە. لێرە ئایین مادەیەکە بۆ لێکۆڵینەوەو شیتەڵکردن، نەک بۆ خوێندنەوەو لەبەرکردن. لێرە ڕەنگە بەباوەڕێکی کوێرو توندەوە بێیتە ژوورەوەو بەبێ باوەڕیو کراوەو تێگەیشتنێکی نوێوە بچیتە دەرەوە. لێرە ڕەنگە وا بچیتە ژورەوە یەک باوەڕ ببینیو بناسیو ڕێز لێبگری، بەڵام کاتێ بێیتە دەرەوە هەموو باوەڕەکان وەکو یەک ببینیو ڕێزیان لێبگریت. خۆ ئەگەر مرۆڤ بیەوێ تەنها ببێ بەقەشەی کەنیسە ئەوا کریستیان ناسیو کاروباری کەنیسە ئەخوێنێ، ئەویش بەچاویلکەی گومانو ڕەخنەوە نەک بەسۆزی باوەڕەوە، لێرە کاری قەشەو کەنیسەکاری هێندەی بووە بەپیشە لەباوەڕ ترازاوە. لێرە قەشە دەرچوەکانی کۆلێژە ئایینییەکان فەرمانبەری ئایینین زیاتر لەوەی پیاوی ئایینی بن. لەم زانکۆیانە ئایین زانستە، چونکە دەرچووانی بەبیروباوەڕو جیاوازی بیرکردنەوەی زۆرەوە دەردەچن بەگشتی دەبن بەئایینناس نەک باوەڕدار.
لەوڵاتانی موسوڵمان یاخود زۆرینە موسوڵمان، بوار دراوە، یەکجۆر ئایینپەروەری نەک ئایین ناسی، بخزێنرێتە نێو زانکۆو پەیمانگان، کە ئەویش خوێندنی ئیسلامییە. لەوێ ئایین حەقیقەتەو دەقەکانی پیرۆزەو دەستکاری ناکرێن. هەموو ئەوانەی دەقەکانیان کۆکردۆتەوەو نووسیوەتەوە باوەڕپێکراونو خوێندکار مافی ڕەخنەگرتنی لەهیچ کام لەمانە نییە. لەوێ خوێندکار هاتووە باوەڕدار بکرێ نەک گوماناوی بکرێت. لەوێ بانگخوازی ئایینیو هەندێكجار تونڕەوی ئایینیش، پێدەگەیهنرێ نەک ئایینناسی خاوەن یەک دیدگا بۆ کۆی بیرۆکەی ئایینو ئایینەکان.
ماوەتەوە پرسیار لەم نووسینو بەراوردکارییە بەکراوەیی جێبهێڵم بۆ خوێنەر، کە ئاخۆ کام خوێندنەی ئایینناسی زانستەو کام دەرچووەی کام زانستگایە زانایەو شایەنی هەڵگرتنی پلەی زانستییە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی