عێراق.. واقیع پێش ڕەشبینی

19/01/2022

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تاکی عێراقی‌و (تەنانەت کوردستانیش) لەنێوان خوێندنەوەی واقیعی دۆخی عێراق‌و ڕەشبینیدا لەئاست دۆخەکە، تاکو ئەندازەیەکی زۆر تووشی قورسی لێکجیاکردنەوەو تێکەڵکردن بوونەتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەعێراق دەبینرێت‌و قسەی لەسەردەکرێت‌و واوەیلامانە لەدەستی، ڕەشبینی نییە، بەڵکو واقیعبوونە.

بۆئەوەی تێگەشتنمان هەبێت لەم دوو چەمکە دەبێت بڵێین: واقیعی دۆخی عێراق هەمیشەییە بەڵکو ڕەشبینی حاڵەتێکی بەردەوام و هەمیشەیی نییە، واقیعبوون شتێکی ڕاست و بینراوی نێو کۆمەڵگەی عیراقە بەڵام ڕەشبینی بارودۆخێکە دەکرێت تێبپەڕێنرێ و بگۆڕدرێت بۆ گەشبینی و هیوا، لەم کۆمەڵگە عیراقییەدا ئەوەی ڕەشبینی بەرهەمدێنێت واقیعییەتەکەی عیراقە، نەک ڕەشبینی واقیعەکەی بەرهەم هێنابێت.

ئەم واقیعەی کە کۆمەڵگەی عیراقی هەیەتی واقیعیبوونێکی مێژووییە، بەدرێژایی مێژووی عیراق بوونی هەبووە و بەئەندازەیەک درێژبووەتەوە بەناو مێژووی عیراقدا، دواجار ڕەشبینی بەرهەمهێناوە، ئەم واقیعەش نەک بۆ لایەنێک سەپێنراو بێت و بۆ لایەنێکی دیکە بوونی نەبێت، واقیعیەتی دۆخی کۆمەڵگەی عیراقی واقیعیەتێکە کە هەموو پێکهاتە و مەزهەب و لایەنێک ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن و واقیعێکی تاڵە کە ئەم کۆمەڵگایە بەکەڵکی ژیانکردن نەماوە و چاکبوونیشی مرۆڤ تووشی ڕەشبینی دەکات.

ئەو نەوەیەی لە ڕابردوودا هەڵگری خەونێکی تازەبوون، لە ئەوروپا دەژیان و لە دوای ساڵی 2003وە گەڕانەوە عیراق و ناویان ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی بوون، نەیانتوانی واقیعی پڕ قەیران و کێشە مەزهەبی و نەتەوەیی و ئەمنی و ....هتدەکەی عیراق بگۆڕن بۆ دۆخێکی نوێی شایستە بە ژیانی هاوڵاتیانی عیراق، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکار و پاڵنەرانەی وایکردووە ڕەشبینی بەدوای خۆیدا بهێنێت. دەرکەوت ئەو نەوەیەی لە ئەوروپا بوون، ئۆپۆزیسیۆن نەبوون بە کۆی واقیعە تاڵەکەی عیراق، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆن بوون بەدەسەڵات و هەموو خەونیان گەشتن بوو بەدەسەڵات.

کورد، سەرەڕای ئەوەی بەدرێژایی مێژوو تووشی هەڵبەز و دابەزی گەورە و تاقەتپروکێن بووەتەوە لە عیراقدا، بەڵام لەبەرئەوەی لەلایەک دەرفەتەکانی نەقۆستووەتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بەجوانی دۆخی عیراقی نەخوێندووەتەوە، هێشتا بەهوتاف و خەونی عیراقێکی نوێ و دەسەڵات و سیستمێکی نوێوە بەشداری لە حکومەت و دەسەڵات و حکومڕانی عیراقدا دەکات، بەڵام واقیعی عیراق و حکومڕانی لە عیراقدا لەبەرئەوەی کۆتوبەندکراوی مێژووە، بەهیچ داوا و دیدێکی کوردانە ناگۆڕدرێت و لەواقیعی خۆی لانادات، لەدوای تێپەڕینی نۆزدە ساڵیش بەسەر ویستی کوردیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت و سیستم و عیراقێکی نوێ، دواجار واقیعەکە بۆ کوردیش مایەی ڕەشبینییە.

خراپترین نەخۆشییەک بۆ هەر کۆمەڵگەیەک ئەوەیە، هەست بە پاشەکشێی کۆمەڵگە بکرێت نەک پێشکەوتن و نوێبوونەوە، ئەم کۆمەڵگە عیراقییەش لەسایەی ئەو واقیعە تاڵەیدا کە هەیەتی ئەوەندەی هەست بە پاشەکشێ و چوونەوە ناوخۆ دەکات، هێندە لە چەقی خۆی دوورنەکەوتووەتەوە و واقیعە مێژووییەکەی خۆیی تێنەپەڕاندووە، خولانەوەی کۆمەڵگەش لەبازنەیەکی مێژووییدا، دواجار ڕەشبینی گشتی و کۆی، بەرهەمهێناوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی