لینین -ی عاشق

21/01/2022

کاوە محەمەد


(٩٨) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە (٢١ ی یەنایەری ١٩٢٤) فلادیمیێر ئیلیچ لینین سەرکردەی شۆڕشی بەلشەفی و دامەزرێنەری یەکێتیی سۆڤیەت کۆچی دواییکرد..کەسێتیی باو و ناسراوی (لینین) بریتیە لەسەرکردەیەک کە بە شێوازێکی دیکتاتۆریانە حزبی بەلشەفیک و دواتریش دەوڵەتی بەڕێوەبردووە و بەرپرس بووە لەکوشتنی هەزاران کەس و لەگەڵ (ترۆتسکی)ی هاوڕێی دەوڵەتی پۆلیسی و تۆتالیتاری سۆڤیەتیان دامەزراندووە.
بەڵام لەم کتێبەدا (ریتانا ئەرمینی) باس لەرووەکەی تری (لینین) دەکات وەک پیاوێکی عاشق و رۆمانسی کە پەیوەندییەکی نهێنیی لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی لەحزب هەبووە بەناوی (ئینیسا ئەرماند). یەکەم یەکترناسینی ئەو دوو عاشقە لەئێوارەیەکی ساڵی (١٩٠٩)دا و لەقاوەخانەیەکی شاری (پاریس)دا دەبێت، سەرەتا و لەیەکەم یەکتردواندنیاندا بۆیان دەردەکەوێت کە هەردووکیان حەز بە خوێندنەوەی نووسینەکانی (نیکۆلای شیرنیشفسکی) دەکەن، دیارە پێشتریش (ئینیسا) کتێبی (گەشەکردنی سەرمایەداریی لەروسیا)ی لینین-ی خوێندۆتەوە و پێی سەرسام بووە و قەت لەو باوەڕەدا نەبووە رۆژێک بێت و لەگەڵ ئەو نووسەر و سەرکردە کاریزمیە عاشقی یەکتربن.  
وەک لەبەڵگە و گێڕانەوەکان دەردەکەوێت؛ (نادیا کروبسکایا )ی هاوسەری (لینین)یش بەو پەیوەندییەی زانیوە، بەڵام وای نەکردووە کە پەیوەندییە هاوڕێیانەکەی لەگەڵ (ئینیسا) تێکبچێت. ساڵانێکی زۆر بەڵگە و
نامەکانی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت-ەوە شاردرانەوە، نەوەکا ببن بە هۆکاری لەکەدارکردنی کەسێتیی (لینین)ی رەمز و سەرکردەیان، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و هەڵگرتنی نهێنیسازی لەسەر ئەرشیفی حزبی شیوعی سۆڤیەتی،  ئیتر زۆر لەنهێنییەکانی کەسایەتیەکانی شۆڕش و حزب ئاشکرادەبن..
نموونەیەک کە ئەو پەیوەندییە سۆزدارییە قووڵەی نێوان (لینین) و (ئینیسا) دەسەلمێنێت و لەو ئەرشیفەدا دۆزراوەتەوە کە لەناو قوتوێکدا هەڵگیرابوو، نامەیەکی (ئینیسا)یە کە لە (پاریس)ەوە بۆ (لینین)ی نووسیوە، لێرەدا تەنها ئەم پەرەگرافەی دەخەمەڕوو؛

" بە گەڕانەوەم بۆ جێژوانەکانمان لەم شارە، بۆم دەرکەوت کە تۆ پێشتر و تا ئێستاش چەندە گرنگیت لەژیانمدا، هەر شتێکم دەکرد لەپاریس، پەیوەندیی بە تۆ و ئەو بیرۆکانەوەم هەبوو کە تەنها لەدەوری کەسێتیی تۆدا دەخولانەوە..بێگومان ئەوکات بە ئاستی ئێستا خۆشمنەدەویستی، بەڵام دیارە من لەرۆژانی سەرەتای یەکترناسینماندا کەوتمە داوی ئەوینی تۆوە..ئازیزەکەم..چی لەبارەی ماچەکانت بڵێم، ئاخۆ دەتوانم وەک پێشتر دەستبەرداریان بم ؟.بەڵێ دەتوانم، چونکە گەورەترین ئومێدم ئەوەیە کە بتبینم و لەگەڵت دانیشم و بەیەکەوە قسەبکەین و هیچیتر..ئای ئەگەر ئەم ئومێدەم دەهاتەدی، زۆر دڵشاد دەبووم و پێشموانیە کە ئەمەش هەستی هیچ کەسێک بریندار بکات.."

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە