فیتوی خۆم دەناسمەوە !

23/01/2022

عەبدوڵا ساڵح

لە ناوەاڕاستی شەستەکان سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، پیاوێکی بێوەی و ڕوحسوک و خۆشەویست هەبوو لە شاری قەڵادزێ بەناوی ( خدر حەیران ) ، کوڕو کاڵی شار هەر بەخۆشەویستی فیتویان – فیکەیان - بۆ لێدەدا تاکو توڕەی بکەن و ئەویش هەندێک قسە، یا جار جار، جنێویشیان پێبدا. کاتێک بەناو بازاڕدا هاتبا ، کە ئەوکات لەقەڵادزێ یەک ڕاستە بازاڕ هەبوو ، لەدوورەوە مام خدر گوێی لەهەر فیکەیەک بایە جنێوی دەدا ، خەڵکی دەچونە لای پێیان دە گووت: مام خدر بۆ جنێو دەدەی خۆ ئەو فیتوە بۆتۆ نەبووە ! لەوەڵامدا، دوای جنێوێک، دەیگوت : کاکە ئەمن فیتوێ خۆ دەناسمەوە باریک و درێژە ! لەنێو خەڵکی کوردزماندا ئیدیۆمێک هەیە دەڵێ : ( دار بەرز کەوە سەگی دز دیارە )! بەر لەچونە ناو باسەکە پێویستە بڵێم بەلای منەوە هەموو گیان لەبەرێک ( مرۆڤ، ئاژەڵ ، ڕوەک ) جێگای ڕێزە و مەبەست لەم کورتە باسە بێڕێزی نیە بەکەس. ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ – ١ – ٢٠٢٢ لە سایتی ( BBC عەرەبی ) هەواڵێکم بەرچاوکەوت دەڵێ : ڕۆژنامەنوسی ناسراوی تورکیا – سیداف کاباس – دەستگیر کراوە وبڕیارە بدرێتە دادگا و ڕەنگە لە ساڵێکەوە بۆ چوار ساڵ زیندانی بکرێ ! "تاوانی " ئەو ڕۆژنامە نوسە ئەوەیە لەبەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لەیەکێک لەو تەلفزیۆنانەی سەر بە ئۆپۆزۆسیۆنن – تیلی ١ - پەندێکی باوی نێو زمانی تورکی لە قسەکانیدا هێناوەتەوە کە دەڵێ : ( ئەوکەسەی دەبێتە حاکم ، ژیری و دانایی زیاتر دەبێ ، بەڵام ئێمە دەبینین ئەوە ڕاست نیە) . دواتر هەمان ڕۆژنامە نووس لە توێتێکدا دەڵێ : ( گا نابێتە پاشا هەر ئەوەندەی چوە کۆشکەوە ، بەڵام کۆشکەکە دەبێتە تەویلە ) . دوای ئەم دەربڕینانەی ئەو ڕۆژنامە نووسە، ( فەخرەدین ئاڵتن ) گەورە قسەکەر بەناوی ئەردۆغانەوە لەتوتێکدا دەڵێ : (کەسایەتیەک کە بەڕۆژنامەنووس ناودەبرێ بێپەردە سوکایەتی بە سەرۆکمان دەکا لەسەر تەلەفزیۆن و ئامانجی لەو کارە تەنیا بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەیە). هەر لەوبارەوە سەرنوسەری تەلەفزیۆنی – تیلی ١ – ( میردان یانارداغ ) ڕەخنە لەدەستگیرکردنی سیداف کاباس دەگرێ و دەڵێ : دەستگیرکردنی کاباس لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بەهۆی ئەوەی پەندێکی باوی لەقسەکانیدا هێناوەتەوە، جێگای ڕەزامەندی نیەو هەوڵێکە بۆ ترساندنی ڕۆژنامە نووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەروەها کۆمەڵگاش . پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ئەوە چ دەسەڵاتدارێکە بە ڕستەیەک بێتە لەرزە و توانای ڕەخنەیکی نەبێ کە لەچوار چێوەی پەندێکی باودا هاتبێتەوە !!یاخود ئەویش وەک مام خدر فیکەی خۆی دەناسێتەوە ! شایانی باسە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا سی ویەک هەزار کەس بەهەمان تۆمەت لەتورکیا، وەک هەواڵگری رۆیتەرز باسی دەکا ، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە . ٢٣ – ١ ٢٠٢٢

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی