شكاندنی زیندانی حەسەكەو گەمارۆی ئابوری هەرێم لەسەر ڕۆژاڤا تەواوكەری یەكترن

24/01/2022

د.محەمەد كیانی

داخستنی سنوری هەرێم بەسەر ڕۆژاڤادا، لەمكاتەدا، بەڕونی دەردەكەوێ بەشێكبوە لەپیلانی شكاندنی زیندانی حەسەكە لەلایەن داعشەوە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی توركیا.

ئەگەر شكاندنی زیندانی حەسەكە سەریبگرتبا هێرشدەكرایه‌سەر زیندانی هۆڵیش، ئامانجی توركیا لەو هەوڵانەی زیندوكردنەوەی داعشە لەڕۆژاڤاو لەعێراق.

بێگومان، هێرشكردنەسەر شەنگال لەهەمانكاتداو بێدەنگی حوكمەتی عێراق لەو هێرشە بەردەوامانەی توركیا ئاماژەیە لەبونی پیلانێكی نێودەوڵەتی چەند ڕەهەند بەبەشداری توركیاو ئیمارات‌و حوكمەتی زۆرینەی داهاتوی عێراق، ئەگەر دروستبێت، لەپاش پێكهێنانی ححكومه‌تى (سەدر - بارزانی - سونە) بەپشتگیریی توركیاو ئیمارات‌و قەتەر گێژاوێكی تری شەڕو پێكدادانی چڕ دەستپێدەكات لەعێراق‌و سوریا، بەدیاریكراوی لەڕۆژاڤا، ئەگەر بمێنێتەوە، كازمی سیاسەتی دژی شەنگال‌و ڕۆژئاڤا دەگرێتەبەرو یارمەتیدەری توركیا دەبێت لەجێبەجێكردنی پیلانگێڕیەكانی دژی كورد لەباشورو ڕۆژاڤاو باكور.

توركیا بەدورخستنەوەی مالیكی لەپێكهاتەی حكومەتی دادێی عێراق ڕێگای بۆ تەختدەبێت زیاتر هەژمونی لەعێراق زیاتر ببێ‌و دەستكەوتی سیاسی‌و ئابوری زیاتر ببێت، پشكی باشی هەبێت لەوەبەرهەمهێنان لەبەندەری فاو.

لەهەمانكاتدا، شەڕی ناوخۆی شیعە - شیعە هەڵدەگیرسێ بەسپۆنسەری ئێران. سەدر بەپێكهێنانی حوكمەتی زۆرینە لەعێراق، تەنها چاوی لەوەنییە ببێتە باوكی ڕوحی شیعەی عێراق، بەڵكو دەیەوێ ململانێی قوم‌و تاران بكات لەسەر بەدەستهێنانی مەرجەعیەتی شیعە بۆ نەجەف، بەدیاریكراوی بۆ خۆیی‌و بنەماڵەی سەدرو لەڕێگەشیەوە دەستەبەركردنی سەركردایەتی سیاسی زۆرینەی شیعەی جیهانی غەیرە فارس. كەرتكردنی مەرجەعیەتی شیعەو پەرتەوازەیی سیاسی پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە ڕەواجێكی زۆرەو پشتگیری دەوڵەتیشی دەبێت، بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواو ئیسرائیل، جگە لەتوركیاو ئیمارات‌و سعودیە. ئەگەر بتوانێ حوكمەتی زۆرینە بەسەرۆكایەتی كازمی پێكبێنێت، ئەم پڕۆژەی سەدر ڕۆڵی ئێران زۆر لاواز دەكات بەمەرجی لایەنە زانستیە دینیەكە ئەگەر یارمەتیدەری بێت یان هەندێ لەعالمی دینی گەورە پشتگیری بن، بەتایبەت لەناو شیعە عەرەبەكان.

دەستكەوتی بارزانی لەو پڕۆژەیە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ هۆشیار زێباری دەبێت. بەدەستهێنانی ئەم پۆستە بۆ زێباری گرنگیەكی تایبەتی هەیە كە بۆ بارزانی ئەوە دێنێ هەموو قومارێكی لەسەربكات بەچەند هۆكارێك:

1ـ فەرزكردنی كەسایەتی خۆی وەك مەرجەی كورد.
2ـ پاككردنەوەی هۆشیار زێباری لەتاوانی گەنده‌ڵی بەوەی بەدەنگی هەمان پەڕلەمان دەكرێتە سەرۆك كۆمار كە پێشتر بەتاوانی گەندەڵی لەوەزیری دارایی عێراق دەریكردبوو.
3ـ بەم كردەیە پەرلەمانی عێراق دەكاتە گاڵتەجار، پەرلەمانێك متمانەی لەوەزیرێك وەرگرتەوەو ئیستیقالەی پێكرد لەسەر گەندەڵى كەچی هەمان كەس بەدەنگی هەمان پەرلەمان دەكرێتە سەرۆك كۆمار بێئەوەی دادگا بێبەریبونی لەتاوانی گەندەڵی سەلماندبێت.

لەڕۆژاڤا، توركیا یەكێك لەگرنگترین ئامانجەكانی جێبەجێدەكات بەیارمەتی عێراق‌و سوریاو پارتی كە خنكاندنی ئابوری دەسەڵاتی خۆسەری ڕۆژاڤایە، بەگەلەكۆمەی سەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەریدا، ئەمە حكومداری ڕۆژاڤا توشی كێشەی ناوخۆ دەكات لەئەنجامی دورستكردنی كێشەی ئابوری دورستكراو، كەمی شتومەك، بڵاوبونەوەی بێكاریی‌و هەژاری، دروستبونی ئابوری بازاڕی ڕەش‌و گەندەڵی.

جێكەوتەی ڕۆژاڤا لەنێوان چوارگۆشەی فشاری توركیا، سوریا بەپاڵپشتی ئێران، حكومەتی عێراق‌و پارتی‌و دروستكردنی قەیرانی ئابوری‌و دەستتێوەردان لەناوخۆی ڕۆژاڤا لەلایەن هەمولایەنەكان بەپارتی‌و موڕتەزەقەكانیەوە، مەترسی جددی دەكەوێتەسەر ئەو قەوارەیە.

بەكۆنتڕۆڵكردنەوە زیندانی حەسەكە، بەیارمەتی هێزەكانی ئەمریكاو نێودەوڵەتی، شكاندنی یەكەم ئه‌ڵقەی ئەو پیلانگێڕیەی توركیایە لەدژی گەلی كورد لەباشورو رۆژاڤاو باكور.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە