گەر کەوێک لە تینوێتیدا بخنکێت، لام تاوانە

29/06/2022

هەڵۆ محەمەد

‏‎لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، دەیان نووسینم لە بارەی رووداوەکەی زانکۆی سەڵاحەدین خوێندەوە، ژمارەیەکی بێشومار کۆمێتنم دی، هەموو ئیدانەی ئەو ڕووداوە دەکەن و  هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕن (لەکاتێکدا خانەوادەی تاوانباریش لێقەوماون) مامۆستای زانکۆم بینی، لە بەردەم مایکی کەناڵەکاندا دەگریا و دەی گووت: هەموومان دەکوژن !
‏‎لە سلێمانی گردبوونەوەی نارەزایی ئەنجامدراجگە لە ئەمانەش دوور و نزیک هەموو ڕوخسارە دیارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەریەکە و لەڕوانگەی خۆیەوە، شرۆڤەی بۆ ڕووداوەکە لە پەیج و ئەکاونتی خۆیدا خستبووەڕوو. بەڵام بەلای منەوە رووداوەکە وەکو هەموو رووداوێکی دیکە، کە رۆژانە لەوڵاتی خۆمان و جیهاندا ڕوودەدەن ، دیاردەیەکی ئاسایی و پێشبینی کراوە ،  هەروەک چۆن لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا کوردێک لە نەرویج ڕەشەکوژیەکی تاوانکارانەی ئەنجامدا، چەندین هەواڵمان لەم ساڵدا بیستووە: گەنجێک لە ئەمریکا لە ناو زانکۆ، لە قوتابخانە، لە مارکێت، بەدەم لایڤەوە خەڵک بە ئێمفۆر و تاپر دەکوژێت، بۆیە ئەو تاوانەی گەنجە هەولێریەکە ئەنجامیدا، بەشێکە لە لاسایی کردنەوەی تاوان ، کە سەرجەم کەناڵە لۆکاڵی و ئاسمانیەکانی کوردستان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لە پەرەپێدانی ئەمجۆرە لە تاوان و کردەی خۆکوژی و خەڵک کوژیدا، سەرباری ئەوەش ئەم تاوانبارەی هەولێر چەندین فشاری جۆراوجۆری بۆدروستکراوە، لە ڕووی ئیداریەوە، کە ئەمەش دیاردەیەکی بەرچاوی ڕۆتیناتە لەسەرجەم دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.

‏‎ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە بپرسین ؟

‏‎لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا زانکۆ و مامۆستایی زانکۆ چ کاریگەریەکیان هەبوو  لەهۆشیارکردنەوەی تاکی کوردی بەوەی، کە قەڵەمی لە لا گرنگتر بێت لە چەک ؟ 
‏‎ئایا بەشەکانی ڕاگەیاندن و باخچە و کۆلێژە پەروەردەییەکان ، چی فشارێکیان خستە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، کە بەرنامەی شیاو لە نەشیاو جیا بکاتەوە و کامەیان پێویستە دۆبلاژ و پەخش بکرێ و دەرخواردی خێزانی کوردی بدرێ ؟
‏‎ئایا ڕاگەیاندن دەسەڵاتی چوارەمە؟ یاخود جێگەی ڕووتکردنەوە و داپۆشینی ناشیرینیەکانی ئەم و فەزحکردنی ئەوی ترە ؟
‏‎ ئایا منداڵی کورد سەیری کام کەناڵ بکات بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن دەرونێکی دروست و گونجاو، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی ڕاست و ڕەوان کێشەکانی بخاتە ڕوو، و بەرگری لەمافەکانی بکات ؟
‏‎ئــایا ئەو هەموو توێژینەوەی ساڵانە سەرجەم بەش و کۆلێژەکان ئەنجامی دەدەن ، چ کاریگەریەکیان هەبووە لەسەر هۆشیاری تاک و کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تاوان؟ 
تا چەند دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار، هەنگاو هەڵگری دوای، ئەنجامی توێژینەوە ئەکادیمییە چارەسەرخوازەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانن ؟

‏‎ئـایا گەر گوێتان لێناگیرێ درێژەدانتان بەم ڕێگەیە و بەم ناوەندە بە ناو زانست و ئەکادیمیانە، تەنها وەک سەرچاوەی داهات و خۆبژێوی نیە ؟

‏‎ئــایا مامۆستایانی زانکۆ لەڕێگەی کام  ڕەوشت و مەعریفەیانەوە توانیویانە حەرەمێکی پیرۆز و تۆکمەی لە بەزاندن نەهاتوو، بۆ شکۆی خۆیان و زانکۆ هەڵچنن ؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک بە ئامار و داتای وورد، بە دەسەڵاتی دادوەری گووت یەکلایی نەکردنەوەی کەیسەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر و کوشتنیشی بەدوادا دێت؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی گووت، فیلمی دۆبلاژکراوی تورکی، فارسی، کۆری، عەرەبی پەخش مەکەن، چونکە شیرازەی خێزان تێکدەدات و منداڵان لاسایی رووداوەکانی نێو فیلمەکان دەکەنەوە؟

‏‎ئەرێ زانکۆ و مامۆستاکانی پێکەوە، یەک دەنگ و یەک سەنگ هاواریان کرد ئەگەر رووداوێکی کوشتن، تەقەکردن، خۆسووتاندن، دەستدرێژی سێکسی رویدا بڵاوی مەکەنەوە، چونکە ٩٥% کاریگەری نەرێنی بۆ سەر کۆمەڵگە هەیە؟

‏‎ئەرێ مامۆستای زانکۆ سینۆهە ئاسا، هات بڵێ مۆچەکەی من لەم قەیرانەدا بە کاملی مەدەن ٥٠% بابگرێتەوە خانەی دەوڵەت لەدابەشکردنی مووچەدا خەرجی بکەن بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان کەمتر لە ٥٠٠ هەزارە، با بێ پارەو خەرجی نەبن و  بازاڕیش جوڵەی لێ نەبرێت، چونکە ئەو باوکە کاسبەی کە خەرجی منداڵەکانی دابین دەکات بۆ خوێندن لە زانکۆدا، ئەگەر کاسبی نەبێت ناچارە منداڵەکەی لە خوێندن دووربخاتەوە، چونکە ژیان زنجیرەیە و پەیوەستن بەیەکەوە؟

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک لە رۆژان پرسی ئەم هەموو خوێندکارە بۆ بۆتەواوکردنی خوێندن و وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرا بۆ دەڕۆنە دەرەوەی هەرێمی کوردستان؟ 
ئایا هۆکار ئەوەیە ئێمە زانیاریمان پێ نییە بیانکەین بە خاوەنی بروانامەی باڵا یان ئەوان نمرەکانیان کەمەو لێرە وەرناگیرێن؟

‏‎ئایا زانکۆ هات بڵێ ئەگەر خوێندکار لە دەرەوە بروانامەی ماستەر و دکتۆرای بە دەستهێنا دەبێ پسۆریەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی دیاری بکات؟ 
ئاخر کەسێک دکتۆرای هەبێ لە مێژووی قاجارێیەکاندا چ سودێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێ؟ حیکایەت خوانێکم پێ باشترە !

‏‎ئەرێ زانکۆ رۆژێک لە رۆژان هات بڵێ چیدی من بروانامەی ماستەر دکتۆرام لە مێژوو عەرەبی و ئنگلیزی زمانی کوردی ناوێت، لەمەودوا فیزیا، کیمیا، پزیشکی، کشتوکاڵ، ئەندازیاری، نەوت، جیۆلۆجیم دەوێت چونکە دەوڵەت لەم بابەتانەدا گرفتی هەیە و دەبێ پسپۆریی بۆ دروست بکەین بۆ چارەسەری ئاریشەکان؟

‏‎ئەرێ مامۆستایی زانکۆ ڕۆژێک لە رۆژان لە دژی ناعەدالەتی ژیان لە هەرێمی کوردستان دەرگای زانکۆکانیان داخست؟

‏‎ئەرێ مامۆستای زانکۆ و زانکۆکان ٣٠ ساڵە خەریکی کۆنفرانسی زانستین ئایە ١٠٠٠ کتێبی بنکۆڵکاریان لێ بەرهەم هێنا؟ ئەی کۆنفرانسەکان توانی ئامانجی خۆی بپێکێ و بۆ نموونە: تیۆری نوێ پێشکەش بکات بۆ چارەسەری کێشەی ئاو ؟

‏‎هەزاران پرسیاری دیکە هەن، کە دەبێ بکرێن، بەڵام نازانم کێ وەڵام دەداتەوە؟ 
ئەم پرسیارگەلە بۆیە هەن و ڕووبەڕووی مامۆستای زانکۆ دەکرێنەوە، چونکە لە جیهاندا زانکۆ ناوەندێکی مەعریفی و زانستی و سەرەکییە بۆ پێشنیار و تیۆری نوێی داهێنان و چارەسەرخوازی بە جۆرێک لەگەڵ پێداویستی گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا بگونجێ.

‏‎من خۆم فەرمانبەری زانکۆم، دوور نییە دوای ئەم نووسینە ڕووبەڕووی کێشە نەبمەوە، ئەگەر بوومەوە، هەر لێرەوە دەنووسم لەسەر بابەتەکەی ئەو رۆژە ئەمەیان بەرامبەرم کرد!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی