عێراق؛ لە "ثلث"ی پەکخەرەوە بۆ "اکثریة" ی پەکخەر...لە دەستەڵادارەوە بۆ دەستەڵاتخواز!

30/07/2022

کاروان حەمەساڵح

لە عێراق زۆرشت دەگوزەرێت ساناترینیان گۆڕینی ساحەی ململانێی سیاسیە لە پەرلەمانەوە بۆ شەقام و دوورنیە تا چەکیش بڕوات! (بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگیەکانیش لەدەرەوەی هاوکێشەکان نین!) ئەمانەی ئەم دۆخەیان دروستکردووە، ڕۆژانێک بەرکەوتنی سیاسیان لەگەڵ یەکدا هەبووە. بەشێک لە گرفتەکان شەخسین و نەفسین، دواترینیان سیاسیە! ختوکەی ئەو دەمارانەش لە جوڵە سیاسیەکانی ووڵاتانی ترەوەیە. واتا هەر وڵاتانن سیاسەت ئەکەن لە عێراقدا و ئەمانەی ناوخۆش شەری کۆنە قین! ئەمانە عاشقی دەستەڵاتن نەک سیاسیەت بۆ چاکەی گشتی. حەزی تاکڕەوی لە گرتنە دەستی دەستەڵات لە خوێنیاندا دێت و دەچێت. جا تەنها سێ ڕێگا لەبەردەمە؛ یان دەبێت دیکتاتۆریەتی یەکێکیان هەڵبژاردنێکی بکرێت بەسەردا و شەرعیەتێکی پێ بدرێت. یان دانوستانێکی چرو یەکلاکەرەوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر هاوپەیمانەکانیان بکرێت و لێرەشەوە ئاوێک بکرێت بە ئاگردا. یان بە خوێنی هاوڵاتیانی عێراقی گۆمەکە قوڵتر دەکرێت و عێراق دەگەرێتەوە پێش 2003! لە "دەستەڵادارەوە" بۆ "دەستەڵاتخواز"! هەروەک چۆن سەردەمی مالکی! دوای دووخول لە دەستەڵاتداریی، وای ناوزەند کرد کە بە هوکاریی داعش کوتەدای کراوە بەسەردا (یان ڕاستر بلێین لادرا)، کازمیش ئەمرۆ ثلثی پەکخەر هاوشێوەی کودەتاچی دەبێنێت و وا وێنای دەکات (ئەگەر چی بە ڕەسمی ڕاینەگەیاندووە). بۆ ئەمەش پاڵی داوە بە "اکثریەتی پەکخەر"ەوە (کە من وای ناو دەنێم وەک ئاماژەیەک بۆ جوڵەکانی ئێستای سەدر کە زۆرینەیە لە شەقامی سیاسیی عێراقدا). کە پێکەوە وا نمایش دەکەن وەک ئەوەی ڕووبەڕووی "کودەتاکردن بەسەر هەڵژاردندا" ببنەوە. لایەنگران و سیاسیەکانی "ثلثی پەکخەر" ی دوێنێش، وا ئەمڕۆ کە زۆرینەن لە پەڕلەمان، شەقام وەک کوداتاچی وێنا دەکەن.! ڕاستیەک؛ ئەگەر کەمێک بگەڕێنینە دواوە و چاوێک بە مێژووی سیاسی دوای 2003 لە عیراق بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت، ململانێ سەختەکان بۆ جێ نەهێشتنی دەستەڵات ئەو کاتانە گەیشتۆتە لوتکە کە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بووە، وە قاسەی عێراق سەرڕێژ بووە. جا بۆیە زۆرێک لە ووڵاتان بە تایبەت ئێران و ئەمریکا، لەسەر زۆرشت ناکۆک بن، لەسەر ئەوە کۆکن کە ژینگەی سیاسیی و ئابووری عێراق وایە سەرۆک وەزیرانێک دوو خول بباتە سەر، دوورنیە لەوسەرەوە دیکتاتۆرێکی نوێی لێ دەرنەچێت، چوونکە هێندەی ئەوە پارە هەیە و هێندە ژینگەی سایکۆلۆجیای عێراقی ڕێخۆشکەرە بۆ وەها کارێک. مالکیش لای ئەوان نموونەیەکی زیندووە! دوێنێش کازمیان هێنا و کرا بە دەستەڵاتدار، ئەمڕۆ وا بەرەو دەستەڵاتخوازی دەچێت، بەڵام دیبلۆماسیانە و هێمنانەتر لە جارانی مالکی هەنگاو دەنێت. دواجار؛ ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە عێراق بەم زرم و کوتە ڕاهاتووە، بەڵام گرنگە ئەوەیە نەگاتە دۆخێک کە دیکتاتۆرێک دوای شەرێکی ناوخۆیی لەدایک ببێت. هەر هیچ نەبێت هەڵبژاردنێکی نوێ لە عێراق بکرێتە نەخشەی چارەسەر، ئەگەر هەردوو پەکخەر پابەند ببن بەدەرەنجامەکانەوە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی