توڕەیی شەقام و حکومەتی زۆرینە

31/07/2022

عومەر عەلی موحەمەد


بڕیاری پاشەکشەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی عێراق قۆناغێکی نوێ بوو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کۆتایی بە ئەو دۆخە سیاسیە هێنا کە لەنێوان کوتلە سیاسیەکانی پەرلەماندا دروست بوبوو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە لایەک و هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەتی ئایندەی  عێراق.
سەرەڕای ئەوەی کوتلەی سەدریەکان کە خاوەنی 73کورسی پەرلەمان بوون، خۆیان بەتەنیا نەیان دەتوانی حکومەت پێکبهێنن و دەبوایە بەهاوپەیمانێتی بێت لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی تردا ، سەدرو سوننە و پارت هاوپەیمانێتیەکیان دروست کردبوو،ئەم هاوپەیمانێتیە بە ڕابەرێتی سەدر بوو، سەدریش بۆ پێکهێنانی حکومەت سوربوو لە سەر حکومەتی زۆرینەو هەتا کۆتاش سوربوون لە سەر داواکەیان،  بەڵام بەم کارەی زیاتر شیعە نەیارەکانی توڕە کرد لە چوارچێوەی هەمەهەنگی کە زیاتر لە ئێرانیەکان نزیکن و ئەوانیش کەوتنە خۆو نەیانهێشت ئەو خەونەی سەدریەکان بێتـە دی ، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ۱۰ مانگ بەسەر هەڵبژاردندا دۆخەکە گەیشتە بن بەست ،نە سەدریەکان وازیان لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە هێنا ،نە چوارچێوەی هەماهەنگی ئامادەبوون ملکەچی داواکانی سەدریەکان بن و بچنە بەرەی ئۆپزسیۆن.
سەدر لە هەنگاوێکی نوێدا دەستی کرد بە شڵەقاندنی گۆمەکەو 73پەرلەمانتارەکەی لە پەرلەمان پاشەکشە پێ کردوو خەباتی لە پەرلەمانەوە گواستەوە بۆ شەقام،
چونکە ئەگەر سەیری تویتەکان و لێدوانەکانی سەدر بکەیـن ئەوەی پێوە دیارە کە ئەو بێ هیوا بوە لە خەباتی پەرلەمانی و نایەوێت حکومەتێک پێک بینێت کە هاوشێوەی حکومەتەکانی پێشوو بێت لەگەڵ هێزەکانی تردا وکێکەکە یان لەگەڵدا بەش بکات. 
سەدر دەیزانی ئەم دۆخە نوێیەی کە دروست بووە، لە ژێڕ فشارێ خۆپیشاندەرانی 2019دا بووە. هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی عادل عبدولمەهەدیش هەمووی بە ئەو هۆیەوە بوە ، لەبەر ئەوە جەماوەری عێراق چاوەڕێی گۆڕانکاری و چاکسازی و گەڕانەوەی سیادەیە  بۆ دەوڵەتی عێراقی ، ئەمانەش هیچی لەژێر سایەی حکومەتێکی لەو جۆرەدا نایەتە دی و دواجار ناڕەزایی و خۆپیشاندان دەست پێدەکاتەوە .
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی و بەشێکی زۆریش لە کوتلە سیاسیەکان وایان لەقەڵەمدەدا کە ئەم هەنگاوەی سەدر سیناریۆیەو تەنیا بۆ ئەوەیە کەبەشێکی زۆرتر بۆ خۆی بەرێت ، بەڵام ڕۆژانی دوایی هەموو ئەو بۆچونانەی بەدرۆ خستەوە. لە ئێستادا سەدر بۆتە ڕابەری خۆپیشاندانەکان و لە ڕێگەی شەقامەوە درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات.  جوڵاندنی شەقام و ڕابەرایەتی خواست و داواکاریەکانیان لە ئێستادا وایکردوە کە هەموو چاوەڕوانی، تویتەکانی بن وبزانن پێ دەڵێت.
هاتنە دەرەوەی سەدر لە پەرلەمانەوە بۆ شەقام هەنگاوێکی سیاسی گرنگ بوو ، چونکە لە هەڵبژاردنی شێوەی ئەنجومەنێ نوێنەرانی عێراق نزیکەی %70 ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنی نەکردوە و بێ هیوا بوە لەو شێوازە حکومڕانیەی کە لە عێراقدا بەڕێوە دەبرێت، لەبەر ئەوە ئەگەر سەدریەکان بتوانن بەشێک لەو بێ هیوایانە بگێڕێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و دەنگ بە سەدریەکان بدەن ،ئەوکاتە دۆخە سیاسیەکەی عێراق گۆڕان بەخۆوە دەبینێت و بەم هۆیەشەوە ئەگەر خۆپیشاندانەکان فشاری زیاتر دروست بکەن و بتوانن مەترسی لەسەر ناوچەی سەوز دروست بکەن و ڕێگە لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگرن و دەست بگرن بەسەر بارەگای ئەنجومەنی وەزیران ، ئاوکاتە بەناچاری دەبێت یان پەرلەمان هەڵ بوەشێتەوەو بڕیار لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت ئەوکاتەش بەدڵنیایەوە دەنگەکانی سەدر ڕو لە هەڵکشان دەکات .یان ئەم فشارانە وا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات کەدان بە بەهێزی سەدردا بنێن لە ڕوی جوڵاندنی شەقام ،لە هەردوو بارەکەشدا سەدر دەتوانێت حکومەتی زۆرینە پێک بهێنێت  ،یان لانی کەم نوری مالیکی بخاتە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی