موقتەدا چ عێراقێک دەخوازێت!؟

06/08/2022

بەهێز حوسێن

تەواوی هێزەکانی شیعە لەدواین هەڵبژاردنی گشتی لەعێراق 2.5 ملیۆن دەنگیان کەمیکردووە لەچاو دەنگەکانیان لەهەڵبژاردنەکانی 2018 کە بووە هۆی کەمکردنی 62 کورسی پەرلەمان.

لەبەرامبەردا سوننەکان‌و بێلایەن‌و گەنجانی دیموکرات ئەو 62 کورسیەی شیعەیان پڕکردەوە، ئەم ئەنجامەش هەرگیز بەدڵی زۆربەی شیعەکان‌و ئێران نەبووە، شیعە خۆی بەدۆڕاو دەزانێت، بۆیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی بەپیلانێکی هاوبەشی ئیمارات - تورکیای جەمسەرەکانی سوننەو بەهاوکاریی‌و دەستێکەڵکردنی یۆنامی لەگەڵ سونە ناوبرد، ئێران‌و شیعەکان لەعێراق کەوتنە داڕشتنی سیناریۆ بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بارە لارەی شیعە.

بۆ ئەم مەبەستە موقتەدا عاقڵترانە ڕەفتاری کردو خۆی کردۆتە خاوەنی شیعە، بەپەکخستنی پەرلەمان‌و داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر، موقتەدا دەخوازێت شیعە دەنگەکانی بەرزببێتەوەو لانی کەم 62 کورسییە لەدەستچووەکەی بەدەستبهێنێتەوەو بەر بەدەنگی ئەو شیعانەش بگرێت کە لەئێران‌و مەرجەعییەت هەڵگەڕابوونەوەو لەچوارچێوەی هێزی گەنجانەی تشرین‌و بێلایەندا هاتبوونەپێش.

بێگومان لەپاڵ ئەم خواستەشدا پەراوێزێک هێڵراوەتەوە بۆ ململانێی ناوخۆی لایەنەکانی شیعەو پاکتاوکردنی هەندێکیان، بەمەرجێک کارنەکاتەسەر دەنگ‌و سەنگی شیعە لەعێراقدا.

کوردو سوننە پەلەیان کرد لەخۆدانەپاڵ ئەم بەرەو ئەوبەرەی تری شیعە، لەوە تێنەگەیشتبوون کە دواجار شیعەکان هەموویان دەکەن بەقوربانی ئەجێندای خۆیان‌و شتێک لەبەرنامەی ئەواندا نییە ناوی دیموکراتی‌و پڕۆژەی نیشتمانی‌و عێراقی شەریکایەتیی ڕاستەقینە.

کۆتایی ئەم گەمەیە لەبەرژەوەندی شیعەدایەو موقتەداو مالیکی‌و عامریی‌و عەممارو خەزعەلی‌و کازمیی‌و فەیازیش هەموویان لەچوارچێوەی ئەجێندایەکی ئێرانی کاردەکەن‌و خێریان بۆ عێراق ناوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی