ئاشکرایە دونیا بەرەو دوو جەمسەری دژبەیەک ئەڕوات، لەم بارودۆخەدا کە جەمسەرەکان دژی یەک تییژتر ئەبن، لێکەوتەکان لەچەندیین شوێن تێئەپەڕن.
عێراق لەدۆخێکی ناهەمواری سیاسیی ئەژیى، گەڕی سێیەمی ململانێکانی هێزە عێراقییەکان، بەدەستبەسەرداگرتنی پهرلهمان لەلایەن ئەندامانی (موقتەدا سەدر) دەستی پێکرد، ئەمە بەچەند داواکارییەکی ناڕوون پەیوەستکراوە!
هەفتەی ڕابردوو، لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی دانیشتنی پهرلهمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، موقتەدا سەدر، لەڕێگەی ئەندامانی حزبەکەی، هەڵیانکوتایەسەر پهرلهمانو ئەوان کە لەهەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو 73 کورسییان هێنابوو، دواتر دەستیان لەپهرلهمانتاری کشاندەوە، پرۆسێسی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێیان، لەعێراق پەکخست کە بڕیاربوو هێزە شیعەکانی تر دروستی بکەن.
موقتەدا سەدر، پێش هەڵبژاردنەکانی 10ی تشریینی 2021، واژۆو بەڵێنی لەگروپە شیعەکان وەرگرتووە، هەر کامێکیان براوەبوون، ڕێگەبدەن حکومەت پێکبهێنێت، سەرنجڕاکێشە، کەواتە ئەو پێشتر زانیویەتی کە هەڵبژاردنەکان چ ئەنجامێکی ئەبێت! کێ ئەم یارییەی کردووە؟ بەڵام گروپە شیعەکان لەچوارچێوەیەک کۆبوونەوە، بەپێی قانونی عێراق، فەشەلیان بەپڕۆژەی موقتەدا هێنا بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، چوارچێوەی هەماهەنگیی کە کێبڕکێکاری موقتەدایە، ڕەزامەندیی خۆیان، بەدوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنو هەندێک لەداواکانی سەدر نیشانداوە، بەشەرتو مەرجی خۆیان، بەڵام گرێکە لێرەوە توند ئەبێتەوە کە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، ئەو پرسە بەڕێکارە دەستورییەکان ئەبەستنەوە، ئەمەیش مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە داواکارییەکانی سەدر ڕەتبکرێنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی نەرمو دبلۆماسییانە، ئەمە ئەهێننەسەر زمان.
ئەم هەنگاوەی سەدر، سەرەڕای هەبوونی هۆکاری ناوخۆ، لەوێنەی دژایەتیی لەگەڵ گروپە شیعەکان، بەئاشکرا هۆکاری دەرەکیی ناعێراقیی لەپشتییەوە ئەبینرێن، جێگەی پرسیارە، بۆچی لایەنگرانی سەدر، دژی ئێران هوتاف ئەکێشن؟
ئێرانو ئەمریکا، دوو هێزی سەرەکیی کاریگەرن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشبڕکێ لەسەر پاراستنو بەهێزکردنی پێگەیان ئەکەن لەناوچەکە، خاوەنی پهیوەندییەکی ئاڵۆزن، لەهەندێ مەلەف، هاوبۆچوونو ئامانجن، لەهەندێ مەلەفی تریشدا، دژو دوژمنن، عێراق جێنفوژی هەردووکیانە، هاوکات، هەندێکجار، گرژییەکانیان لەسەر ئاستی گشتیی، لەعێراق دەرئەکەون، هەندێكجاریش هەردووکیان پێکەوە ئەیگوزەرێنن.
ئێرانو ئەمریکا دوای پێنج مانگ لەوەستانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەڤییەنا، پێویستییەکی زۆریان بەدوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، هەروەها بەدیهێنانی ڕێکەوتنێکی نوێ لەسەر مەلەفی ئەتۆمیی ئێران هەیە، ئێران لەبەر باری داراییو پاراستنی پێگەکەی لەناوچەکەو ئەمریکاش بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی چاینە (صین)و ڕوسیا، ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران، وەکو بابەتێکی کارییگەرە، ئەبینێت.
عێراق چ پهیوەندییەکی بەو پرسە هەیە؟ یەکێک لەگۆڕەپانەکانی گوشارکردنی هەردوو دەوڵەتە لەسەر یەکتریی، دەوڵەتی عێراقە، عێراق، یەکێکە لەزەنگینترین وڵاتە نەوتییەکانە، بەڵام دەوڵەتێکی لاوازی هەیە، سەرەڕای سامانە زۆرەکەی، هێزەکان لەپاشکۆیەتیی کۆمەڵێک دەوڵەتی دراوسێو دەوڵەتانی تر درێغییان نەکردووە، ئەمە وڵاتەکەی بەتەواوەتیی لاوازکردووە.
هیچ کەسێک ناتوانێت گرژییەکانی دوای هەڵبژاردنی مانگی تشریینی 2021 ڕویان لەعێراق کردووە، لەپهیوەندیی بەخواستە دەرەکییەکان داببڕێت، بەتایبەتیی کە هێزە عێراقییەکان بەسەر ئەجێندا دەرەکییەکاندا دابەشبوونە، نەک ئەجێندا نیشتیمانییەکان.
پێئەچێت دوای دوژمنایەتییەکی زۆر، ئەو پیاوەی کە لەناو شیعەی عێراق، خۆی بەجێگرەوەو نەوەی ئیمام حسێن (ڕەزای خوای لەسەربێت) دائەنێت، دوای دوژمنایەتییەکی زۆری ئەمریکاییەکان، ئێستا چانسی خۆی لەدژایەتیی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، لەگەڵ ئێرانو دۆستایەتییو هاوپەیمانییەتیی ئەمریکا ببینێتەوە!
ئەو پیاوێکە لەسەر سەروەتی مەعنەویی خێزانەکەی بوهتە یەکێک لەکەسە هەرە پۆپۆلارەکانی ناو عێراق، سەرەڕای بەشداریی کردەیی لەحوکمڕانیکردنی عێراق بەدرێژایی نزیکەی 20 ساڵ، کەچیی وەکو ڕیفۆرمخوازێکی هاوشێوەی ئیمامی حسێن، نماییش ئەکات.
بۆ ئەمریکییەکان، گرنگە کەسانی وەکو موقتەدا بکەنە هاوبەشی سیاسەتەکانیان، چونکە لەم ڕێگەیەوە ئەتوانن ئاسانتر وێنەی ئێران ناشیریین بکەن، تەنانەت ئەتوانن مەترسیی شەڕێکی ناوخۆییش لەنێوان هێزە شیعییەکان دروستبکەن، هەرچەندە، ئێستا ئێرانو ئەمریکا دژی تێکچوونی دۆخی عێراقن، تا پێیان دەکرێت بەدوای ئامرازی دیبلۆماسیی ئەگەڕێن.
هاوپەیمانەکانی ئەمریکاو سوننەکانی خەلیج بەتورکیاشەوە، لەم قۆناغەدا توانیان گوشارێکی زیاتر، بخەنەسەر ئەو گروپانەی لەئێران نزیکن کە کۆمەڵێک، حزبو کەسایەتیی نەخوازراون لەشەقامی عێراقیی، ئەمەیش ڕێگەخۆشکارە بۆ ئاسانکردنی گفتوگۆی ئەتۆمیی ئێرانو ئەمریکا کە لەڕۆژی 4ى ئابی 2022 بۆ جاری پێنجەم دەستیپێکردووتەوە.
سەردانی ئەم مانگەی جۆو بایدن، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستەوخۆ گرێدراوی پرسی ئێرانو بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی.
لێرەدا ئینسان ئەتوانێ بەئاسانیی دەرک بەوەبکات، ئەوەی لەبەغدا ئەگوزەرێت، لەماوەی 10 مانگی ڕابردوو، لێکخشانێکی نەرمی ئێرانو ئەمریکایە، دواجار ئەگەر لەڤییەنا نزیکبوونەوەکان بێنە ئاراوە، ڕەنگە دەمارەکانی توڕەیی موقتەدایش نەرم ببنەوە، شانامەکانی ڕیفۆرمیش ببنەوە بەمیاوە میاوی دەوری مەنجەڵی پڕی دەسەڵات. نابێت ئەو ئەگەرە ڕەچاونەکرێت کە ڕەنگە نزیکبوونەوەی ئێرانو ئەمریکا ئەبێتە هۆی دروستبوونی مۆدێلێکی نوێی سیاسیی لەعێراق.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی