ڕۆژی ڕەشبگیریی لەکوردستان

07/08/2022

‎عەدنان عوسمان

دوێنێ، 6ى 8ى 2022 ڕۆژی ڕەشبگیریی بوو لەکوردستان، لەهەڵمەتێکدا دەسەڵاتی هەرێم زیاد لە600 هاوڵاتی بێ هیچ پاساوێک بەشێوەیەکی نا ئینسانیانە دەستگیرکرد. بەشێکی بەرچاویان ڕۆژنامەنوس‌و پەرلەمانتارو چالاکوانن. هەموو ئەوانەی کە گیراون، بێ هیچ هۆکارێک‌و پاساوێک بوە، چونکە نە توندوتیژی ڕویداوە، نەهێرش بۆ سەر دامودەزگاکان. ئەوەی ڕویدا جگە لەئاماژەیەک بۆ عەقڵیەتی نادیموکراسی‌و ڕۆحی پاوانخوازیی‌و ڕێزنەگرتن لەئازادیەکان هیچی تر نییە.

بەکورتیش سێ ئاماژەو دیاردە لەم هەنگاوەدا بەدیدەکرێت:
یەکەم: دەسەڵاتدارانی کوردستان کە لەبەغدا پشتگیریی دیموکراسیەت‌و مافی خۆپیشاندان ئەکەن تەنها لەترسی سەید موقتەدایە، دەنا هیچ باوەڕێکیان بەو پرەنسیپانە نییەو دوژمنی سەرسەختی هەمو جۆرە ئازادیەکن.

دوەم: نەوەی دوەمی حوکمڕان لەهەردوو زۆندا، کە هەموو ژیانیان لەڕۆژئاوا بەسەربردوە، نمونەیەکی گەورەی ڕۆحی دیکتاتۆری‌و تەنگەنەفەسین بەرامبەر ئازادیەکان. ڕەفتارەکانیان زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی حوکمڕانیان.

سێیەم: پارێزگاری سلێمانی کە دەبێ سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بێت، یەک وشەو یەک هەڵوێستی لەسەر ئەو ڕەشبگیریی‌و عەسکەرتاریەتە نەبوو. ئەو زاتە هەم پێشتر ڕۆژنامەنوس بوەو هەمیش ئێستا لەحزبێکە قسە لەسەر ئازادی خۆپیشاندان ئەکات. کەچی بێدەچێت، وەک هاوپشتیەک بۆ ئەو هەڵکوتان‌و ڕەشبگیریەش، ئەمڕۆ بەجلی سەربازیەوە دەرکەوتوە!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی