تایوان‌و جیۆپۆلەتیکی چیپس

07/08/2022

حسێن مه‌حمود

ماوەیەکە کێشەی تایوان وەک پرسێک بۆتە ڕۆژەڤی سیاسی‌و میدیایی کە ئاماژەیە بۆ گرژیەک لەنێوان پەکین‌و تایپێدا. لەم نێوەدا چین گوشارەکانی زیاترکردووە بۆسەر ئەم وڵاتە تاوەکو بەجۆرێک لەجۆرەکان ملکەچی بکات یان بیخاتە ناو چواچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە. ئەم پرسە جگە لەڕەهەندە سیاسیەکەی کۆمەڵێک ڕەهەندی تری ئابوری‌و تەکنەلۆجی‌و جیۆپۆلەتیکی هەیە کە من بەجیۆپۆلەتیکی چیپس ناودێری دەکەم.

چيپس چيیە؟
سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی سێەم لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوو بریتیبوو لەپێشکەوتنی ئامێری تەکنەلۆجی‌و بەکارهێنانی ئامێر لەزۆربەی بوارەکانی ژیاندا. عەقڵیەتی زانستی‌و ئامێرسالاری بووە سیما هەرەدیارەکەی ئەم شۆڕشە. شۆڕشی پیشەسازی سێیەم بازدانێکی گەورەبوو لەچاو شۆڕشەکانی پێش خۆیدا. تەکنەلۆجیای شۆڕشی پیشەسازی سێیەم بووە هۆی هاتنە ئارای جیهانێک کە لەسەر بنەمای تەقەنیاتی نوێ کاردەکات، کۆمپیوتەرو مۆبایل‌و ئامێرە پێشکەوتوەکانی دیکە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشەن.

ئەوەی لەمۆبایل‌و کۆمپیوتەرو ئۆتۆمبێل‌و کەلوپەلەکانی تردا بەکاردەهێنرێ ماتریالی سەرەکی بریتیەلەسلیکۆن‌و پێی دەوترێ ( electroni chips ) تەنکۆڵەی ئەلیکترۆنی. تەنکۆڵەی ئەلیکترۆنی قەبارەکەی بچوکەو نزیکەی پێنج نانۆمەتر دەبێت‌و بڕبڕەی پشتی تەکنەلۆجیای نوێیەو لەسەرئاستی جیهان تایوان لەم بوارەدا پێشەنگەو نزیکەی 60%ی پێکدەهێنێ.

مایکرۆچیپس بەشدارە لەپێکهێنانی عەقڵی ئامێرەکان‌و لەبوارەکانی کەلوپەلی پزیشکی، چەکی پێشکەوتوو، کۆمپیوتەرو ئامێرە زیرەکەکان بەکاردەهێنرێ‌و لەم بوارەشدا چیپس بۆتە ڕوخساری ململانێی جیهان بەگشتی‌و چین‌و خۆرئاوا بەتایبەتی. لەبەر گرنگیەکەی لەڕوی ئابوریەوە بەنەوتی نوێ ناوی دەبەن، بەگوێرەی هەندێ توێژینەوە چیپسە هەرە پێشکەوتوەکان بەڕێژەی 90% تایوان خاوەنداریەتی دەکات.

کۆمپانیای TSMC زەبەلاحی تایوان کە تایبەتە بەبەرهەمهێنانی چیپسیەکەمی سەر ئاستی جیهانە. کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی‌و کۆمپانیا بەناوبانگەکانی جیهان لەبەرهەمەکانیاندا پشت بەتایوان دەبەستن. ئەم تەنکۆڵە ئەلیکترۆنیە هێندە پڕبایەخ‌و گرنگەو شارەزایانی ئەم بوارە پێیانوایە، کێرڤی مەعریفی electronic chips لەکێرڤی چەکی ئەتۆم بەرزترە.

ئەم پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەی تایوان بەدەستیهێناوە بۆتە سەرهەڵدانی ململانێ لەناوچەکەدا بەتایبەتی لەگەڵ چین، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی تایوان خەونێکی چینیە. لەبەرامبەردا ئەم دورگەیەی ناو زەریای ئارام بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی بەدەستیهێناوە بەرگەی فشارەکان دەگرێ، شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیک تیورێکی نوێیان داڕشتوە بەناوی (تیوری قەڵغانی سلیکۆن). بەپێی ئەم تیورە کەم وڵات دەتوانێ جەنگ لەگەڵ تایواندا بەرپابکات، چونکە ئاکامەکانی زۆر مەترسیدارن. ئەگەر گەنمی ئۆکرانی کاریگەری لەسەر گرانبونی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان هەبووبێ، سیلکۆن کاریگەری زۆر زیاترە، چونکە بەبێ تەکنەلۆجیا ناتوانرێ نان دروستبکرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی