لە پەراوێزی ڕەشبگیرییەکی دیکەدا

08/08/2022

فەرمان حەسەن

لەڕاستیدا هەر رووداوێکی پەیوەست بە زەوتکردن، ناچارکردن، دەستگیرکردن، فڕاندن، ئازاردان، ترساندن و بێدەنگکردنی هەر کەس و گروپێکی کۆمەڵگە، هەرگیز خەمێکی تایبەت نییە، پەیوەندیدار بە ئەوانی ترەوە ناکرێت پرسیارەکە ئەوە بێت کە قوربانییەکە سەر بە چ گروپێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئاینییە و چۆن بیر دەکاتەوەو داوای چی دەکات و لەسەر چی لێی دەدرێت؟ بۆ دەگیرێت، دەفڕێندرێت و هەڕەشەی لێدەکرێت و بۆچی دەترسێندرێت.
ئەوەی ئێستا روودەدات درێژکراوەی هەمان دۆخە، پاڵەوانە کارتۆنیەکانی چیرۆکی ئازاردانی خەڵک بەهۆکاری خۆپیشاندان، هەمان ئەو پاسەوانانەی دەسەڵاتن کە یەک وەزیفەی سەرەکی و کۆتاییان هەیە(پاراستنی فەرماندەرو بەرژەوەندییەکانیان)، بۆ ئەمەش سڵ لەهیچ رێگاو ئامرازێک ناکەنەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی ملکەچی و سەپاندنی ژیانی بندەستی.
ئەم مامەڵە ئەمنییە، ئاگرێکە دەست و سەری کەسمان هەڵاوێرد ناکات و هیچ کاممان لە مەترسییەکەی دوور نین، ئەمڕۆ لە دەرگای ئەوی ترەو سبەی ئەوانی ترو هەموومان دەسوتێنێت، ئەگەر خەڵک و گروپەکانی ئەم کۆمەڵگەی ئێمە تەنها کاتێک هاوار بکات کا ئاگرەکە بە جەستەی خۆی بگات، ئەوکات جگە لە سوتان رێگەیەکی دیکە نەماوە، کەسمان ئازاد نین، کاتێک بە پێشچاومانەوە ئەوانی تر دارکاری دەکرێن.
گەورەترین مەترسی و گرفتی هەر دەسەڵاتێک، بریتییە نییە لەوەی کە ئەو دەسەڵاتە خزمەتی خەڵکی ناکات، یاخود ئاو، کارەبا و شەقامیان بۆ چاک ناکات موچەکانیان دوادەخات و دەخوات، بەڵکو ترسناکترین خەسڵەتی دەسەڵات ئەوەیە کە لەسەر داواکردنی ئەو مافانەی کە دابینی ناکات بتکوژێت و توانای ئەوەی هەبێت بە چەک بێدەنگی گشتی دروست بکات و ترس لە ناخی خەڵکدا بچێنێت، خەمی گەورە ئەوەیە بە زمانی چەک ، بێ سڵەمینەوە کەرامەت و شکۆی خەڵکەکەی بخاتە ژێری پۆستاڵی پاسەوانەکانیەوە.
ئەو دۆخەی ئێستا هەیە، خەڵک و خۆپیشاندەران و مافخوراوان لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی رێکخراوو خاوەن پرەنسیپ نەوەستاون، بەرامبەر بەرپرسانێکیش نەوەستاون کە خاوەنی لێهاتوویی سیاسی و هەڵگری بنەماو پرنسیپە بنەڕەتییەکانی سیاسەت بن، خەم و خەونی گشتیان هەبێت و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر مێژوو خەڵک و خودا، بەڵکو خەڵک بەرامبەر تفەنگی گروپی جیاجای چەک بەدەست وەستاون، لە کوردستان (چەک) حکوم دەکات لەهەرە دواکەوتوترین سیستەم و خراپترین دۆخەکاندا ئەمن رۆڵ دەگێڕێت، کاتێک ئەمن قسە دەکات سیاسەت، یاسا و دامو دەزگا بێ نرخ دەکرێن، هەر وەک ئەو دۆخەی ئێستا سەپێندراوە.
ئەم کۆمەڵگەیە بێ یەکگرتوویی و پشتیوانی خەڵکەکەی لە یەکدی ناتوانێت رووبەرووی ئەم دۆخە بێتەوە، ئەم دیمەنانەی ئێستاو پەرتەوازیی خەڵک و پێچانەوەی ئەوانەی بیریان لە خۆپیشاندان کردووەتەوە. مایەی پێکەنین رووداوێکی کۆمیدی نییە، زوو یا درەنگ هەموان دەگرین، ئەوان بەمجۆرە بێباکترو چاوقایمتر بەردەوام دەبن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی