کەرەسەکانی کاکەحەمە

09/08/2022

کاوە شێخ عەبدوڵڵا

مانگێک تێنەپەڕیبوو بەسەر 31ی ئابدا، لەگەڵ خزمەکانمدا، بەباری هێستر ... تەبعەن بەپارە... دۆشکەو هاوەن‌و کڵاشینکۆفەکانی کاکە حەمەمان برد بۆ شاخی سورێن لەوێ لەئەشکەوتێک دەیشاردنەوە.

ئەوکاتە کاکەحەمە دژی پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی خوتبەی توندی دەداو لەترسی پارتی ئەو چەک‌و چۆڵەی دەبرد لەسورێن دەیشاردنەوە.

ساڵی 2000 دیسان کاکەحەمە ئەم دۆشکەو هاوەن‌و تۆپە دوورهاوێژانەی هێنا لەگوندەکەی ئێمە (قەڵبەزەی بناری سورێن) مانۆڕێکی سەربازیی پێکردن‌و خەریکبوو سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ئاواییەکەشمان خاپوور بکەن بەو تۆپ‌و هاوەنانەی دەیانتەقاند!

هەموو هێزو گوڕی کاکەحەمە ئەم چەند تۆپ‌و دۆشکەو هاوەنانەن، هەر دەیانهێنێ‌و دەیانبات، ساڵانە بەناوی مانۆڕەوە عەرزیان دەکات!

بەڕاستی کاکەحەمە نموونەیەکی زۆر زەق‌و جوانی کوردەوارییە، نە ئەوەتا لەڕابردوودا بمێنێتەوە، نە ئەوەیە تێکەڵی دنیای نوێ ببێ، لەهەردووکی تێکەڵدەکات‌و بەکۆکتێلێکەوە بەردەوامە... ئاخر سۆسیالدیموکرات‌و مانۆڕی عەسکەریی!

ئاخر هیچ حزبێک ماوە لەدنیا لەیادی دامەزراندنیدا مانۆڕی عەسکەریی بکات؟ بەس لەم مانۆڕە تازەیەی کاکەحەمەدا شت‌و نیوێک تازەبوون‌و دەکرێ تێر پێی پێ بکەنین، یەکەم ئەوەبوو، تراکتۆری نوێ‌و سفر کیلۆمەتر بەشداریی مانۆڕەکەی پێکرابوو کە تێکەڵکێشکردنێکی جوانی کەرتی کشتوکاڵ‌و کەرتی سەربازیی بوو لەیەککاتدا. نیو شتەکەی تر ئەوەیە حەقە ناوی بنرێ: مانۆڕی کشتوبازی😄 (کشتوکاڵ‌و سەربازیی).

کاکەحەمە ئاوا تەمەنی درێژبێ‌و منیش بۆ بێچارەیی بمێنمەوە، بیست‌و پێنج ساڵی تر ئەم عانانە، ئەم شتانەی کاکەحەمە ئەبینمەوە لەمانۆڕێکی تردا، ڕەنگە ئەوجارە دەڕاسەو واتەرپەمپی زەخمیشی تێبکەوێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی