ئایا کۆمەڵگای باشور نەزۆکە؟

09/08/2022

شێركۆ كرمانج

ڕۆژى شەممە 6ی ئابی 2022، هەدەپە خۆپیشاندانێکی دەیان هەزارکەسی لەئامەد ڕێکخست، خۆپیشاندانەکە لەدژی شەڕو ئۆپەراسیۆنەکانی تورک بوو بۆ سەر کورد، هەر لەهەمان ڕۆژ، نەوەی نوێ لەباشور بەرنامەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری هەبوو، خۆپیشاندانەکە لەزۆربەی شارەکاندا یان ئەنجامنەدرا، یان زۆر سنووردار بوو.

ئەو دۆخە دژوارەی کە هەدەپەو کوردانی باکور ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لەخەیاڵی مرۆڤ بەدەرەو کەم هێزی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان هەیە هاوشێوەی هەدەپە ڕووبەڕووی بووبێتەوە.

هەدەپە، جگە لەهاوسەرۆکەکانی‌و دەیان پەرلەمانتارو شارەداری، نزیک بە17 هەزار کادیرو ئەندامی چالاکی ئەم حیزبەش لەزیندانن. جگەلەوەش، یەکێک لەعەملاقترین میدیاکانی جیهان، واتە میدیای تورکی (بەمیدیای دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنەوە) کار لەسەر دێواندنی هەدەپەو هەڵخڕاندنی ڕای گشتی تورکی لەدژی هەدەپە دەکەن بەجۆرێک کە هەدەپە بوون هاوتای تاوان‌و تیرۆریزمەو دەیان دۆسییە بۆ داخستنی ئەم حیزبە کراونەتەوە.

سەرەڕای ئەم دژواری‌و سەرکوتکارییە، هەدەپە، وەک دوێنی ئیسپاتی کرد، هێشتا توانای مۆبالیزەکردن‌و هێنانە مەیدانی دەیان هەزار کەسی هەیە. مۆبالیزەکردنێک کە هیچ کام لەحیزبە تورکییەکان، بەدەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆنییەوە خەونیشی پێوە نابینن.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەمە لەباشوردا ڕوونادات؟
پرسیارەکە ئەوەنییە بۆچی خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکەی نەوەی نوێی نەکرد، بەڵکو ئەوەیە بۆچی لەباشوردا هێزێکی نیشتیمانی خاوەن ڕوئیاو پرەنسیپ‌و مۆبالیزەی هاوشێوەی هەدەپە دروستنابێت..؟ هێزێک کە هەم لەئاست داگیرکەری دەرەکی‌و هەم لەئاست نادادپەروەری ناو کۆمەڵگای کوردی توانای ڕێکخستن‌و مۆبالیزەکردنی ملیۆنان خەڵکی هەبێت، هەر لەهەولێرو سلێمانی‌و دهۆک تا کەرکوک ق خانەقین‌و شەنگال؟

یان لانی کەم، بۆچی لەباشوردا حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن دروست نابێت..؟ ئایا کۆمەڵگای باشور نەزۆکە...؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی