هەژاریی یەکێکە لەپرسە هەرە کۆنو ئاڵۆزو زۆر قسە لەسەر کراوەکانی مرۆڤایەتی، لێرەدا چەند سەرنجێک لەچەند سەرە قەڵەمێکدا ئاماژە پێدەدەم.
یەکەم، کۆنترین دید بۆ هەژاری ئەوەیە کە بەخوادیی بکرێت، بەو مانایە لەزۆر کۆمەڵگادا بڕوا وەهایە کە هەژارو دەوڵەمەند خودا بڕیاری لێ دەدات، زمانی ئایینیو ئایینی گشتی ئێمە پڕیەتی لەمجۆرە دەربڕینانە.
بۆ نمونە، ڕسق بەدەستی خوایە، خوا پەکی کەس ناخات، کەس لەبرسا نامرێتو زۆر دەربڕینی تر. ئەم دیدە ئاینیە بڕوای وەهایە کە هەژاریی ناتوانرێت بنەبڕبکرێت.
دووەم، لەبەرامبەر ئەم دیدەدا دیدی سیکیولار یان عەلمانی هەیە، کە بڕوای وەهایە هەژاری مرۆییەو مرۆڤکردەیەو دەتوانرێت لەلایەن مرۆڤەوە کۆتایی پێبهێنرێت. مارکس دیاریترین کەسی ئەم بوارەیە. بەو مانەی هەژاریی دەرئەنجامی پلانو بەرنامەڕێژییو ویستی ئەوکەسانەیە کە لێی سودمەندن.
سێیەم، ڕزگاربون لەهەژاری هەمیشە لەنێوان هەوڵی تاکەکەسییو پڕۆژەی گشتیدا جۆلانی دەکات، بەشی زۆری فیکرە باڵاکان وەک لیبراڵیزم بۆ نمونە بڕوای وەهایە کە ڕزگاربون لەهەژاری پەیوەستە بەئازادییەوە. ئازادیش هەمیشە یانی تاکەکەسی.
چوارهەم، لەسەردەمە جیاوازەکاندا لەبەر جیاوازی جۆری سیستەمی سیاسی دەرچون لەهەژاری ڕێگای جیاوازی هەبوە، لەسەردەمی ڤیکتۆرییەکانو لویسەکاندا، بڕوا وەهابوو ڕزگاربون لەهەژاری تەنها لەڕێگای چونە ناوەوەی توێژە باڵاکان دەبێت، بەتایبەتی لەڕێگای ژنو ژنخوازییەوە. هەندێک دەڵێن ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە.
پێنجەم، پاش جەنگی جیهانی دووەم، دیدی ئەوە گەشەی کرد کە لەڕێگای موچەو کرێوە، دەتوانرێت لەهەژاری دەربازبیت. ئەمەش وەهایکرد کە خوێندن بوو بەڕێگای سەرەکی بۆ دەرچون لەهەژاریی، ئەم قۆناغە بەرەو کزی دەچێت، لەبەر زۆر هۆکار.
شەشەم، باجو سیستەمی سۆشیال دیسانەوە مۆدێلێکی پاش جەنگی دووەمی جیهانییە.
حەوتەم، لەم سەردەمەدا لەزۆر وڵاتی دونیای سێ کۆچ وەک ڕێگایەک بۆ دەربازبون لەهەژاری دەبینرێت. کۆچ لەکۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر بۆ دەرچون لەهەژاری دەرخەری ئەوەیە کە ڕزگاربوو لەهەژاری پرسێکی گشتییە.
لەکوردستان فەلسەفەی باڵا وەهایە کە بەشی هەموان هەیە، بەڵام دەدزرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی