خۆپیشاندان لەناو کەشێکی ئەمنی توندو قەدەغەکردنی مۆبایل‌و کامێرادا

09/08/2022

دانا مەنمی

بێباکی پارتی‌و یەکێتی لەئاست خراپبوونی گوزەرانی ھاوڵاتیان‌و گوێنەگرتن بۆ کێشەکانیان‌و ھەستنەکردن بەنەھامەتیەکانی خەڵک‌و بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەبڕین‌و ئازادی ڕەخنەو ئازادی میدیاو ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانان وایکردوە کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەی ناڕەزایەتی چین‌و توێژە جیاجیاکان لەکوردستان زیادبکات، پارتی‌و یەکێتی هیچ بڕوایەکیان بەبنەماکانی دیموکراسی‌و هونەری بەڕێوەبردنی عەقڵانی‌و خەباتی مەدەنی نییەو نایانەوێت بۆ ساتێکیش گوێ لەخەڵک بگرن، لەکاتێکدا پێویستە پارتی‌و یەکێتی دەسەڵاتی ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانی خەڵك وەك دەروازەی گوێگرتنێكی ڕاستەقینە سەیربكات‌و بیکاتە سەكۆیەك بۆ دروستبوونی گفتوگۆو ڕێگەچارەی گونجاو بۆ گرفتەكان بدۆزێتەوە.

لەپاڵ ھەموو کێشەکانی تری خەڵک تا دێت ڕێژەی تاوان لەدیاردەی خۆکوشتن‌و تەقەکردن‌و تۆڵەسەندنەوە لەبەرزبونەوەدایە، ئەمەش نیشانەی سەروەر نەبوونی یاسایەو پارتی‌و یەکێتی بەرپرسیاری سەرەکین لەپێشێلکردنی سەروەری یاساو لاوازکردنی دەسەڵاتی دادوەری لەکوردستان، پارتی‌و یەکێتی لەکایەی سیاسی‌و هونەری بەڕێوەبردندا هەرچی بەدەستیاندابێت‌و هەرچیش بەدەمیاندا بێت لەگەندەڵی‌و پێشێلکاریی بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ ئەیکەن، باوەڕم وایە گۆڕانکاریی سه‌رناگرێ ئه‌گه‌ر له‌هه‌ولێره‌وه‌ خۆپیشاندان گڵپه‌نه‌سه‌نێ، ئەوەش وەزعی هەولێرە کە دەیبینین پارتی خەڵکەکەی لەقاڵبداوەو نیو ملیۆن بندیوار کۆیلەی بەرهەمهێناوەو دەیانخزێنێتە ناو خەڵک‌و خۆپیشاندەران هەم ئاراستەی خۆپیشاندانەکان دەگۆڕن، هەمیش جاسوسی بەسەر چالاکوانان‌و ڕۆژنامەنوسانەوە دەکەن بۆ دەزگا ئەمنیەکان، ئەزموونی بەحزبیكردنی خۆپیشاندانەكان یەکێکە لەداهێنانەکانی پارتی‌و ئەزمونێکی تاڵە.

پێکهاتەی سیستەمی سیاسی لەکوردستان هىچ بنەمایەکی فیکری‌و هیچ فەلسەفەیەکی بەڕێوبەردنی تێدانییە، بەڵکو تەنهاو تەنها بەهۆی هێزی پارەو هێزی چەکدارو میدیای چەواشەکارو پشتگیریی وڵاتانی تورکیاو ئێرانەوە خۆی گرتووە، بۆیە پێکهاتەی ئەم سیستەمە بەخۆپیشاندانی پچڕپچڕی شارو شارۆچکەکان چاک نابێت، پاشان پارتی‌و یەکێتی لەپێناو مانەوەی خۆیاندا سەرباری سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان هەموو هێزێکی تازەشیان قووتداوەو کردویانەتە برابەش‌و ئەوانەیشی دەستەمۆ نەبوون بێدەنگ‌و پەراوێزخراون، لەم دۆخە چەقبەستووەدا گۆڕانکاریی پێویستی بەدروستکردن‌و یەکگرتووی بەرەیەکی فراوانە کە هەموو ئەو کەسولایەن‌و چین‌و توێژە جیاوازانەی کە خواست‌و ویستی گۆڕانکاریی بنەڕەتی‌و ڕاستەقینەیان هەیە ناکۆکیە ئایدیۆلۆژی‌و سیاسی‌و کەسیەکانیان وەڵاوە بنێن‌و لەپێناو خەمێکی گشتیدا یەکبگرن، ڕاستە ئەم هەنگاوانە لەڕووی واقیعیەوە قورسن، بەڵام کاری پێکەوەیی‌و پشودرێژی زۆری دەوێت.

بەرلەوەی درەنگ بێت پێویستیمان بەبیرکردنەوەی قوڵ‌و دورتر ڕوانینە، نابێت دەرفەتی زیاتر بدرێتە پارتی‌و یەکێتی خەڵک سەرکوتبکەن‌و تاکڕەویی خۆیان بچەسپێنن کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازادییەکان بەرتەسکتر دەبنەوە، ئەم دوو ڕۆژەی ڕابردوو پارتی‌و یەکێتی زۆر ترسا بوون‌و هەرزوو ڕێوشوێنی نائاسایی‌و نایاساییان بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانان‌و پەیامنێرو کامێرامانی کەناڵەکان گرتەبەر، سەرەڕای كەشێكی ئەمنی توندو قەدەغەکردنی دەرهێنانی مۆبایل‌و کامێراو مایک بۆ ئەوەبوو کە ڕێگریی لەگواستنەوەی دیمەنی خۆپیشاندانەكان بكرێت، بەڵام لەزۆربەی شارو شارۆچكەكان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، پارتی‌و یەکێتیش توشی ترسێکی گەورەبوون‌و خەوی لێ تاڵکردن، هیچ زەمەنێک پارتی‌و یەکێتی هێندەی ئەم دوو ڕۆژەی خۆپیشاندانەکان توشی هەناسە تەنگی نەبوون، ترسی پارتی‌و یەکێتی لەخۆپیشاندان ترسە لەگێڕانەوەی ماڵی دزراوی میللەت‌و ترسە لەئازادی‌و لەدادپەروەری، خۆ ئەگەر خۆپیشاندان سەرکوتنەکرێت پێش هەموولایەك ئەو لایەنانە سوودمەند دەبن كە زەندەقیان لەخۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی چووە!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە