پەروەردەی شۆڕشگێڕانە

10/08/2022

جیهاد محەمەد

بەشی پێنجەم
پەروەردەی شۆڕشگێرانە، پەروەردەی نوێیە، پەروەردەی نوێش ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازە، ئامرازێکە بۆ بەرهەم هێنانی مرۆڤی بەڕەوشت و ئاکار بەرز. خوێندن و نووسین، ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ فێربوون، تەنانەت بوونی زانکۆکانیش ئامانج نییە بە قەدەر ئەوەی ناوەند و مەڵبەندی "زانین" و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەن.
ئەو پەروەردەیەی مرۆڤی نوێ بەرهەم دێنێت، وەک ئەو دایکەی منداڵی دەبێت، بە ئازارە.
مرۆڤی نوێ ئەو مرۆڤەیە نە چەوساندەوەی قبوڵە نە چەوسێنەر، مرۆڤی نوێ جیهانێکی نوێی بەختەوەر دێنێتە ئاراوە بۆ گشت مرۆڤەکان وەکیەک بە بێ جیاوازی، واتە مرۆڤەیلی هەردوو جەمسەری هاوکێشەی نێوان چەوسێنەران و چەوساوەکان، وەکیەک لە بەختەوەریی و خۆشگوزەرانیە بەرهەمهاتووەکەدا، سوودمەند دەبن، هەڵبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی هاوکێشەکەی نێوانیان.
جیهانی بەختەوەریی، ئەو جیهانەیە، کە شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی، هەروەها زمانی جیاواز و کولتووری جیاواز و ڕەنگی پێستی جیاوازی قبوڵە، هیچ یەکێک لەم جیاوازیانە یەکەمیی و پێشەنگیی بەخۆیەوە نابینێت، چونکە کۆمەڵ و تاک لەسەر بنەمای هاوڵاتییبوون ڕێکدەخرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. لەم جیهانە بەختەوەرییەدا، زمانەکان، کولتوورەکان، ئایینەکان و نەتەوەکان، شکۆی خۆیان هەیە و ئازادن لە بیرکردنەوەیاندا، لە یادکردنەوەیاندا لە پەرەسەندنیاندا، بە مەرجێک دەستنەکێشنە ئازادی ئەوانی تر، هەروەها هاوڵاتییبوون لاواز نەکەن و نەسڕنەوە. کەمایەتیی و زۆرینەیی لەم جیهانی بەختەوەرییەدا بوونی نییە، هیچ کولتوور و ئایین و نەتەوەیەک بە ناوی کەمینەوە ناچەوسێنرێتەوە یان جیاوزی لە مافەکانی و ئەرکەکانیدا ناکرێت. ماف و ئەرک لەسەر بنەمای هاوڵاتییبوون ڕێکدەخرێت. لەم جیهانی بەختەوەرییەدا، ئەوەی کە پێشینەی هەیە، ژیانی مرۆڤەکان و مرۆڤسازییە، مرۆڤپەروەرییە، ژینگە پارێزیە، دیموکراتیی و یەکسانیی و دادپەروەرییە. کۆسیستمی ژیان و ژینگە دەپارێزرێت،  سەرەکیترین پرنسیپ، پرنسیپی پێکەوەژیانە، پێکەوە کارکردنە، پێکەوە دژایەتیکردنی سڕینەوەی هەر جۆرە جیاوازییەکە. جیاوازیەکان ڕێزی خۆیان هەیە و نابن بە جیاکاریی.
ئەوە، پەروەردەی کۆنەباوە، کە لە تاقیکردنەوەکاندا نمرەی کردووە بە پێوەر، زیرەکی و بڕینی قۆناغەکانی خوێندن و زانکۆی کردووە بە پێوەر، بەڵام لە پەروەردەی شۆڕشگێرانەدا، هەڵسەنگاندن و ئاراستەکردن پێوەرن. ئەوەی زانکۆ و قۆناغەکانی یەک لە دوای یەک تەواو ناکات، یان بۆی تەواوناکرێت، بە واتای تەمەڵی و هیچ نەزانیی نایەتە حسابکردن، بەڵکو لەم پەروەردە نوێیەدا چالاکی هەمەجۆری مرۆڤەکان حسابی بۆ دەکرێت. ئەو جوتیارەی لە کێڵگەکەیدا بە توانایە و بەرهەمی پوختی هەیە، وەک زانای فیزیایی و کیمیایی و مێژوونووس و کۆمەڵناس و سایکۆلۆجییناس بەهای خۆی هەیە و، پێویستە بۆ پێکەوە ژیان و، تەواوکردن و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی ژیان و ژینگە. مرۆڤە خاوەن پێویستییە تایبەتەکان، وەک مرۆڤی ساغڵەم ڕێز و شکۆیان دەپارێزرێت و مافیان پێشێل ناکرێت.
پەروەردەی شۆرشگێرانە، مرۆڤەیلێکی پڕ لە ڕەوشت و عەقڵانی بەرهەم دێنێت، کە ژیانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانیان بەلاوە سەرەکیی و گرینگە، نەک نەتەوەپەرستی و ئایینپەرستی، یان کولتوورپەرستیەکی ڕووت کە هیچ بەهایەکی نەبێت بۆ مرۆڤسازیی و ژیاندۆستیی.
پەروەردەی شۆڕشگێرانە شکۆی هەموو مرۆڤەکان و شکۆی هەموو شوناسەکان و شکۆی هەموو کولتوورەکان و شکۆی هەموو ئایینەکانی، بەلاوە گرینگە و، پێگە و ڕێزیان دەپارێزێت و هەموویان وەکیەک لەبەردەم تەرازوی داد و دادوەرییدا ڕادەوەستێنێت.
پەروەردەی شۆڕشگێرانە، شوناسی مرۆڤبوون و ژینگەدۆستی پێش هەر شوناسێکی تر لەلای گرینگ و بە بایەخە.
پەروەردەی شۆڕشگێرانە، هەوێنی بەدیهێنانی ئەو عەقڵێت و بیرکردنەوەیەیە، کە فێرخوازان وا پەروەردە دەکات، کە سەربەخۆیی و ڕزگاری و ئازادی پرس و مەسەلەیەکە بۆ هەمووان، نەک بۆ ئەم ئایین، یان ئەو نەتەوە و ئەو کولتوور.
بنەمای سەرەکی ئەم پەروەردەیە، گفتوگۆکردنە نەک سەپاندن، تێگەیشتنە نەک زۆرە ملێ. دەرفەتی ناڕازیبوون، بۆ هەر مرۆڤێک، نەتەوەیەک، ئایینێک، کولتوورێک دەڕەخسێنێت، تا ئەوەی بەڕاستی دەزانێت، پێی لەسەر دابگرێت، تەنها بەو مەرجەی تێکدەری ئازادیی و ڕزگارییە گشتیەکەی کۆمەڵ نەبێت، کە پەروەردە شۆڕشگێڕیەکە بەرهەمی هێناوە.
هەموو ئەمانە بە قسەکردن و بە نووسین نایەتە دی، بەڵکو بە هەوڵ و کۆشش و خەباتی هەموو ئەو مرۆڤانە دێتە دی، کە چەوساوە و ستەمدیدەن. بێگومان چەوساوەکان و ستەمدیدەکان، هەمەچەشنن، چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینیی و چینایەتیی و کلوتووری لە پەروەردەی کۆنەباودا لە ئارادایە. تەنانەت هەندێک لە توێژەکان وەک توێژی ژنان چەندان چەوساندنەوەیان لەسەرە، لە لایەک چەوساندنەوەی کولتوور و خێڵ، لە لایەکی تر چەوساندنەوەی پیاوسالاری.
پەروەردەی شۆرشگێرانە، ئەو پەروەردەیەیە کە هەموو چەوساندنەوە و ستەمدیدەییەک دەسڕێتەوە و دەیخاتە حسابتی خۆیەوە و کار بۆ سڕینەوەی دەکات.
پەروەردەی شۆڕشگێرانە، فێرخوازەکان لێوەی فێردەبن، کە چەوساندنەوە و ستەمکاریەکان تەنها شتێک نییە لە مێشکی مرۆڤەکاندا، بەڵکو لە ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، بۆیە تەنها بە قسەکردن لانابرێت، بەڵکو بە بەدیهێنانی جیهانێک لادەبرێت، کە چەوساندنەوە و چەوسێنەری تیا نەمێنێت. ئەم پەروەردەیە، فێرخواز لێوەی فێر دەبێت، کە ئەوە، پەرشوبڵاوی مرۆڤە  ستەمدیدەکانە، کە ڕێگرە لەبەردەم ئازادی و ڕزگاریی بۆ هەمووان. ئەو پەرشوبڵاویی و دابڕانەی چەوساوەکانیش کولتووری زاڵی دەسەڵاتە چەوسێنەرەکانە، کە شەڕێکی نەگریس و نەخوازراوی لە نێوان چەوساوە و ستەمدیدەکاندا دروست کردووە. لە جیاتی ئەوەی ئایین و نەتەوە و کولتوور و چینە چەوساوەکان یەکبگرن، دژی ئەو دەسەڵاتەی هەموویان دەچەوسێنێتەوە، کەچی کولتووری لە یەکدابڕان و جیاکاری لە نێوانیاندا دروستکردووە، ئەمە کێشەی سەرکەی تێنەگەیشتنی چەوساوە و ستەمدیدەکانە، کە بە پەروەردەی شۆرشگێڕانە چەوساوە و ستەمدیدەکان لێوەی فێر دەبن، کە یەکبگرن و جیهانێکی بەختەوەر و پێکەوە ژیان پێک بهێنن بۆ خۆیان بە بێ جیاوازی و، شکۆمەندانە بۆ ژیان بمرن نەک بۆ مردن بژین.
6-8-2022

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە