مرۆڤ و راستینەیی گەردون

16/09/2022

کمال محمد


مرۆڤ بونەوەرێکی بە ھزرەو بە ھزر ھەڵدەسورێت، ھیچ بونەوەرێکی گەردون کە لە ئانی خۆیدا بژی ئاوڕ لە خۆی ناداتەوە و پرسیاری من کێم ئاراستەی خۆی ناکات و بیری لێ ناکاتەوە نە گیانەوەران و نە ھیچ روەکێک ،بەڵام ئەوە مرۆڤە ھزر و پرسیار کردنی ئاراستەی گەردون ئەکات بەتایبەت پرسیاری (من کێم؟)رەنگە ھۆکاری ئەم ھزر و ھەڵسورانەش گەیشتن بێت بە ئامانجی پەرەسەندنی گەردونی  ،ھۆکاری ئازادی بیرکردنەوەش بەندە بە رادەی تێگەشتنەوە چون لە گەردوندا خواست و ئارەزووی ئازادی ھەیە بۆیە ھەرکات مرۆڤ دەست بە تێگەشتن بکات ئازادیش پەرەسەندنی نوێ بە خۆوە ئەبینێت ،

گشتگیری و ئاوێتەبون بە مرۆڤ و گەردونەوە دیارە کاتێک مرۆڤ لە کەسایەتی خۆیدا نوێنەرایەتی گەردون بونیش ئەکات چون مرۆڤی تاک و گەردونیش ئاوێتەی یەکدین ،کاراتر بون و قوڵبون لە فیکردا پەیوەستە بە خۆتێپەرکردنی مرۆڤەوەیە ھەربۆیە بەدواداچونی حەقیقەت  تایبەتمەندی حاشاھەڵنەگری مرۆڤ بوونە ،لە مرۆڤدا ھەرکات خواستی تێپەرکردن و زانین بە دوای حەقیقەتەکان ھەبوئەوکات پێشکەوتنی فیکری و مرۆڤایەتی لێ بەرھەم دێت ،دەشێ لە سەرەتاکانی مرۆڤایەتیدا لە ھزردا قوڵایی بەدەست نەھێنرابێت و دوچاری دەست نەکەوتنی چەندین وەڵامی پرسیاری مابێت  ،بەڵام ھێشتان مرۆڤ لەروی ئاستە سەرەکییەکەوە راست بوەو لەرێ لادانی لەئارادا نەبوە،

بینینی گەردون و سروشت وەک ھەبونێکی کاریگەر و زیندوو شێوازی تێگەی مرۆڤە لەمەر راستینەییەکانی گەردون ،ئەمەش بناغەیی ترین فیکری مرۆڤە کە بەشێوەیەکی زیندوو بۆ گەردون ئەروانێت چون لە بنەمادا مرۆڤ لەگەڵ سەرجەم جەوھەرەکانی نێو سروشت لەپەیوەندیدایە دەکرێ بوترێ مرۆڤ کۆی راستینەییە گەردونییەکانە و دەستپێکردن بە توێژینەوە گەردونییەکان لە لایەن مرۆڤەوە ئاسۆی گەیشتنی روناکتر کردۆتەوە چون جگە لە مرۆڤ ھیچ زانیارییەکی گەردونی نییە بنیاد نرابێت ھەر ئەمەشە وایکردوە گرنگیدان بە مرۆڤ و جێگیرکردنی لە ریزی پێشەوەی گیانەوەران نرخێکی گەورەی ھەیە  ،

لەم گەردونەدا کۆمەڵایەتی بون ھەلومەرجی ھەبونی مرۆڤە و زەمینەیەک بوە بۆی ،ھەر گەیشتنێک بە زانیارییەکی گەردون و بونیادنانی لەگەوھەردا ھێمایەک بوە بۆ زیاتر بە مرۆڤ بوون  ،لەئەنجامیشدا سەرلەنوێ خوبونیادناوە تێکۆشانی سەلماندنی گەوھەری مرۆڤ بوونە ،لە پەرتوکە پیرۆزەکاندا خودای گەورە دەفەرموێ کە بۆ پێزانین مرۆڤی خوڵقاندوەو مرۆڤە دەبێتە سەلمێنەری خودا و لە سایەی مرۆڤیشەوەیە خودا ھەست بە بونی ئەکات ھەمو ئەم زانینانە واتایەکی گەورەیان ھەیە .

ئێمە ئەتوانین زیاتر رەوت بکەین لەسەر مرۆڤ و گەردون چون کاتێک مرۆڤ زمانی گەردون بێت دەشێت سروشتێکی ھزرمەندی ھەبێت کە خۆی و گەردونی پێ ناسیوەتەوە ،بەڵام سەرباری گەیشتنی ئاستی زانینی مرۆڤ و زانست بەم ئاستەی ئێستاشەوە نابێت نکوڵی لەوە بکەین کە گەردون پڕە لە شاراوەیی و مرۆڤ تا چەند ئەتوانێ لە راستینەییەکانی تێبگات و شرۆڤەی بکات ئەمە خۆی لە خۆیدا گرنگترین پرسیارە کە وەڵامەکەی پێویستی بە رێبازێکی قوڵی بیرکردنەوە ھەیە کە کورتترین رێگای گەیشتن بە ئامانجەکە دیاری بکات .

لێکۆڵینەوەکانی بواری کوانتۆم چەمکی مادەی بێ گیانی لە گەردوندا رەتکردۆتەوە و پێی وایە زیندویی جەوھەری گەردونە و گەردون بە زھن و مادەکانییەوە دەکرێ وەکو ئۆرگانیزمێکی زیندوو ھەڵسەنگێنرێت ،لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش لەم بوارەدا نیشانیانداوە کە یەکەمین مرۆڤ پێی وایە ھەمو شتێک زیندوە لە گەردوندا و پێی وایە سروشت دایکی مرۆڤەو مرۆڤیش کۆرپەلەی گەردون ،یەکەمین تێگەو شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤ ئانیزمییە کە دەکرێ وەکو زیندەگەرایی و رۆحگەرایی پێناسەی بکەین چون ھەردوکیان واتایەکیان ھەیە و مرۆڤ پێی وایە لە گەردوندا ھەمو شتێک زیندوە و ھەر بونەوەرێک رۆحی ھەیەو ھەر رۆحیشە زیندوبون نیشان ئەدات ،بۆیە مرۆڤ پێی وایە پێویستی بە خۆگونجاندنە لەگەڵ زیندوەکانی گەردوندا تا لە راستینەییەکانی زیاتر بگات  و ھێزی خۆی بە لوتگە بگەیەنێت و لە سروشت دانەبڕێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە