لەچکی سیاسی

23/09/2022

سەردەشت محمد

 پاش کۆچی دوایی کچە کوردەکەی سەقز "ژینا امینی" تادێت بازنەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دژ بە سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە ڕوو لەفراوانبوون دەکات، ئاستی ناڕەزایەتییەکان بە قۆناغێک گەیشتووە ئەوانەی زۆر بەوردی چاودێری بارودۆخەکەدەکەن پێیان وایە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە ئەستەمە هەروا بەزویی کۆتایی بێت، ئەمە یەکەمینجار نییە،ڕوداوێک ببێت بەپاڵنەر بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ناڕەزایەتی و سەنگەر لەیەکگرتنی خەڵک و هێزە ئەمنییەکانی ئێران، ئێمە بەر لە ڕووداویی مردنی "ژینا"یش دەمانزانی گەلی ئێران تەنها بڕیاریی باڵاپۆشی نیگەرانی نەکردوون، برسێتی و بەرزبونەوەی ڕێژەی هەژاریی، ڕێگری کردن لە ئازادی ڕادەربڕین، نەبونی هەلی کار ، سەروەرنەبونی یاسا، جیاوازی کردن لەنێوان گەلانی ئێراندا، هتد... ئەمانە و دەیان گرفت و قەیرانی دیکە خەڵکی ئێرانی بێتاقەتو ماندو کردووە. هەربۆیە ئەمڕۆ بەچاوی خۆمان دەبینین کوژرانی "ژینا" لەبەر ئەوەی لەچکەکەی بەپێی یاسا بەسەر سەریدا نەداوە، دەبێت بە پاڵنەر بۆ ئەوەی گەل سڵ لەمردن نەکاتەوە، ئەودۆخەی دەیان ساڵە گەلی ئێرانی تێکەوتووە، دۆخێکە دەکرێت لەهەرچرکەیەکدا ڕوداوێکی بچوک ببێتە پاڵنەرێک بۆ هەڵگرساندن و ڕوودانی ناڕەزاییەتییەکی گەورە لەو وڵاتەدا، ئەوەی ئەمڕۆ بووە بەهۆکارێک خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان مردنی ژینا و بێزاری کچان و ژنانی ئێرانە لەو لەچکە سیاسییەی کە بەزۆر بەسەریاندا سەپێنراوە پیاوەکانیش ئەم نیگەرانیەی کچان و ژنان بەدەرفەت دەزانن و پشتگیرییان دەکەن ئەگەر ئێران بتوانێت ئەمجارەیش بەزۆری هێز و لەڕێگەی دەستگیرکردن و کوشتنی خەڵکی سڤیلەوە سەرکەوتن بەسەر گەلدا بەدەست بێنێت ئەوا بێگومانین لەوەی سبەینێ ڕووداوێکی دیکە دەبێتەهۆکار بۆئەوەی جارێکی دیکە گەلی ئێران بێنەوە سەرشەقام، گەلی ئێران بەجۆرێک توڕەو نیگەرانن لە سیستمی سیاسی لەو وڵاتەدا دەکرێت لە ڕووداوێکی ساددەوە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ڕووبدات، ئەمە بۆ هەرگەل و نەتەوە و وڵاتێکی دیکەش کە هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە دروستە، بەتایبەت ئەم ڕووداوە بۆ تورکیا پەیامێکی زۆر ڕوونە و گومانی تێدا نییە ڕۆژێک دێت پروشکی ئاگری ناڕەزایەتییەکانی کوردانی ئێرانیش شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی تورکیاش دەگرێتەوە، بینیمان چۆن ناڕەزایەتییەکانی گەلی کورد لەباشوور و خۆرئاوا بەکوێ گەیشت، دەبێت لەوە دڵنیاببینەوە ئەگەر ئەمجارەش ناڕەزایەتییەکانی کوردانی ئێران بە ئەنجام نەگات ئەوا لەداهاتوودا کورد هەر بەو ئاواتەی خۆی دەگات،بۆیە بۆ ئێران و تورکیاش باشترین چارەسەر تەنها داننانە بە مافەکانی کوردا بەشێوەیەکی ئاشتیانە نەک نکۆڵیکردن لەو مافەی کە خودا بەگەلێکی وەک کوردی داوە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە