بۆچونێکی زۆر کورت لەسەر قسەکانی عەلی حەمەساڵح

24/09/2022

خالد سلێمان

عەلی حەمە ساڵح، ئەگەر کەمێک لە سیاسەت تێبگات و واز لەوە بهێنێت لەبەردەم شاشەکاندا وەک پاڵەوانێک دەربکەوێت، باش لەوە تێدەگات کە کاردانەوەی خەڵک دووای کوشتنی #ژینا_ئەمینی، دژی ئاینى ئیسلام و سەرپۆش نیە، بەقەدەر ئەوەی دژی سیستمێکی ستەمکارییە، ڕەمزییەتی سەرپۆشی لە تاریکیدا داگیرکردووە. ژنانی ئێران، بە ژنانی کوردیشەوە، نزیکەی نیو سەدەیە وەک کەرەستە تەماشا دەکرێن و دیلی فەرمانڕەوایی دەستەبژێرێکی ئاینیین، وەک سەرمایەیەکی ئایدیۆلۆژی تەماشای سەرپۆش و پەچە دەکات. ئایدیۆلۆیایەکی بارگاوی بە ستەم و ناڕەوایی و نابەرابەریی. بەبێ ئەم دەستەبژێرەش ژنانی کوردو فارس و کۆمەڵگەکانی تر سەرپۆش دەپۆشن و هەرگیز ئەم جۆرە خۆپۆشینەش نەبووەتە جێگەی ململانێ و کاردانەوەی وەک ئەوانەی بینران، بەڵام کاتێک سیاسییەک کە گوتارێکی پۆپۆلیستی و میدیاى بۆمبارانکردن دروستی دەکات، ئیتر بەبێ ئەوەی لە هۆکاری پشتەوەی ڕووداوەکان تێبگات، بەڕاست و چەپدا قسە دەکات. عەلی حەمە ساڵح، نموونەیەکی ڕوونی ئەم جۆرە سیاسەتەیە.
نووسینی ئەم پۆستە بچووکە، پەیوەستە بە پرسیارێک کە کەسێک دەربارەی کوشتنی ژینا ئەمینی لە عەلی حەمە ساڵحی کردووەو داوای لێدەکات ئەو چی هەیە بیڵێت؟ عەلی حەمە ساڵح-یش لە وەڵامدا دەنووسێت: (بەڵێ ئەو کچەی لە ئێران کوژراوە گوایە کوردە خەمبارین بۆی بەڵام ڕۆژهەڵاتیش بێ تامیان کردووە هەموویان دژی خوای گەورەن و دەبێت چاوەڕوانی لەوە خراپتر بن بەکورتی هەرکەسێک دژی دینی ئیسلام بێت ئەوە مەسیرێتی). 
لێرەدا نووسینەکەی حەمە ساڵه-م وەک خۆی داناوەو خاڵبەندیم بۆ نەکردووە، بۆ ئەوەی بزانین ئاستی بیرکردنەوەو تێگەیشتنی لە ڕستەکەدا بخوێنینەوە. هەڵبەتە باس لەوە ناکەم کە عەلی لێرەدا، بوختانێکی بێسەروبەر دژی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکات و دەڵێت (هەموویان دژی خوای گەورەن). هەر بەڕاستی جەنابی پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنووسی پێشوو، کە حەجیشت کردووە، ئەم حوکمەت لە کوێوە هێناو چۆن زانیت هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات دژی خوای گەورەن.
بەڕاستی تۆ لە سیاسیانەی کە زەلکاوی سیاسی دروستی کردوون، ئەگینا کەسێک نیە لەم دنیایەدا حوکمێکی ئاوەها موتڵەق بەسەر میللەتێکدا بدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی