ڕیفراندۆم و ئایندەی کورد

25/09/2022

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


بەبۆنەی کردەی ڕیفراندۆمەوە، دووجار ئایندەمان لە دەستداوە، جارێک ناتوانین باسی ڕیفراندۆمێکی دیکە بکەین و کەس بڕوای نەماوە بە شتێک ناوی ڕیفراندۆم بێت و بۆ دەوڵەتی کوردی بێت، جارێکی دیکەش ئەو دنیابینییە جیهانییەی کە لەسەر کورد هەبوو کە بتوانێت ئایندەیەکی باشی لە ناوچەکەدا هەبێت، لەدەست درا.

هەر کەس و لایەنێکیش، شاباشی سەرکەوتنی ئەم کەتنەش لێدەدات، دەیەوێت دووجار لە ئایندەدا نەدۆڕێت، یەکەم مێژوو نەفرەتی لێ نەکات، دووەم وەبەرهێنان بە پرسەکەوە بکات و هزر و بیری ناوخۆیی پێوە سەرقاڵ بکات. ئەگینا خۆ دەمێکە ئەنجامی ئەم کردەیە هەڵوەشێنراوەتەوە لەلایەن خودی ڕیفرادۆمچییەکانەوە.

ئێستا کە پرسی ڕیفراندۆم لە سێ هەرێمی ئۆکرانیا هاتۆتە پێش، جگە لە ڕوسیا کەس پشتیوانی ئەو ڕیفراندۆمە نییە، ئەوەی وێنەی ڕیفراندۆمەکەی کوردستانم بیردێنێتەوە ئەوەیە کە، هەردوو ڕیفراندۆمەکە تاک لایەنە بوون و جیهان دژی هەردوو ڕیفراندۆمەکە بوون "هەریەک لەکاتی خۆیدا"، ئەمەش نیشانەی نەشارەزایی هەڵسوڕێنەرانی پرسەکەیە و ئامانج گەل نییە بەڵکو تاکێکی دیاریکراوە.

بڕوامان وایە، تەواوی  تاکی کورد پرسێک ڕەت ناکاتەوە لەپێناو دەوڵەت بێت و ئامانج و مەبەستەکەی ڕوون بێت، بەڵام پرسێکی وەک ڕیفراندۆمەکەی کوردستان ڕەت دەکاتەوە کە لەسەرەتاوە بۆ ئێستا، بۆ کەس ڕوون نەبووە ئامانجی پشتەوەی ئەو کەللەڕەقی و پێداگرییە توندە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەپێناو  چیدا بووە؟

لەئێستاوە، کورد ئایندەی سیاسی خۆیی دۆڕاندووە، دۆڕاندنێک کە پەیوەستە بە ڕیفراندۆمەوە، دۆڕانێک جارێکی دیکە هیچ زلهێز و وڵاتێکی ناوچەکە کۆمەکی کورد ناکات و هەمیشە ڕێگر دەبن لەبەهێزبوونەوەی کورد و مەترسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکە. 
بەمانایەکی دیکە، جوڵەی سیاسی کورد لە ئایندەدا، لەسێبەری پرسی ڕیفراندۆمدا دەبێت، هەمیشە تارمایی ئەم کەتنە پێنەگەییوە، بەزیووە، ناڕەخسیووە، بەسەر نەتەوە و تاک و سیاسەتی کوردەوەیە و دەرفەتی هەموو جوڵەیەکی سیاسی کەم دەکاتەوە وەک ئەوەی لەقاڵب درابێتین.

یەکێک لەو سیگناڵ و ئاماژانەش کە پێماندەڵێت ئایندەیەی کورد لەبەردەم مەترسیدایە، پێداگری و پەندوەرنەگرتنە لە گلانی یەکەمجارمان لەمەیدانی ڕیفراندۆمێکی مایەپووچدا، ئێمە نەک سوودمان لە گلانی یەکەمجارمان وەرنەگرت، بەڵکو باس لەوەش دەکەینەوە جارێکی دیکە سواری ئەم ئەسپە گلاوە ببینەوە!

ئەگەر شکستی یەکەمجاری ڕیفراندۆم، نەبێتە پەند و پێش لە هەر بیرێکی ناتەندروستی سیاسی نەگیرێت، ئەوا ئایندەمان لەبەردەم چوونەوە ناوخۆ و بچوکبوونەوەیەکی دیکەدایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی