پرۆژەیەکی بریتانی بۆ گواستنەوەی سەد هەزار کەس لە کوردستانەوە بۆ بەرازیل

29/11/2022

جەبار قادر

دکتۆر جەبار قادر لەم ڕۆژانەدا وتارێکم بەرچاو کەوت باس لە پرۆژەیەکی دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵی بریتانی لە میزۆپۆتامیا و کوردستان دەکات بۆ گواستنەوەی سەد هەزار کەس لە باشووری کوردستانەوە بۆ ناوچەی پەرانای بەرازیل لە بیستەکان و دەسپێکی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا. وتارەکە لە بنەمادا بە زمانی پورتوگالییە و نووسەرەکەی ناوی ڕووی کەڤالین پینتۆیە، ناونیشانی وتارەکەشی (کوردانی پەرانا)یە.
هەڵبەتە من زمانی پورتوگالی نازانم و لە ڕێگای گووگڵ ترانسلەیتەوە کردم بە عەرەبی و ئینگلیزی و ڕووسی، عەرەبییەکەی ناڕێک بوو، بۆیە پشتم بە وەرگێرانە ئینگلیزی و ڕووسییەکە بەست و توانیم بیخوێنمەوە و لە ناوەڕۆکەکەی تێبگەم.
حەزم کرد لێرەدا پوختەکەیەکی بخەمە بەردەم خوێنەرانی خۆشەویست. وتارەکە بە زمانی پورتوگالی لەم سایتەی (ئەکادیمیای ئەدەبیاتی پەرانا) بڵاوکراوەتەوە، کە ڕووی کەڤالین پینتۆ ئەندامێتی، بەڵام ڕۆژ و ساڵی بڵاوبوونەوەی بەسەرەوە نییە: http://academiaparanaensedeletras.com.br/.../os-curdos-e.../نووسەر باسێکی کورت لە بارەی کوردەوە دەکات و دەڵێ کە دانیشتوانی ڕەسەن و دێرینی ناوچەیەکن بە ناوی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک. وڵاتەکەیان بووە بە بەشێک لە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا. بە وتەی پینتۆ کورد عەرەب نین، بەڵکو هیندۆ- ئەوروپایین و بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر میدەکانی ئێرانی کۆن.
گەلێکی خاوەن مێژوو و کولتوور و زمانی چەندین سەدەن. ژمارەی کوردیش بە ٢٥ – ٣٠ ملیۆن دەخەمڵێنێت ، وەک زۆر نووسەری دیکە، ئەمیش بە هەڵە کورد بە گەورەترین گروپی ئیتنیکی دادەنێت کە خاوەن دەوڵەتی خۆی نییە. باسی موسوڵمانێتی و زۆرینەی سوننە و کەمینەی شیعەش لە نیو کورددا دەکات. پینتۆ ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا بریتانیا بەتەمای هاوکاری کورد بوو لە دژی دەوڵەتی عوسمانی.
لە ڕاستیدا لە کاتی شەڕدا کورد خۆی وەک عەرەبەکان نەداوە پاڵ هاوپەیمانان و تا دوا ڕۆژ بە دڵسۆزی لە تەك تورکدا مایەوە، ئەمەش یەکێ لەو هۆیانە بوو کە لە دوای ئەوشەڕە نەیتوانی ڕۆڵێکی وای هەبێ لە دیارکردنی چارەنووسی خۆیدا. پێموایە لێرەدا نووسەر باس لە ئاسوورییەکان دەکات نەک کورد و ئەمەش لە خوارەوە باشتر ڕوون دەبێتەوە.
لە دوای ئەو باسانە نووسەر ئاماژە بە مۆرکردنی پەیماننامەی سێڤر دەکات کە بە وتەی ئەو دانی دەنا بە جۆرە قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمیدا بۆ کورد. بەڵام حکوومەتی ئەنقەرە ڕەتکردەوە و لە جەنگدا بوو لە دژی داگیرکەران و بە مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان باسی دەوڵەت بۆ کورد لە ئارادا نەما. دوا بەدوای ئەم باس و خواسانە ڕووی پینتۆ دێتە سەر کرۆکی وتارەکەی و دەنووسێ: ( لەو کاتەدا لە ژێر دروشمی بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی کورد، حکوومەتی ئینگلیز و کۆمەڵەی گەلان و دامەزراوە داراییەکانی(Lazard Brothers) و((Rotschild House و میری وێڵز لە پشتی ڕێککەوتنێکەوە بوون کە لە گەڵ کێڵگەیەکی گەورەی پەڕانا و حکوومەتی بەرازیل و حکوومەتی ویلایەتی پەڕانادا مۆر کرا بۆ ئەوەی ئەو کوردانەی لە عێراق لە ژێر پارێزگاری و چاودێری سوپای بریتانیادا بوون سەد هەزار کەسیان لێ بگوێزنەوە بۆ باکووری پەڕانا.
پەڕانا دانیشتوانی زۆر کەم بوون بەڵام ئەو ڕێکارانەی دەگیرانە بەر بۆ کۆڵۆنیزەکردنی دەرفەتی گەورەیان بۆ کارکردن و ژیان دەخستە ڕوو).
پەرانا یەکێ لە ٢٦ ویلایەتە فیدیرالییەکەی بەرازیلە و ناوچەیەکی بەرزایی و شاخاوییە و لە باشووری ئەو وڵاتەدا هەڵکەوتووە، پانتاییەکەی ١٩٩ هەزار و ٣٠٨ کم٢ و ژمارەی دانیشتوانی بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ١١ ملیۆن و نیوە. ئێستاش لە یەک کم٢ تەنها ٥٧ کەس دەژین، پایتەختی ویلایەتەکە کووریتیبایە. پرۆژەی بردنی سەد هەزار دانیشتووی کوردستان بۆ پەرانای بەرازیل بە نهێنی کاری لەسەر دەکرا و تا کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٣ ئاگادارییەکی ئەوتۆی لە بارەوە نەبوو.
تەنها ئەو کاتە هەوالەکان دزیان کرد و گەیشتنە ئەنجومەنی نیشتمانی بەرزایل. هەرچەندە لە ساڵی ١٨٩٠ەوە هێنانی ئەفریقایی و ئاسیایی بۆ بەرازیل دەبوایە بە ڕەزامەندیی ئەو ئەنجومەنە بوایە، بەڵام بۆ ئەم پرۆژەیە تەنها حکومەتی پەڕانا ڕەزامەندی دابوو و ئەوەش لە ژێر فشاری کۆمەڵەی گەلاندا بوو. بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بە سەرۆکایەتی جەنەراڵی ئینگلیز ج. گێلبێرت براون فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی بریتانیا لە عێراق و ج. ج. جۆنسن سکرتێری نووسینگەی کاروباری ئاوارەکان و چارلز کە ڕاوێژکار بوو لە باڵیۆزخانەی سویسرا، سەردانی باکووری پەرانای کرد بۆ ئەوەی لە بارودۆخی گوزەران و مەرجە تەندروستییەکان لە ناچەکە بکۆڵێتەوە ئایە دەگونجێن بۆ دروستکردنی نیشینگەیەک بۆ ڕاگوێزراوەکانی کوردستان بۆ بەرازیل و "پرسی بە شارستانی کردنیان ئاسان بکەن". بریتانییەکان بە هاوکاری ئەو دامەزراوانە هەزار و چوارسەد ئاکر زەوییان لە نزیک جاتای کڕی کە ناوچەیەکی لاڕێ و داخراو بوو و بە بەرزایی دوو مەتر و نیو تەلبەند کرا بوو و دەوری گێرا بوو بۆ ئەوەی "کوردەکان!" تێیدا بە ئازادی بژین و کار بکەن . ئاشکرابوونی زانیاری لە بارەی پلانەکەوە کاردانەوەی توندی ئەندامانی کۆنگرێسی نیشتمانی و میدیا و بیروڕای گشتی لێ کەوتەوە. لە بەکارهێنانی دەستەواژەیەکیشەوە کە نووسریش لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی پێ کردووە، لەوە تێدەگەین باس لە کێ دەکرا ، واتا ئەو کەسانە کێ بوون کە بریتانیا دەیوسیت بیانگوێزێتەوە بۆ بەرازیل. دەستەواژەکە بریتی بوو لە (داگیرکاری ئاسووری!) کە هەندێ لە ڕۆژنامەکان بەکاریان ‌هێنابوو.
هەر بەو بۆنەیەوە لە میدیای ئەو وڵاتە قسەی زۆر نابەجێ بە کورد و ئاسووری کران و بە کێوی، دوور لە شارستانیەت، ئەو کەسانەی هەر خەریکی هەڵگژانن بە چیاکاندا پێناسە دەکران. ئەو خەڵکەی بڕیار بوو لە کوردستانەوە بگوێزرێنەوە بۆ پەرانای بەرازیل ئاسووری بوون نەک کورد. ڕووداوەکانی بەکارهێنانی نەهامەتی ئاسوورییەکان لە لایەن کاربەدەستانی ئینگلیزەوە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک زۆریان لە بارەوە وتراوە. ڕاکردنی ئاسوورییەکان لە چەوسانەوە و کوشتار لەسەر دەستی دەسەڵاتی عوسمانی و ئیتیحاد و تەرەقی و دراتریش کەمالی بۆ ورمێ و لەوێشەوە بۆ عێراقی ئەمڕۆ بەشێکی زۆری بەپێی پلان و پیلانی ئەو کاربەدەستە ئینگلیزانە بوو. لە ورمێ کێشە و ئاڵۆزی و گۆبەنی زۆریان لە گەڵ کوردی ئەو ناوچەیەدا دروست کرد و ناچار بوون پەنا ببەنە بەر هێزی داگیرکاری بریتانی لە عێراق.
کاربەدەستانی ئینگلیز لە عێراق هێزی لیڤییان لێ دروست کردن و لە دژی بزووتنەوەی دژ بە کۆڵۆڵۆنیالزمی بریتانی کورد و عەرەب بەکاریان هێنان.
بەم کردەوانەش ژینگەیەکی ترسناکیان بۆ مانەوە و ژیانی ئاسوورییەکان لە عێراق و کوردستان دروست کرد. کاتێ سوپای عێراق کەوتە سەر پێی خۆی و پێویستیی بە ‌هێزی لیڤی نەما، بریتانییەکان بیریان لە چارەسەرێک بۆ پرسی ئەم لێقەوماوانە کردەوە و هەندێ پرۆژەی زۆر ناواقیعیان خستە ڕوو بۆ دروستکردنی "وڵاتێك" بۆ ئاسوورییەکان لەسەر حیسابی کورد کە کاردانەوەی توندی خەڵکی لێ کەوتەوە و باری ئاسوورییەکانی سەختتر دەکرد، لە کۆتاییدا کران بە قوربانی لەسەر دەستی سوپای عێراق کە لە ساڵی ١٩٣٣ لە سمێل خەڵکێکی زۆری لێ کوشتن، کە بەپێی سەرچاوە بریتانییەکان نزیکەی (٦٠٠) کەس و بەپێی سەرچاوە ئاسوورییەکان سێ هەزار کەس بوون. هەندێ جار لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرا کە بریتانییەکان بیریان لەوە دەکردەوە ئاسوورییەکان ببەن بۆ شوێنێکی دیکە، باڵام زیاتر باس لە ئەمریکا، کەنەدا و ئوستورالیا دەکرا، نەک بەرازیل.
ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم پرۆژەیە دەیانیگرتەوە مایەی سەرنج و تێڕامانە، چونکە ئەو دەمە ژمارەی هەموو کرستیانەکانی عێراق بە ئاسووری و کلدانی و ئەرمەنییەوە نەدەگەیشتە سەد هەزار کەس.
 پێموانیە مەبەستی ئینگلیزەکان بردنی هەموو مەسیحییەکان بووبێت، چونکە کلدانییەکان لە دێر زەمانەوە نیشتەجێی ئەو شوێنانە بوون کە ژیانیان تێدا بەسەر دەبردن، بەڵام ئاسوورییەکان لە هەکارییەوە هاتبوون و هێشتا تێکەڵاوی دانیشتوانی ناوچەکە نەبووبوون، بەڵام ژمارەیان نەدەگەیشتە نیوەی ئەو ژمارەیەش کە بڕیار بوو بەپێی ئەو پلانە بگوێزرێنەوە بۆ بەرازیل. ئەمەش پرسیارێکە و ڕەنگبێ وەڵامی لە بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی بریتانیدا دەست بکەوێت.
 کێ ناڵێ ئەگەر ئەم پرۆژە سەری بگرتبایە، بیریان لە بردنی خەڵکی دیکەش نەدەکردەوە. لە کۆتاییدا خاوەن کێڵگە و زەوییەکانی پەرانا لەوە تێگەیشتن کە جێبەجێ کردنی ئەم پرۆژەیە ژیان و بەرژەوەندیان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە پەشیمان بوونەوە و ئەم پپلانەی کۆڵۆنیالیزمی بریتانی سەری نەگرت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی