رۆژی 10ی
حوزەیرانی 2024، ئەو وادەیە بەکۆتاھات کە دواجار
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردبوو، ئەمجارەشیان ناکۆکیە حزبیەکان بەتایبەت
ناکۆکیەکانی (پارتی و یەکێتی) رێگربوون بەوەی ئەمجارەشیان لەو وادەیە ھەڵبژاردن
بکرێ.
لە ھەرێمی کوردستاندا وێڕای فشارە دەرەکی و ناوخپییەکان
بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەڵام ھێشتان وادەیەکی تازە بۆ ھەڵبژاردن دیاری نەکراوە،
ئەگەرچی کۆمسیۆنی سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەم چەند مانگەی دوایی پرسی
بازنەکانی ھەلبژاردن و ژمارەی کورسی بازنەکان و پرسی کۆتاکانی یەکلاکردەوە. وادەی
تۆمارکردنی کیانی سیاسی وکاندیدی سەربەخۆ لە لایەن کۆمسیۆن کرایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وادەی
کارکردنی نێردەی نەتەوەیەکگرتەوەکانی لە عێراق درێژکردەوە، کە یەکێک لە کارەکانی
یۆنامی لەماوەی مانەوەیان لە عێراق، دەبێت سەرپەرشتی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان بکات.
شایانی باسە، لەگەڵ ھەموو ئەو پێشھاتانەدا کە لەسەر
ئاستی جیھانی و ناوخۆیی ھاتبوونە پێش دەبوو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ڕاوێژ لەگەڵ
لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وادەیەکی تازە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان دیاری بکات.
دیارینەکردنی وادەی تازەی ھەڵبژاردن ئەوەمان پێدەڵێت کە
تا ئێستا ئیرادەیەکی سیاسی نیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بە دیوێکی دیکە ھێشتان
مەترسییەکان بەھەند وەرنەگیراون کە بەرۆکی ئەزموونی سیاسی ھەرێمی کوردستانیان گرتۆتەوە.
ئەنجام نەدانی ھەڵبژاردن واتا لە دەستدانی شەرعیەتی
تەواوی ئەزموونی سیاسی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا بەھۆی چەندین جار
درێژکردنەوەی وادەی ھەڵبژاردن شەرعیەتەکە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە.
وەک دەزانرێت لە ئێستادا لە نێوانی پارتی و یەکێتی بۆ
شکاندنی بەستەڵەکی نێوانیان دانیشتنی ڕاستەوخۆ نابیندرێت، بەڵام ئەوە بەو مانانی
ئەوە نایەت کە ئەو دوو حزبە خەتی
معاویەیان پچراند بێت و لە پشتی پەردەوە ئەجێندای دیکەیان نەبێت.
لە ماوەی ڕابردوو ئێرانیەکان بە ئاشکرا سەبارەت بەم پرسە
ھاتونەتە سەر خەت، شاند دێت و شاد بۆ تاران دەچێت، ھاتنی سەرپەرشتیاری وەزیری
دەرەوەی ئێران بۆ ھەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی گەشتێکی بۆ بەغدا ئەوەمان پێدەڵیت
کە لە پشتی پەردەوە ئەجێندایەک ھەیە تا ئێستا سەردەداوەکانی دەرنەکەتوون.
بەرپرس تازیەبارەکەی ئێران، ئەگەر شتێک لە ھەگبەی نەبێت لە ئێستا ئەو
سەردانەی نەدەکرد، چونکە وڵاتەکەی خۆی لەبەردەم ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و
پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی دەرەوەیە کە بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەو
پۆستانە بەتاڵبوونە.
لە لایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە ھەیە کە پارتی دیموکراتی
کوردستان لەم چەند رۆژە دەچیتە ناو پرۆسەی ھەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ ئۆڕگانەکانی
حزبەکەی، لەنێو ئەو ھەموو پێشھاتانەدا بۆ سەرۆکی ھەرێم ئاسان نیە کاتێکی تازە بۆ
ھەڵبژاردن دیاری بکات، تا دڵنیا نەبێ کە وادەی تازەی ھەڵبژاردن بەدەردی ئەوانی
دیکە ناچێت، ھەر بۆیەشە دوای بەسەرچوونی وادەی 10ی حوزەیران ھیچ وادەیەکی دیکە بۆ
ئەنجامندانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن دیاری نەکراوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی