دان بەوەدا دەنێم ،
دوای ئەزموونی قووڵ و درێژ لەگەڵ دەروونی مرۆڤدا ، کە نەمتوانی بزانم مرۆڤەکان چۆن
دەتوانن لەگەڵ ئەو هەموو درۆیانەدا بژین .
سیگمۆند فرۆید
بەداخەوە بەرژەوەندی و
ململانێی تەسکی سیاسیی و حزبی نێوان حزبەکان وایکردووە دیاردەی فریودان و درۆکردن
وا تەشەنە بکات بگاتە ڕادەی ئەوەی بیکاتە پەردەیەک بۆ ناپاکیی و ، لەهەمان کاتدا بەجلی درۆ خۆت بە پاکترینیان دابنێیت و گوێنەدەیتە ئەوەی کە ئەم درۆکردنە چ کاریگەریی دەکاتە سەر ژیانی خەڵک و گۆڕینی
ڕێڕەوەکەی ؟! گۆبلز-ی وەزیری پڕوپاگەندەی
هیتلەر و نازیەکان مرد ، بەڵام ڕێبازەکەی
نەمرد ، گۆبلز لەدوای خۆی ژمارەیەکی زۆری لە قووتابیانی جێهێشت کە لەسەر ڕێگای ئەودا
دەڕۆن ، لەوانە هەندێکیان ئێستا لە کوردستانن وەک قوتابخانەی ئەدەبی و فکری ،
قوتابخانەی جۆرەها درۆ و تایبەتمەندی-یان
بەتایبەتی لە ڕاگەیاندن هەیە ، لەو قوتابخانەیەدا پەیڕەوانی دەگەنە قۆناغی باوەڕکردن بە درۆکانیان ، ئەم دیاردەیە بۆتە مەترسیەک
لەسەر هەرێمی کوردستان ، ئەوەتا لەناو خودی سیاسییەکاندا درۆ تەقدیس دەکرێت…مەترسی
پیرۆزکردنی درۆ لەوەدایە کە ئەوکەسەی ڕاستی دەشارێتەوە دەبێتە کەسێکی بێ کەموکوڕی
، بەپێچەوانەش کەسێک کە ڕاستیەکان ناشارێتەوە ناسروشتی دەردەکەوێت تۆنێکی ناتەبایە
لە سمفۆنیای گەردووندا و بەروەڕووی مرۆڤەکان بە ناشیرینی و گاڵتەجاڕی دەبێتەوە ، لەو
بڕوایەدام کە نەخۆشیە درێژخایەنەکە درۆ نیە ، بەڵکە لە ڕەوایەتیدان و پیرۆزکردن و
شکۆدارکردنی درۆیە ، چەندان ڕەنگیان بۆ درۆ داهێناوە ، لەوانە ڕەش و سپی و پورتەقالی
، سیاسەت بە هونەری درۆکردن ناو دەبەن ، وەرە سەیربکە تووشی چ دۆخێکی ماڵوێرانی بوینەتەوە
، خیانەت بە مۆدێرنە و دووفاقی بە زیرەکی و درۆش بە نواندن دادەنرێت ، ڕۆژێکیان لە
« بیکاسۆ»ی هونەرمەندی بەناوبانگی شێوەکار-یان پرسی ، بۆچی ناچیتە شانۆگەری ؟ وەڵامیدایەوە
( پەنجەرەیەکم هەیە دەڕوانێتە سەر شەقام و پێم وایە ئەوە بەسە ! هەمووان نواندن دەکەن
) درۆکانی ئێستا پاڵەوانی خۆیان هەیە و ، هەندێک لەو درۆزنانەی کن خۆمان شەرعیەتیان
داوەتە درۆ و بێ شەرم و حەیا لە شاشەی سەتەلایت و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بە ئاشکرا
درۆ دەکەن ، ڕێگەیەکی تری درۆکردن بەتایبەتی لە سۆشیالمیدیا هەیە ، ئەویش ئەوەیە
درۆیەک دروستبکە و دەستبکە بە پەرەپێدانی و کار لەسەر شیکردنەوەی ئەو درۆیە بکە کە
دروستتکردوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویبکەوە و وەک ڕاستیەکی ڕەها مامڵەی لەگەڵ
بکە بۆ سایتەکانی هەواڵ و سەتەلایتەکان بنێرە
و هەندێک کەسیش میواندار بکە بۆ شیکردنەوە و تیرۆزەکردن و زیادکردنی بەهارات بۆی ،
لەولاوەش جەماوەرێکی بەرمەجەکراویش ئامادەیە بۆ باوەڕکردن بە قسەکانی سەرکردەکەی یان
حزبەکەی و ڕەتکردنەوەی لێدوان و قسەی نایار بێ بیرکردنەوە ، درۆکردن لە سیاسەتدا
پرسێکی کەسیی نیە ، بەڵکە تەواوی پیشەسازییەکە لەسەر بنەمای سەکردە و ڕۆژنامەنووس
و ڕاگەیانکاران جەماورێکی زۆر کە کۆدەرێنەوە و ئامادەدەکرێن. بە لێشاوێک لەدرۆ پێی وایە ڕاستیە ، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی درۆیەکە
سەرلێشێواوی لەناو هاوڵاتیان دروستدەکات ، وەک ئێستا کە هەندێک پەرلەمانتار لە بەغدا
و سیاسی لە هەرێم پیڕەوی دەکەن ، نازانم چی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغە لە
تێکەڵکردنی وەرەقەکان و داهێنانی دەمامک بۆ ئەوەی بەم قەڵەباڵغیە دووانەی دژبەیەک
تێپەڕێت ؟ ئایا کۆتە کۆمەڵاتیەکانن یان نەریتی بەردیین یان ونبوون لەناو جەنگلستانی
دارستاندا !! ڕووداوێکی سادەی ڕاستیی ڕێڕەوی ژیانی تەواوی گەلێک دەگۆڕێت ، هەروەکچۆن
درۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ ژیانی گەلێک دەخاتە ناو ئاژاوەگێڕی و خوێن و کۆدەتاکان کە ئەوڕۆ
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوودەدەن ، زۆرێک لە سیاسەتمەداران پەنا دەبەنە بەر درۆ
بۆ فریودانی نەیارەکان بۆئەوەی بتوانن لە پێگەی خۆیان بمێنن و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان
بکەن ، ئەوەی لەبەرچاوانە ڕاستیی و درۆ لەژێر ئەو ڕەوتە گەورەیەی زانیاری وا تکەڵاوبوونە
کە لە ئەنجامدا سنوورەکان لەنێوان ڕاستی و درۆ ، نێوان ڕاستگۆ و ساختە ، نێوان عەقلانی
و گەمژە ، نێوان ڕێزدار و بێڕێز کاڵ بۆۆتەوە و ، ئەو کەسەی کە بەرژەوەندی لە بەردەوامی
گەندەڵیدا هەیە ، دەبینیین قسە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکات ، ئێمە لە
دونیایەکی فەوزا و ستەمکردن و درۆدا دەژین ، ساتێکی بێوێنەیە کە شتە ڕاستەکە خۆی دەکوژێت
و شەرم نەماوە و ، هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر بە ڕێکوپێکی هەبوون و لەسەردەمی قەیران
و ناخۆشیدا پشتی یەکتریمان دەگرت لەگەڵ «با»دا ڕۆیشت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی