لە کاتێکدا، لە یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەراسیمی ناساندنی کاندیدەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر نەسیحەتی کادیر و لایەنگرانی دەکرد کە خۆیان لە زمانی زبر بەدوور بگرن و رانەکێشرێن بۆ شەڕی لابەلا، لایەنگرانی حزبەی خەریکی بەردبارانکردنی سەرۆکی لیستی یەکێتی بوون لە هەولێر.
*
بەردی نەرمیان دەهاویشت!
*
ئەو قسانەی ئەمڕۆی بارزانی قسەی دڵی نەبوون. ئەو، پەیامە دڵخوازەکەی خۆی لە ماوەی رابردوودا، لە کۆبوونەوە داخراوەکانی بارەگادا، لەگەڵ چین و توێژ و دەستەبژێری پارتیدا، دوور لە چاوی میدیادا، بە گوێچکەیاندا چرپاندبوو.
*
پێدەچێ پەیامەکانی باش شۆڕ بووبنەوە…
*
ئەوەی لە قسەکانی کاک مەسعوددا، بە قەدەر شیعارەکەی سەرۆکی لیستی یەکێتی کە دەڵێ هەولێر وەردەگرینەوە! سەرنجڕاکێش بوو، ئەو جوملەیە بوو کە گووتی: ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتوو، هەیبەت و قودسییەت بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و، هەست بە بەرپرسیارییەتیی مێژوویی خۆی بکات بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان.!
*
کام قودسییەت و کام پەرلەمان؟
*
لەسەردەمی پەناگیریی پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمان بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ، جارێک یەکێتی و دواتریشی لە 31ی ئاب قودسییەتی پەرلەمان لەکەدار کرا. بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە ناو ریخ و تەپاڵەی مەیدانی حەیوانانی هەولێر کۆبوونەوەتان بە پەرلەمانتاران کرد! هێشتا پەرلەمان هەیبەتی مابوو!
*
ئەی دوای ئەوە؟
*
دوای 13 ساڵ لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی، لە 2005دا لەگەڵ یەکێتیی هاوپەیمانی ستراتیژیدا، زۆرینەی رەهای پەرلەمان لەدەست ئێوەدا بوو تا گۆڕان هات و لێی تێکدان. گۆڕان دەیویست هەیبەت بۆ پەرلەمان و کاری پەرلەمانی بگێڕێتەوە، ئێوە دەتانگوت فشەیە! دەبێ هەموو شتێک لە دەرەوەی پەرلەمان بکرێ و ئینجا پەرلەمان بەس بۆی هەیە موسادەقە بکات. ماشەڵلا پەرلەمانێکی بە هەیبەت بوو!
*
ئینجا کە سەرۆکی پەرلەمان نەچووە ژێر بار، دەرگای ئەو پەرلەمانە موقەدەسەتان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕووی زیارەتکاراندا داخست و نەتانهێشت سەرۆکی پەرلەمان پێ بنێتە هەولێرە و زێرەڤانییەک بە(هەڕە) یەک هەیبەتی سەرۆکی پەرلەمانی ورد کرد.
*
ها. بەڵام ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە پارتی زۆرینەی پەرلەمان بێنێ، ئینجا هەیبەت و قودسییەت بۆ پەرلەمان گەڕاوەتەوە، ئەوا لە هەڵبژاردنی 2018 دا پارتی زۆرینەی پەرلەمانیی هەبووە، بەڵام پەرلەمانێکی بێهەیبەت و تەژێی گۆرانیبێژ و موهەڕیج، پەرلەمانێک کە تەنها ئیشی شەرعییەتدان بووە بە ناشەرعییەت.
وەسەلام
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی