دوای شکاندنی حەماس ، دوای داگیرکردن و وێرانکردنی غەزە و لەسۆنگەی بێدەنگیی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمی لەمەڕ ناوچەکارەساتبارەکە، هەموو دەروازەکان لەبەردەم ئیسرائیل ئاوەڵاکران کەچڕتر و بەکردەوە لەسەر زەمینی واقیع گوزارشت لەپرسی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بکات .
لەو پێناوەدا ئیسرائیل دەستی برد بۆ حزبوڵڵا کەبەمەترسیدارترین هێزی ئیقلیمی دەبینی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی ئیسڕائیل ئەمە لەلایەک و، لەلایەکی دیکەوە گێڕانەوەی ئاوارە ئیسڕائیلییەکانی باکوری ئیسڕائیل بۆ سەر ماڵ و حاڵیان و لەئەگەری هەبوونی حزبوڵڵا لەباشوری لوبنان ، کارێکی زێدە سەخت بوو بۆ حکومەتی ئیسڕائیل .
یەهودییەکان لەو کاتەوە کە دەوڵەتیان دروستکردووە ، لەبری خۆ سەرقاڵکردنیان بە تەورات و کاروباری ئایینی، لەبری بازرگانیکردن بەئایین ، لەبری تاڵانچێتیی و گەندەڵییکردن ، لەبری شکاندنی شکۆی تاک ، هەمیشە کاریان لەسەر وەبەرهێنانی مادی و مرۆیی کردووە ، خۆشگوزەرانی ( الرفاهیە ) تاک ، کاری لەپێشینەیان بووە و وەبەرهێنان لەکۆی کەرتەئابوورییەکان و هەروەها لەبواری توێژینەوەی زانستیی و تەکنەلۆژیادا پێگەیەکی گرنگی لە ریزبەندیی جیهانییدا مسۆگەرکردووە . ئەوەی ئێستا لەبواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا دەگوزەرێ ، رەنگە کۆی پێناسەکان و چەمکەکانی وەک جیۆپۆلەتیک بخاتە ژێر پرسیار و پێویستی بە تێگەیشتنی نوێ هەبێت. وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان گەیشتوون بەو راستییەی کە ؛ کێ ئاسمانی بەدەستەوەبێ ، ئەوە بێگومان هەژموونی خۆی بەسەر زەویدا مسۆگەر دەکات ، بۆیە ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ بۆشایی ( الفضاء ) تەرخان دەکەن .
لەئێستادا پرسیارەکە ئەمەیە : ئایا ئیسڕائیل باشووری لوبنان داگیر دەکات ؟
ئیسڕائیل بۆ پاراستنی ئەمنەقەومییەکەی دوو بژاردەی لەبەردەستە :
1 - ئەگەر دڵنیابێتەوە لەوەی چیدی باشووری لوبنان نابێتە هەڕەشە لەسەری و سنوورەکە لەلایەن دەوڵەتی لوبنان گرەنتی بکرێ هاوشێوەی میسر و ئەردەن و سوریا ، هێرشی وشکانیی بۆ باشووری لوبنان ئەنجام نادات .
2 - داگیرکردنی باشووری لوبنان ، رەنگە ئەمە ئەگەرێکی قورس بێت لەهەنبەر یاسای نێودەڵەتیی و نەخشەی سیاسی ناوچەکە لەسەر ئاستی ئیقلیمیی و نێو دەوڵەتیی و، نائارامیی بەردەوام .
گێڕانەوەی ئاوارەکانی باکوری ئیسڕائیل و پاشان پاراستنی ئەمنی قەومی ئیسڕائیل ، بووەتە ستراتیژ ، بۆیە غەزەیەکی بێ حەماس و باشوورێکی ( لوبنان ) بێ حزبوڵڵا ، بەگرەنتی ئەمنی قەومی خۆیان دەزانن ، بۆیە هەردوو ئەگەرەکە کراوەن و لەئێستادا؛ بەلەبەرچاوگرتنی بێدەنگیی وڵاتانی ناوچەکە و چین و روسیا کە رکابەری رۆژئاوان ( ئەمریکا و ئەوروپا ) ، مەحاڵە ئیسڕائیل پاشەکشێ لەستراتیژەکەی بکات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی