ئێمە خەڵەتێنراوین

8 کاتژمێر پێش ئێستا

بەڵێن عزەت میکە

بەشی یەکەم: پێویستییە ساختەکان
سەرەڕای زیادبوونی بەردەوامی ئامراز و کەرەستەکان، هێشتا ژیانی مرۆڤایەتی پڕە لە سەختی و ئاستەنگ و کەموکورتی، هۆکاری ئەمە هەرچی بێت، دەرخەری بوونی کێشەیەکی راستەقینەیە، دەرخەری بوونی بۆشاییەکی گەورەیە لەنێوان پێویستییەکانی ئێمە و کەرەستە داهێنراوەکان، لانیکەم دەبێت بوەستین و پرسیار بکەین، پێویستییەکانی ئێمە چین و کامانەن ئەو کەرەستە و ئامرازانەی دەتوانن پڕیان بکەنەوە؟! ئەمە هەرچەندە لە رووکەشدا وەکو پرسیارێکی سادە و سەرەتایی دەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەمانگەیەنێتە کۆمەڵێک راستی کە پێناچێت سادە بن.
لەکاتێکدا کە مرۆڤ بەدوای پڕکردنەوەی پێویستییەکانیدا دەگەڕێت، سەدان جێگرەوە و بژاردەی دەخرێتە بەردەست، ئەمە وا دەکات ئێمە هەست بە ئازادیی بکەین لە هەڵبژاردنی بژاردەکاندا، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە پێش ئەوەی بخرێینە بەردەم هەڵبژاردنەکە، کۆتکراوین بە کۆمەڵێک بەهای ساختە کە لە خەیاڵ و هزرماندا چێندراون و بەهۆیانەوە سەدان پێویستی ساختەمان لە ژیانی خۆماندا دروستکردووە.

قوتابخانەی فرانکفۆرد کە لە کۆمەڵێک بیرمەندی رەخنەگر پێکهاتبوون. زیاتر لە نیو سەدە پێش ئێستا تێزێکی گرنگیان لەوبارەیەوە خستەڕوو، تێزەکەش بریتییە لە (پیشەسازیی کولتور) بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەر بەرهەمێکی میدیایی و هونەری و کولتوری، جیا لە پەیامە هونەریی و مرۆییەکەی، ئامانجێکی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، لەرێگەی ئەوەوە بەهایەکی ساختە لە مێشکی خەڵکدا دروست دەکات، بۆ نموونە لە فیلمێکی هۆڵیوددا کە پاڵەوانی فیلمەکە ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکی لێدەخوڕێت و نماییشی پێ دەکات، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر منی بینەر دەبێت، ئەو بڕوایەم لەلا دروست دەکات کە ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکی لەو شێوەیە بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیم و هەستی بە پاڵەوان بوونم پێ دەبەخشێت.

ئێستا با بێینە سەر بابەتە سەرەکییەکە، ئایا ئەم نموونەیەی هێنامانەوە چیمان پێ دەڵێت؟ پێمان دەڵێت بە سەیرکردنی فیلمەکانی هۆڵیود من دەبمە کۆیلەی پێویستییەکی ساختە، پێم وایە پێویستم بە کڕینی ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکییە، لەکاتێکدا لەڕاستیدا پێویستم بەو جۆرە ئۆتۆمبێلە نییە، بەڵکوو پێویستییە راستەقینەکەی من ئەوەیە ئۆتۆمبێلێکم هەبێت کارەکانی خۆمی پێ ڕایی بکەم. کەواتە پێویستییە ساختەکان، دەکرێت لەرێگەی چاندنی بەهای ساختە لە ناخی ئێمەدا دروست بکرێن، هەموو ئەمەش لەپێناو قازانجی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانە.

بۆچوونێکی پێچەوانەش هەیە کە پێی وایە ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ خواستەکانی مرۆڤدا ناگونجێت، بە گشتی ئەو بۆچوونە بە ئاسایی دەزانێت کە مرۆڤ دەستکراوە بکات لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی ئەمریکی و  ئۆتۆمبێلێکی ئەڵمانی و ئۆتۆمبێلی دیکەش، بەڵام کێشەکە لەوەدا نییە، بەڵکوو کێشەکە لەوەدایە لە بنەڕەتدا ئەو کۆمپانیا و سەرمایەدارانە دەیان جۆری ئۆتۆمبێل و مۆبایل و کەرەستە و ئامرازی دیکەیان دروستکردووە، نەک بۆ ئەوەی پێویستییەکانی مرۆڤ پڕبکەنەوە، بەڵکوو بۆئەوەیە پارەکەی گیرفانیان رابکێشن و وایان لێ بکەن پارەیەکی زیاتر خەرج بکەن.

ئەمە لە ریکلامەکاندا بەڕوونی بەدەردەکەوێت، کاتێک لەم سەردەمەدا دەبینیت ریکلامی فراوان بۆ ئەو براندانەی ئۆتۆمبێل دەکرێت کە گرانبەهان، نرخەکانیان لە دەیان هەزار دۆلاردایە، بە چەند بارەکردنەوەی رۆژانەی ئەو ریکلامانە وادەکەن من هەست بە کەموکورتی لە ژیانمدا بکەم کە ئەو ئۆتۆمبێلە یان ئەو مۆبایلەم نییە، بەڵام لەڕاستیدا من ئۆتۆمبێلیشم هەیە مۆبایلیشم هەیە، کارەکانی رۆژانەی خۆمیان پێ دەکەم، بەڵام ناراستەوخۆ ئەو ریکلام و شەڕە میدیاییەی بەڕێوەدەچێت وایان لە من کردووە هەست بە کەموکورتی لەژیانمدا بکەم و پێم وابێت بە مۆبایلێکی ئایفۆن یان بە ئۆتۆمبێلێکی مارسیدس ئەو کەموکورتییەم پڕ دەبێتەوە، چوونکە هەرگیز ریکلام و بانگەشە بۆ ئۆتۆمبێلێکی هەرزانبایی یان مۆبایلێکی سادە ناکرێت، بۆیە ئەوانەی کە لەو جۆرانەیان هەیە هەست بە پەراوزێخستن دەکەن و وادەزانن لەناو هەموو کۆمەڵگەکەدا تەنیا چەند کەسێکی کەم لەو جۆرە کەرەستە هەرزانانەیان پێیە و ئەوەش دەبێتە مایەی شەرم و هەستکردن بە کەموکورت.

لەڕاستیدا گەورەترین بۆشایی لە مرۆڤدا هەستکردنە بە کەموکورتی، ئەو هەستە زۆر بە ئاسانیی لە مرۆڤدا دروستدەبێت و زۆر بە خێراییش گەشە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە ئەستەم کۆتایی پێ دەهێنرێت، ئەمە وایکردووە هەموو سیستمی سەرمایەداری بە هەموو هێزی کار لەسەر ئەوە بکات ئێمە خۆمان بە کەموکورت بزانین، ئەمەش رێک ئەو شتەیە کە گرەوی لەسەر دەکەن و تائێستاش براوەن.

ئەو هەستی کەموکورتییە وات لێ دەکات پێویستی ساختە لە ژیانتدا دروست بێت، رێک وەکو ئەوەی ئێستە لە ژیانی زۆربەماندا هەن، هەموو کەرەستە و ئامرازە پێشکەوتووەکانمان هەن، بەڵام کێشەکانمان زیادترن لە جاران، چوونکە ئەو کەرسەتە و ئامرازانە لەسەر بنەمای پێویستییەکانمان نەمانکڕیون بەڵکوو لەسەر بنەمای هەستکردنی بە کەموکرتی کڕیومانن، ئەو هەستەش هەرگیز کۆتایی نایەت.

لە کۆتاییدا دەبێت پەنا ببەینەوە بەر ئەو چارەسەرەی یورگن هابرماس دەیخاتەڕوو، ئەو پێی وایە گفتوگۆی دیموکراسییانە کە پشتبەست بێت بە هێزی عەقڵ و لۆژیک باشترین رێگەیە. هابرماس پێشنیاز دەکات لەکاتی بڕیاردان بۆ کڕینی هەر پێویستییەک، دەبێت گفتوگۆ بکرێت، پرسیار بکرێت کە ئەو کەرەسەتەیە چیمان بۆ دەکات؟ چ بەهایەکی هەیە؟ چی لە ژیانی ئێمە دەگۆڕێت؟ بەبێ ئەو کەرەستەیە چ بۆشاییەکی راستەقینە لە ژیانماندا دروست دەبێت؟!..... ئەگەر توانیمان وەڵامی ئەم پرسیارانە لەبارەی هەر کەرەستەیەکەوە بەدەستبخەین ئەوا دەتوانین بڕیارێکی ڕاست بدەین و بە پێویستییە ساختەکان نەخەڵەتێنرێین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی