کەرکوک‌و حکومەتی عێراق لەبەردەم دوو ئاراستەو بژاردەی دژ بەیەکی بانگەشەی پارتیدا!

7 کاتژمێر پێش ئێستا

نیاز سەعید عەلی

ئەگەر هەڵسەنگاندن و ڕۆشنایی بخەینە سەر شێوازی هەڵمەتی بانگەشە و پەیام و بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی؛ لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، کە لەم ڕۆژانەدا ئەچێتە ناو هەفتەی کۆتایی هەڵمەتی بانگەشە، ئەوا چەندین ئاماژە و سەرنج و تێبینی بەدی ئەکرێت، لە خوارەوە چەند خاڵێکی گرنگی دیاری ئەکەم:

2/ پارتی بەپشتبەستن بەشیکردنەوە لەسەر بنەمای تیۆری پیلانگێڕی؛ ئەمجارەش وا دەڕوانێتە پرۆسەی هەڵبژاردن، کە یەکێک لەڕەهەندو ئامانجە گەورەو شاراوەکانی؛ بریتیە لەبەرتەسککردنەوەو سنووردارکردنی قەبارەو ڕۆڵ و بەشداریی پارتی؛ لەناو پرۆسەی سیاسيی و سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراقدا .


2/ لەڕووی پەیام و کێبڕکێی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە؛ پارتی کاروبار و پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی، تێکەڵاو بە بەرنامە و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراق کردوە؛ بەڕادەیەک وا مامەڵە ئەکات کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت بێت لەهەرێمی کوردستان، نەک لە عێراق !  

3/ هەڵکشانی ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی یەکێتی، کە لە هەردوو هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و نەینەوا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕوویدا، بووە هۆی دروستبوونی گۆڕانکاریی لەسەر هاوسەنگیی هێز؛ ئەویش بە زیان لەسەر پێگە و سەنگ و ڕۆڵی پارتی، دواتر پێداگریی یەکێتی لەسەر پرانسیپی هاوبەشیی ڕاستەقینە، لە ناو ناوەندی بڕیار و پرۆسەی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان؛ پارتی تووشی نیگەرانی و بێزاریی کردوە و پێی هەراسان بووە .

پارتی بۆ ڕەواندنەوەی ترس و نیگەرانیەکانی و بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە؛ لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەدا، جەنگێکی دەروونیی فراوانی فرە ڕەهەند و فۆکسی ڕکابەرێتیی سەرەکی و هێرشی میدیایی و سۆشیال میدیایی توندی بۆ سەر یەکێتی؛ بە چڕی خستووەتە ناو بەرنامە و پەیام و میکانیزمەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی، تاکو گەمارۆی دەنگەکانی یەکێتی پێ بدات و نەهێڵێت لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر هەڵبکشێت، بەڵکو دابکشێت !

لەم سۆنگەیەوە پارتی ویست و خواستی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی دەنگ و کورسیەکانی یەکێتیی، لە کوردستان بەگشتی و لە کەرکوک و نەینەوا بەتایبەتی؛ کردۆتە ئامانجێکی ستراتیژی و یەکەم .

4/ لە ڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش؛ پارتی بەردەوامە لە درێژەپێدان بە پەیڕەویکردنی سیاسەتی گۆڕینی ناوەرۆک و ڕووخساری ڕاستەقینەی بنەڕەتیی کێشە و ناکۆکی و ململانێکانی، لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا، کە زیاتر پەیوەستە بە ناڕوونی و شاراوەیی دۆسیەی نەوت و داهات لە هەرێمدا؛ بۆ ناکۆکی و ململانێی نەتەوەیی !

5/ هاوکات لەم بانگەشەیەدا، پارتی بە دوو ئاراستە و پەیام و بژاردەی جیاواز و ناکۆک، مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ناوەند لە بەغدا ئەکات !
دوو بژاردە بە دوو ئاراستەی جیاواز !

لێرەوە بە پێویست و گرنگی ئەزانم؛ لەسۆنگەی تیشکخستنەسەر دوو وتاری بەڕێز مەسرور بارزانیی جێگری سەرۆکی پارتی، کە هەفتەی ڕابردوو لەچوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا، لە دوو بۆنەی جیاوازدا پێشکەشیکرد؛ هەڵوێستە لەسەر خاڵی چوارەم و پێنجەم بکەم و ئەو دوو بژاردەیە دەستنیشان بکەم، کە جەنابی بە دوو ئاراستەی جیاواز، خستیە بەردەمی حکومەتی عێراق .

ئاراستەی یەکەم
بریتیە لە ئاراستەیەکی پۆپۆلیستیی نەتەوەیی دەمارگیر و توندڕەو و زیادەڕەو و هەڵچوو، لە دژی حکومەتی عێراق، کە ئەتوانین بڵێین لەم قۆناغەدا و لەڕووی پراکتیکیەوە؛ هیچ سوود و خزمەتێک بە ڕەوشی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان و پێگەی کورد و دەستکەوت و بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکانی کورد لە عێراقی نوێدا ناکات، بگرە ڕق و هەستی دوژمنکاریی زیاتر، لە دژی کورد و هەرێمی کوردستان دروست ئەکات و ئەبێتە هۆی خوڵقاندنی چەندین گرفت و کێشە و هەڕەشە و مەترسی و لێکەوتەی خراپی جۆراوجۆر؛ لەسەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و هەرێمی کوردستان بەگشتیی.

پارتی بۆ ئامانجی گۆڕینی ناوەرۆک و ڕووخساری ناکۆکی و کێشەکانی دۆسیەی نەوت و داهات لەگەڵ بەغدا؛ کار لەسەر وروژاندن و ڕقئەستوورکردن و جۆشدان و خرۆشانی هەستوسۆزی نەتەوەیی کوردی ئەکات؛ لە دژی حکومەتی عێراق .

بۆ خستنەڕووی بەڵگە و نموونەی زەقی ئەم ئاراستەیە، لە ناو پەیام و بەرنامە و سیاسەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پارتیدا، ئاماژە بە بڕگەیەک لە وتاری مەسرور بارزانی ئەکەم، ئەویش لە کەرنەڤاڵی ناساندنی پاڵێوراوەکانی ئەو پارتە؛ لە کەرکوک، گەرمیان، بەغدا، دیالە .

ناوبراو لەو وتارەدا ئاماژەی بە (داگیرکراویی ئێستای کەرکوک و ڕزگارکردنی لە داهاتوودا لەسەر دەستی پارتی !) کرد، لەم بارەیەوە لە بڕگەیەکی وتارەکەیدا وتی؛ (ئەمجارە ئێمە ئامادەین خوێن و ڕۆحیشمان لەسەر کەرکوک دابنێین و هەر دەیگەڕێنینەوە)، پاشان لەسەر ڕیتمی هەمان پەیام، لەبڕگەیەکی تردا ئەڵێت؛ (کەرکوک کوردستانە و دەبێ ئێمە ئەو شەڕە بکەین، بۆ ئەوەی مافی ئەو خەڵکە بگەڕێتەوە).

ناوبراو دوو پۆستی باڵای گرنگ و بڕیاردەری لەناو پارتی و حکومەتدا بەدەستەوەیە، پێویست بوو بە هەستێکی بەرپرسیارێتیی بەرز و بە تێروانین و جیهانبینیەکی واقیعی، دوور لە نمایش و مانۆڕ و موزایەدەی سیاسی، دوور لە وروژاندن و ناردنی پەیامی هەڕەشە ئامێز؛ لێدوانی لەسەر کەرکوک بدایە، ئەبوو کاردانەوە و لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی ئەم وتارە توند و هەڕەشە ئامێزەی لە دژی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن لەبەرچاوبگرتایە، هاوکات ئەبوو پەند و وانەی لە ئەزموونی ڕیفراندۆم وەربگرتایە؛ کە پارتی بەم ئاراستەیە و لە سایەی هەمان ئەم پەیامە دەمارگیریە تەسکەدا، ڕیفراندۆمێکی شکستخواردی سەپاند و ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیاتر لە نیوەی ڕیسەکەی ئاڵۆسکاند و کردیەوە بە خوری !

پارتی‌و کەرکوک
سەبارەت بەو پەیامەی جەنابی مەسرور بارزانی لەسەر کەرکوک، بە پێویستی ئەزانم ئاماژە بەسێ خاڵ بکەم:
1/ پارتی لەچوارچێوەی چڕترین هەوڵەکانیدا بۆ گێڕانەوەی کەرکوک، بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە پاش دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک؛ هەتا توانی درێغی نەکرد لە دژایەتیکردنی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، بەڵکو بووە هاوپەیمانی دوو هێزی نەتەوەیی توندڕەو و دەمارگیری عەرەب و توورکمان، بۆ دانانەوەی پارێزگارێکی عەرەبی دژە کورد؛ لەبری پارێزگارە کوردەکەی ئێستای کەرکوک!

2/ ئەزموونی (22) ساڵی دوای پرۆسەی ڕزگاریی عێراق؛ دەریخست تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتیی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک، لەسەر بنەمای سازان و پێکهاتن؛ لەلایەک ئەبێتە زامن و زەمینە و بنەمای چارەسەری کێشەکان، لەلایەکی تر ئەبێتە کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم بەردەوامیی سیاسەتی ستەملێکردن و پەراوێزخستن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و ئایینیی و ئایینزایی؛ لە دژی هەر یەکێک لە پێکهاتە جیاوازەکانی کەرکوک، جێی ئاماژەیە یەکێتی زوو درکی بەم ڕاستیە کرد و کاری لە پێناودا ئەکرد، بەڵام پارتی بەپێچەوانەوە هەنگاوی ئەنا.

3/ ناچارم ئاماژە بە ڕووداوێکی تری ناکۆکی و ململانێیەکی گەورەی ناوچەیی بکەم؛ کە زەمینە و پێشینە و پاڵنەر و هۆکارە سەرەکیەکەی؛ ئەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئاراستەیەکی زاڵی توندڕەو و دەمارگیری ئایدیۆلۆژیی هەڕەشەکەر و سەرەڕۆی شەڕفرۆش؛ کە بەهۆی پەیامی شەڕانگێزی و بڕیار و سیاسەتە هەڵەکانی، بۆ شەڕکردن لە دژی ئیسرائیل، بە بێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز و توانای بەرامبەر و بێ بەهەندوەرگرتنی ڕەوشی ئقلیمی و نێودەوڵەتی، بێ خوێندنەوە بۆ هەڵوێست و کاردانەوەی فاکتەرە دەرەکیە کاریگەرەکان، قەوارەیەکی فەرمانڕەواییان لە نموونەی هەرێمەکەی ئێمە؛ گۆڕی بۆ قەوارەیەکی سڕدراوە و تەختکراو، لە ناو کەلاوەیەکی پڕ لە قوربانیی خەڵکانی بێ تاوان و بێ بەرگری و دەستەوسان، ئەویش قەوارەی فەرمانڕەوایی کەرتی غەزە.

دیارە ئەوەش لە سەرەنجامی خۆسەپێنی و تاکڕەوی و سەرکێشیی سەرکردە دەمارگیر و توندڕەوەکانی حەماس ڕوویدا .

جێی ئاماژەیە دەسپێک و پێشینە و زەمینەی پەلاماردان و هەڵکوتانە سەربازیە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر هاوڵاتیە ئیسرائیلیە سیڤلەکان و بۆ سەر ئامانجە سەربازیەکانی ئیسرائیل لە(7ى 10ى 2023)دا؛ دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشەو لێدوانە ئاگرین‌و توندو دوژمنکاریە بەردەوامەکانی سەرکردایەتیی حەماس، بۆ هاندان‌و جۆشدانی هەستوسۆزی ئاینیی‌و ڕق ئەستوورکردنی فەڵەستینیەکان لەدژی ئیسرائیل، بەدوایدا دەرکردنی بڕیارو فەتوا بۆ جیهادکردن لەدژی ئیسرائیل، لەدوایین هەنگاویشدا هەڵگیرسانی شەڕێکی ناهاوسەنگ‌و ناهاوتا لەگەڵ ئیسرائیل، دەرەنجامیش داڕمان‌و هەرەسهێنانی قەوارەی کەرتی غەزەو جینۆسایدی دانیشتوانەکەیی‌و لاوازبوونی حەماس.

ئەتوانین بڵێین ئەگەر پارتی تاکلایەنە زاڵ بێت، بەسەر بڕیاری چارەنووسساز لەسەر کەرکوک و کار بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی مەسرور بارزانی بکات؛ ئەوا نەک هەر کەرکوک بە تەنها، بەڵکو هەموو هەرێمی کوردستانیش ئەکەوێتە بەردەمی چارەنووس و ئەنجامە نەخوازراوەکانی شەڕێکی ناهاوسەنگ و کاولکەر؛ کە ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر، وەک ئەو شەڕەی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا ڕوویدا و ئاماژەم پێکرد، ئەمە لە کاتێکدا لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم؛ کەرکوک و ناوچە دابڕیندراوەکانی تر و هەموو هەرێمی کوردستان؛ کەوتنە بەردەمی ئەو هەڕەشە و مەترسیە گەورەیە .
ئەگەر لە ئانوساتی لەشکرکێشیی هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ سەر شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی تر؛ بژاردەی تری خێرا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و سیاسەتی بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی شەڕ نەگیرایەتەبەر؛ کەرکوک نۆرەبڕی لە غەزە ئەکرد و پێش ئەزموونی کەوتن و داڕمانی غەزە ئەکەوت !

ئاراستەی دووەم
بریتیە لە ئاراستەیەکی پەرەگماتی و ئەیەوێت سوود و قازانجی دارایی، لە حکومەتی عێراق بەدەستبهێنێت؛ ئەویش لەڕێگەی خستنەڕووی ئۆفەری فرۆشتنی کارەبا بە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق.

ئەم ئۆفەرە جیاوازتر لە بژاردەی ئاراستەی یەکەم؛  بە زمانێکی میانڕەو و بە دەربڕینێکی نیازپاکانە و دۆستانە خراوەتەڕوو .

ماڵپەڕی کەناڵ (24)ی زمانحاڵی ناڕاستەوخۆی سەرۆکی کاربەڕێکەری حکومەت، لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵی کردنەوەی پرۆژەی گەیاندنی بۆریی گازی سروشتی (هەولێر - دهۆک)، دەقی وتارەکەی مەسرو بارزانی بڵاوکردۆتەوە، کە لەو بۆنەیەدا پێشکەشی کردوە و لە بڕگەیەکدا ئۆفەرێکی بۆ بۆ فرۆشتنی کارەبا بە حکومەتی عیراق خستۆتەڕوو و تیایدا ئەڵێت؛ (ئێمە دەتوانین کوردستان بکەینە جێیەک بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەموو عێراق).

شایەنی باسە ماوەی نێوان ئەو دوو وتارەی مەسرور بارزانی؛ تەنها سێ ڕۆژە؛ وتاری یەکەم لە ڕۆژی (25ى 10ى 2025)، کە تیایدا بەزمانێکی توند بانگەشە بۆ ڕزگارکردنی کەرکوک لەژێر دەستی حکومەتی عێراق دەکات، وتاری دووەمیش ڕۆژی (28ى 10ى 2025) کە تیایدا بەزمانێکی نەرم؛ خواست‌و نیازپاکیی بۆ فرۆشتنی کارەبا؛ بەحکومەتی عێراق پیشاندەدات!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی