پێشەکی
لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا حيزبوڵای تورکیای لە لیستی تیرۆریستى (TEL) ڕاگەیاند، ئەو لیستەی بۆ سنووردارکردنی چوونە ژوورەوە یان نیشتەجێبوونی کەسانی پەیوەست بەو گروپانە بەکاردەهێنرێت کە گومانیان لێدەکرێت چالاکی تیرۆریستی یان هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دروست بکەن. لە کاتێکدا ئەم دەستنیشانکردنە هاوتا نییە لەگەڵ ڕیزکردنی ڕێکخراوەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO)، بەڵام نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دیپلۆماسی و ئەمنی بەرچاو دەکات لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی تورکیا و ئەمریکادا، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی تورکیا و ئەو ئاڵنگارییانەى کە لە ڕووی ناوچەییەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
ئەم شیکارییە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکەی ئەمریکایە لە دوو ڕوانگەوە: ڕەهەندە ئەمنییەکانی ناوخۆ و سیاسی لە تورکیا و کاریگەرییە ناوچەیی و دیپلۆماسییەکانی ئەم دەستنیشانکردنە لەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یەکەم: پاشخانی مێژوویی حیزبوڵڵای تورکیا
حیزبوڵڵای تورکیا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا وەک ڕێکخراوێکی چەکدار لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە دامەزرا کە بانگەشەی بەرگری لە بەها ئیسلامییەکان دەکرد لە دژی چەپ و عەلمانییەکانی کورد.
بەپێچەوانەی حزبوڵای لوبنان، حزبوڵڵای تورکیا بزووتنەوەیەکی سوننە-کوردیي بوو کە لە ماوەی ساڵانی نەوەدەکاندا لەشەڕێکى خوێناویدا بوو لە دژى پارتى کرێکارنى کوردستان لە ئەنجامدا سەدان کوژراو و تیرۆرکردنی کەسایەتی مەدەنی و سیاسی لێکەوتەوە.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکە وردە وردە لە ڕێگەی ڕێکخراوە خێرخوازی و کۆمەڵە ئاینییەکانەوە گۆڕاوە بۆ بەرەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دیارترینیان بزووتنەوەی هودا پار (Hüda-Par)ه کە بە درێژکراوەی سیاسیی ئەو پارتە دادەنرێت و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار هەیە.
دووەم: ئاسایشی ناوخۆ و ڕەهەندە سیاسییەکانی بڕیارەکە
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە تورکیا شایەتحاڵى زیادبوونی تێکەڵ بوونى ئایینه لەگەڵ سیاسەتدا و سەرهەڵدانەوەی مشتومڕەکانه سەبارەت بە سنووری کاریگەریی گرووپە ئیسلامییەکان له ناو دەوڵەتدا.
پەیوەندی نێوان بەشێک لە کەسایەتییەکانی حیزبوڵڵای تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان بە تایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک دیاربەکر و باتمان، وایکردووە ئەو پارتە ببێتە یاریزانێکی سیاسی ناڕاستەوخۆ لەناو کایەى سیاسی تورکیادا.
لە ڕوانگەی ئەمنیەوە، واشنتۆن بەهۆی تۆڕە دارایی و لۆجستییەکانی و دامەزراندنی کەسانی خاوەن تۆماری توندوتیژی، وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، ئەو پارتە دەبینێت. هەروەها هەواڵگری ئەمەریکا پێی وایه ئەو پارته سوودی لەنەرمیی دەسەڵاتدارانی تورکیا وەرگرتووە له چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی نفوزی پارتی کرێکارانی کوردستان (په که که).
لە ڕووی سیاسییەوە بڕیارەکەی ئەمریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری ڕۆیشتنی دەوڵەتی تورکیا دەکات بەرەو ئیسلامی سیاسی و ترسی ئەوەی هەیە کە لێبوردەیی ئەو گرووپانەی کە پاشخانی توندڕەویان هەیە بتوانێت زەمینەی پەروەردەکردنی توندڕەوی دروست بکات. بۆیە بڕیارەکە دوو پەیام لەخۆدەگرێت:
1
. فشاری ناڕاستەوخۆ بۆ سەر حکومەتی ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان.
2. هۆشدارییەک بۆ تورکیا لە بەکارهێنانی ئایین وەک ئامرازێکی سیاسی کە دامەزراوە عەلمانی و مەدەنییەکانی دەوڵەت لاواز دەکات. لە ڕوانگەی ناوخۆییەوە ئەم دەستنیشانکردنە ئەنقەرە دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە: لە لایەک نایەوێت لەگەڵ واشنتۆن پەیوەندییەکانى بپچڕێت و لە لایەکی دیکەشەوە ناتوانێت بە ئاشکرا ئەو حزبە مەحکوم بکات، لە ترسی لەدەستدانی توێژێک لە بنکەی ئیسلامی کۆنەپارێز لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی توركيا.
سێیەم: کاردانەوەی ناوچەیی و دیپلۆماسی
لە ڕوانگەی ناوچەییەوە ئەم بڕیارە لەگەڵ گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکدەگرێتەوە.
حیزبوڵڵای تورکیا وەک بەشێک لە تۆڕێکی کاریگەری بەرفراوانتر سەیر دەکرێت کە ئەنقەرە بە هەندێک بزووتنەوەی ئیسلامیی ناوچەکەوە دەبەستێتەوە، وەک حەماس و ئیخوان موسلیمین.
بەم شێوەیە دەستنیشانکردنی ئەو پارتە بەشێکە لە ستراتیژێکی ئەمریکا بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، بەتایبەتی دوای زیادبوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران لەسەر هەندێک بابەتی ئەمنی و پەرەسەندنی ڕۆڵی لە سوریا و عێراق لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، پێدەچێت ئەو بڕیارە ببێتە هۆی سنووردارکردنی گرژیی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە، چونکە تورکیا ئەم كاره به دەستوەردا لە کاروباری ناوخۆی خۆیدا دەزانێت. بەڵام ئەنقەرە بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی ئابووری و سەربازی بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی لە بوارەکانی پیشەسازی بەرگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پڕۆژەی مۆدێرنکردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦، دەیەوێت جڵەوى پەرەسەندنی قەیرانەکە بگرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دیارکردنى حیزبوڵڵای تورکیا لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکادا، دەتوانێ لە لایەن نەیارانی تورکیا، وەک یۆنان یان فەرەنسا، بقۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی پاساو بۆ زیادکردنی وردبینی لە چالاکییەکانی تورکیا لە ئەوروپا، بە بیانووی پەیوەستبوونیان بە تۆڕە ئایینییەکان یان هەواڵگرییەکانەوە بە پاڵنەرێکی سیاسییەوە، بقۆزرێتەوە. ئەمەش دەتوانێت هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپا یان بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی ئابووری ئاڵۆزتر بکات.
چوارەم: لێکەوتەکانى ئەم بڕیارە
1. سنوورداركردنى چالاکی ئەو گروپانەی هاوپەیمانی تورکیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت ئەوانەی لە سوریا و عێراقدا چالاکی دەکەن، ئەمەش دەتوانێت مەودای مانۆڕی تورکیا سنووردار بکات بۆ پرسەکانی وەک باکووری سوریا و دژە تیرۆر.
2. بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەمریکا لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کە واشنتۆن وەک ئامرازی نفوزی تورکیا تەماشای دەکات.
3. کردنەوەی دۆسیەی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر گروپە چەکدارە نێودەوڵەتییەکان.
ئەنجام
خستنەڕووی حیزبوڵڵای تورکیا لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکا هەنگاوێکی ڕەمزییە، بەڵام هەنگاوێکه بارگاوییە بە کاریگەرییە سیاسی و ئەمنییەکان.
ئەمەش لە لایەک نیگەرانیی واشنتۆن لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا دەردەخات و لە لایەکی دیکەشەوە خواستی سنووردارکردنی فراوانبوونی تورکیايه لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی ئایین و ئایدیۆلۆژییەوە.
تورکیا ئەمڕۆ لەبەردەم دووڕیانێکی ئاڵۆزدایە، ئەویش پاراستنی ناسنامەی ئیسلامی سیاسی خۆی کە نوێنەرایەتی پایەی شەرعیەتی ناوخۆی پارتی داد و گەشەپێدان دەکات، لە هەمان کاتدا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بەدوور دەگرێت کە بتوانێت زیان بە بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی بگەیەنێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی