من کاندیدم، دەتپەرستم ئەی پەرلەمان

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد ڕەسوڵ


من کاندیدم، دەنووشتێمەوە بۆ پۆست و پارە. سوژدەت بۆ دەبەم، ئەی کورسیی پەرلەمان. دەتپەرستم، ئەی مووچەی خەیاڵی. کڕنووشت بۆ دەبەم ئەی ژیانی ڤی ئای پی.

ئەگەر دەربچم، سوپاستان دەکەم.
ئەگەر دەرنەچم، ئێوە تەنها شایان بە دەسەڵاتی دوو بنەماڵەن

تەنها من دەرچم، ئیدی هەموو شتێک بە جەهەننەم.

هەر کاندیدێک، هەرچەندە لیستەکەی یان حزبەکەی دۆڕابێت یان پاشەکشەی کردبێت، بەڵام خۆی دەرچووبێت، دەڵێت پیرۆزە ئەم سەرکەوتنە.

ڕاستە ململانێی لایەنە گەورەکان لە گۆڕێیە، بەڵام لە بنەمادا یارییەکە بە تەواوی بەرژەوەندیی تایبەتیی و کەسییە.

هیچ کاندیدێک نییە، بە ووردیی پلان و بەرنامەی بۆ مووچە و ئیمتیازاتە ماددیەکانی دوای دەرچوونی دانەنابێت. هەر کەسێکیان لە خەمی دەستڕاگەیشتن بەو مووچە خەیاڵیی و سەرمایە مەعنەوی و ڕەمزییەی پەرلەمانە بۆ شەخسی خۆیان.

ئەم قسانە مانای ئەوە ناگەیەنن کە فڵان کاندید دوای دەرچوونی هەندێک قسە لە پەرلەمان ناکات و هەندێ هەڵوێستی میدیایی و گشتی نابێت لە بارەی مووچەی گورگانخواردوو کراوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، یان لە هەندێک ڕێپێوان و خۆپیشاندان بەشدار نابێت یان بە مۆبایلەکەی هەندێک موداخەلەی خۆی لە پەرلەمان تۆمار ناکات و بڵاوی بکاتەوە.

بەڵێ ئەشێت هەموو ئەوانە بکات، بەڵام لە بنەمادا ئەوانە بۆ ئەو هەڵوێستی ئیختیاریین و هیچی تر نا. واتا دەکرێت هەموویان بکات، دەکرێت هەندێکیان بکات، یان دەکرێت کەمترینیان ئەنجام بدات و دواجار هیچ کەسێکیش ناتوانێت یەخەی بگرێت و بڵێت تۆ بێ هەڵوێست بوویت و داکۆکیکار نەبوویت لە بەرژەوەندی خەڵک. لیست و حزب و ئەم هەموو دەنگەی خەڵکت بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆت بەکارهێنا و هەموویت کرد بە بەردەبازی پەڕینەوە و گەیشتن بە ژیانێکی باش بۆ خۆت و خانەوادەکەت و هیچی تر نا.

پلە و پۆستە باڵا و تایبەتییەکانی حکومەت و دەزگا قەزاییەکان و ئەندامێتی لە پەرلەمان و هاوتاکانیان لە نێو دەزگا دەوڵەتییەکانی دیکە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بە هۆکاری مووچەی قەبە و ئیمتیازاتەکانیانەوە، سەرباری ئەوەی بوونەتە بارگرانییەکی کەمەرشکێن لەسەر داهاتی گشتیی و کۆمەڵگا، هەروەها بوونەتە ئەو شوێنەی بوون و بەهای مرۆیی لە ئینسانەکان پایەماڵ دەکەن.

واتا ئەو هەموو قیژە قیژەی بەناوی داکۆکیی لە خەڵک و شەڕی گەندەڵیی، مووچەی مووچەخۆران و ... هتد لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دنیای لێ پڕ دەکەن، چەند کاتژمێرێکی کەم لە دوای تەواو بوونی دەنگدان و دەرکەوتنی ئەنجامەکان و دڵنیابوونی هەندێک لە بەربژێرەکان لە دەرچوونیان، هێواش و لەسەرخۆ بەهەڵمبوونیان دەسپێدەکەن و ئەوەی جێگیر دەبیت لە شوێنی ئەو هەموو بەڵێنە سواوەی کاندیدان و سەرۆک حزبەکان، تەنها مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتار و پۆستە وەزاریی و سیادییەکان و ڕێککەوتنە سیاسییەکانن، ئەمە ئەگەر سەفەقاتە ژێربەژیرەکان و لیست گۆڕین و سەنگەر گواستنەوەکانیش فەرامۆش بکەین.
لە یەک قسەدا کارەساتە گەورەکەی کوردستان و عێراق جگە لە وەزارەتخانە و پەرلەمان و دەزگا سیادیی و پلە تایبەت و باڵاکان و پەرلەمان، هیچی دیکە نییە.

ئەم نووسینە پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نووسراوە بەڵام لەبەر لێکنەدانەوەی نووسینەکە و هەڵوێستەکە وەکو بانگەشە بۆ بایکۆت لەلایەن ئەوانەی ناویان ئۆپۆزیسیۆنە و بە هەمان عەقڵییەتی کادێرە مێدیایی و حزبییەکانی دوو حزبخێڵەکە ئاسان و خێرا دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە، بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم هەستی خۆبەشتزانین و ئیگۆ هەڵئاوساوەی کادێرە حزبییەکان و پەرلەمانتار و وەزیر و پلەدارە باڵاکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە جگە لە قاوغێکی بەتاڵ و بێناوەڕۆک چیدیکە نین، کارەساتی ڕاستەقینەی ئەم مەملەکەتەن. تەنها لێرە لە کوردستان و عێراق شتی سەیری وەها دەبینرێت.

لە تەواوی دەوڵەتانی ئەسکەندناڤی و ئەوروپیی و ... هتد، پەرلەمانتار و وەزیر و ... هتد جگە لە هاونیشتمانی سادە و ئاسایی پتر هیچیدی نین تەنها بە بڕێکی زۆر کەم مووچەی زیاترەوە و بەبێ هیچ ئیمتیازاتێک و بەبێ خانەنشینبوون. بەبێ ئوتومبیل و شۆفێر و پاسەوان و خانوو و ڤیللا و مینحە و ... هتد.

لێرە، کوردستان و عێراق، چوار ساڵ جارێک کەڕنەڤاڵی کارەساتبارترکردنی کۆمەڵگا و داماڵینی زیاتری سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکانی و کەوتنی زیاتری ئینسانییەت و بە خوداکردنی زیاتری پلە و پۆست و پارە، بەڕێوەدەچێت.

هەتا چوار ساڵی دیکەی داهێنانی چەمک و دەستەواژە وروژێنەرەکانی چەواشەکردن و لەخشتەبردنی خەڵک، هەتا چوار ساڵی دیکە و تا کەڕنەڤاڵێکی دیکەی کردنی کۆمەڵگا بە چەند بەشێک لە ڕانە مرۆڤ و ڕەوە ئینسان و ئاپۆڕای ژمارەیی و زیاتر نا، دانیشن بەخێر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی