خانەوادەیەكی
(19) كەسی
چواری پوشپەڕی (1337-1958)
لە ئاوایی (ئەڵمانە) لە نزیك مەریوان لە خانەوادەیەكی ناسراو و شۆڕشگێڕ كچێك هاتە
دونیا و ناویان نا (مەلەكە)، دواتر شوهرەت و شوهرەی خانەوادەكەی وایكرد، ببێتە
(مەلەكەی مستەفا سوڵتانی) واتا خوشكی ڕابەری كۆمۆنیست و لیدەری كۆمەڵە (فوئاد) و
هاوسەری (د.جەعفەر شەفیعی)، خوشكی (ڕەشاد، حوسێن، فایزە، ناجییە، سەعید،
عەبدوڵڵا،...)، واتا خانەوادەیەكی (19) كەسی.
ئەوان منداڵی دوو دایكبوون،
هەرچەندە باوكیان لە بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی بوون، لە ئاغا و بنەماڵە
دەسەڵاتدارەكانی هەورامان بوون لە ئاوایی (كەڕاو) ژیان، سوڵتانی لە (1915) لە
ئەڵمانە لە دایكبوە و سێ جار ژنی هێناوە (كاڵێ هیمەتی)، (مینا بەهمەن تەبار) و
(بەهیە كۆنەپۆشی) كەسەرجەم لە دوو دایك (19) منداڵی بوە (حەسەن، وەحیدە، ئەختەر،
سەعید، محەمەد، تاهیر، ڕەشاد، عەبدوڵڵا، ناجیە، فوئاد، حوسێن، فایزە، ئەفشین،
ماجید، مەلەكە، ئەمجەد، ڕەزا، حیشمەت، كاوە).
فوئاد و
د.جەعفەر سیمای ناسراو
لەم بەشەدا مەلەكە مێژووی
فەعالیەتی كۆمەڵە و فوئاد دەگێڕیتەوە، لە پاش ئازادبوونی لە زیندان، كە هەموو كەس
فوئادی ڕابەری كرێكاران و چالاكی مەزرا و كێڵگەكانی مەریوان باش دەناسێت.
فوئاد ناوسراوترینی بنەماڵەی
سوڵتانی و ڕابەرێكی كۆمۆنیست و زەحمەتكێشی ئێران و ڕۆژهەڵات و مەریوان، لە سێبەری
قەلەبەردا، مەلەكە دەڵێ: "(27)ی سێپتمبەری (1978) چوار ساڵ زیندانی فوئاد
كۆتایهات و ئازادكرا و پێشوازییەكی بێ وێنەیەكی لێ كرا و ئەو شەوە دایكم لەنێوان
فوئاد و حوسێن ڕاكشا و دواتر فوئاد دەستی بە فەعالیەتی سیاسی كردەوە"،
(جامیعەی معلمانی مەریوان)ی دروستكرد و لە مانگی سەرماوەرزدا فوئاد بڕیاری دا
پێشوازی لە شوعەیب زەكەریایی بكەین، بەبەشداری دەیان هەزار كەس، ئەو ڕۆژە ئەحمەد
موفتی زادە بەیاننامەی دابوو، كە خەڵك نەچنە پێشوازی شوعەیب و وتبووی؛ (او كمونیست
است و از مانیست!)، دواتر پاش سەركەوتنی شۆڕش بەهەوڵی فوئاد (جمعیت دفاع از ازادی
و انقلاب) لە سنە، پێكهات لەلایەن كۆمەڵەوە.
لە نەورۆزی خوێناوی سنە لە
(1979) شورای كاتی شۆڕش پێكهات (سدیق كەمانگر، بێهروز سولەیمانی، شوعەیب
زەكەریایی، موزەفەر موحەمەدی، د.خەسرەویی) هێرش هاتە سەر كوردستان، فوئاد وتی؛
پێویستی بە چەك و تەقەمەنی هەیە، عەتا ڕۆستەمی قبوڵی كرد، بەڵام فاتیح شێخ ڕێگای
نەدا و پێشیان گرت، كە چەك بێتە سنە، كەسێك لەئەندامانی گروپی (شیرین بەهارە)
كۆمەڵێكی زۆری ئەو چەكانەی دزی و لە (یاسوچ) فرۆشتی.
بەبڕیاری فوئاد، ساعید
وەتەندۆست ڕادەسپێردرێت، كە سدیق كەمانگەر نۆێنەری كۆمەڵەیە، بۆ دانووستان و دەبێ
ئاگاداری لێ بكەین، دواتر یوسف ئەردەڵان، بە بەرپرسی شورای شاری سنە هەڵبژێردرا.
پێكهاتنی
یەكێتی جوتیاران و ژنان لە مەریوان
دواتر هەر بە ڕاسپاردەی
فوئاد لەو شەڕی (22/2/1979)، (یەكیەتی جوتیارانی مەریوان) پێكهات و دواتر چەكدار
كران و فوئاد یەكەمین كەس بوو، لەگەڵ (12) كەس و پاشان (یەكیەتی ژنانی مەریوان)
پێكهات.
مەلەكە مستەفا سووڵتانی لە
سێبەری قەلەبەرد دەگێڕیتەوە: "لە پاش چەند مانگ لە ئازادبوونی كوردستان لە
دەستی شا، بەهاری (1358-1979) قیادە موەقەتە، مەكتەبی قورئان، شاری مەریوان گەمارۆ
دەدەن، هەموو لایەك بە ڕابەرایەتی فوئاد چوونە سەنگەر".
هەر لەو ڕۆژانەدا شەڕ
لەنێوان خەڵك، حكومەت، پێشمەرگەی موسڵمان و مەكتەبی قورئان ڕوویدا و دواتر (19)
كەسیان لێ كوژرا، پاشان فوئاد گەڕایەوە بۆ كۆنتڕۆڵی شەڕەكە.
پاشان هەر بە ڕابەرایەتی
فوئاد، كۆچی مێژوویی خەڵكی مەریوان لە (22/7/1979) تا (5/8/1979) دەستیپێكرد، كە
لە مێژووی خەڵكی كوردستاندا، جێگە و پێگەی گەورەی هەیە و ڕۆڵی لیدەری فوئادی
زۆرتری بەرجەستە كردوە.
هەر لەو كۆچەدا فوئاد لەكانی
میران وتارێكی گرنگ ڕوو بە خەڵك پێشكەش دەكات، دواین ڕستە و وشەی قسەكانی ئەمە بوو
"... دەردەكەوێت كێ پیلانگێڕە، كێ جاشە و كێ ئاژاوەگێڕی دەكات....
بژی
برایەتیمان..."
دوو برای
مەلەكە ئیعدام كران
سێی خەرمانانی (1979)، (9)
كەسی ئیعدام كران، كە دوان لەوانە برای مەلەكەی سوڵتانی بوون (حوسێن و ئەمین)ی
برای و لەگەڵ حەوت كەسی تر دەڵێ: "دایكم زۆر گریا، زۆر، سەری هەردوو كوڕە
تیربارانكراوەكەی لەباوەش گرتبوو، دەیووت هەر ئەمشەو میوانن، دونیاش خراپ بێ جێیان
ناهێڵم و دەبێ سەریان لەباوەش دایكیان بێت، دەبێ گوێیان لە كزە كز و قرچە قرچی
جەرگم بێ، "تابەیانی سەری هەردووكیان لە باوەشیدا بوو، مەلەكە دەڵێ"
دواتر دایكم لەسەر قەبران ڕوو بەخەڵك وتی: "ئێوە پێم بڵێم، ئەوەڵ كامیان ماچ
بكەم و خواحافیزی لە كامیان بكەم؟".
هاوسەری حوسێن (شوكریە) پێنج
مانگ بوو دووگیان بوو، دواتر كچەكەیان ناو نا (فرمێسك).
فوئاد وەكو ڕابەرێكی
شۆڕشگێڕ، لەماوەیەكی كەمدا بوە سیمایەكی ناسراو و خۆشەویست، بۆیە بەقسەی مەلەكە
زۆر هەوڵیدا، لەشاری بانە بەرەیەكی كوردستانی لەناو هەموو حزبەكان دروستبكات، بۆیە
لەگەڵ (مامۆستا شێخ عیزەدین مام جەلال تاڵەبانی، حدكا، چریك و نوێنەری جەمعیەت)
كۆبوەوە.
فوئاد:
ئەوەی لەگەڵ ئێمە نییە، با بچێتە دەفتەری شێخ عیزەدین
فوئاد لە بانەوە دێت بۆ
مەریوان، تابێت و بڵێ؛ كاری یەكیەتی جوتیاران ئیتر تەواو بووە، ئێمە ئێستا حیزبین
(كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران)ین، ئەوەشی وت؛ هەركەس گەر پێی
خۆش نەبێ لەگەڵ كۆمەڵە كاربكات، دەتوانن بچنە بانە لە دەفتەری مامۆستا شێخ عیزەدین
كاربكەن و فاتیح شێخ الاسلامی نارد تا ئەو دەفتەرە دروستبكات پاشان نەخشەی گرتنی
پادگانی مەریوانی بە عەتا ڕۆستەمی سپارد ئەو چوە بانە.
شەهیدبوونی
فوئاد و گلەیی مەلەكە لە كۆمەڵە
بەڵام بەقسەی مەلەكە (فوئاد
لەگەڵ شێخ عوسمان خالیدی، تەهمورسی ئەكبەری لە سازمانی چریكی فیدائی، ناسح خالیدی،
برایم جەلال لە (ی.ن.ك)) گەڕابوەوە بانە، بەڵام ڕژێم زانیبووی و شەهیدی كرد.
بەڵام مەلەكە گلەیی لە
كۆمەڵە دەكات و دەڵێ: "یەك پێشمەرگەیان لەو سەفەرەدا لەگەڵ فوئاد نەنارد
(مەبەستی كۆمەڵە)یە، سیخوڕی كۆن و نوێ زانیاریان دابوو بە ڕژێم" (دیار نییە
مەبەستی لەوانە كێیە؟) گلەیی ئەوەش دەكات تەنها (سەعید یەزیدیان، تەییب عەباسی،
ئیرەجی فەرزاد، حەمید فەرشچی، ئەدیب وەتەندۆست و عەبەی هوشیاریان) هاتنە ئەڵمانە
بۆ سەرەخۆشی كەسی تر لە ڕابەرانی كۆمەڵە نەهاتن.
فوئاد شەهید بوو، ڕابەری
كۆمۆنیست و كرێكاران و نوێنەری ژنان، معلمان، جوتیاران بەم دوو دێڕە لەسەر گۆڕەكەی
لە ئەڵمانە ماڵئاوایی لێكرا: "پەژارەت شادیم جەبێخ ئاوەردەن، دووریت ڕیشەی
دڵ، خەیمەكەت كەردەن".
مەلەكە دەڵێ: "جیا لەو
كارەساتانە بیرم لەوە دەكردەوە وەزعی فایزە، خوشكی دووگیانم، بە منداڵێكەوە لەگەڵ
مێردی لایەنگری مەكتەبی قورئان و نزیك بە ڕژێم چی بەسەر دێت؟ بەوشێوەیە منداڵەكەی
شوكریەی حوسێنی برام (فرمێسك) و دوو ڕۆژ دواتر (ئەختەر)ی كچی دووەمی فایزە لە
دایكبوون".
چەككردنی
سوپای ڕزگاری
مەلەكە لەبەشێكی تری سێبەری
قەلەبەرد، باس لە دروستكردنی (كۆمیتەی ژنانی كۆمەڵە) دەكات، لە پێكهاتنی دەستەی
نوێنەرانی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت جیا لە مامۆستا شێخ عیزەدین كۆمەڵە،
دیموكرات و چریك، بەشداربوون، نوێنەرانی كۆمەڵە (ئیبراهیم عەلیزادە، عەبدوڵڵای
موهتەدی، یوسف ئەردەڵان، د.جەعفەر شەفیعی) ئەندامی دەستەكە بوون.
لە پەیوەند بەوە دەڵێ:
"(حدكا) دەیوست لەژێرەوە بەتەنها لەگەڵ دەوڵەت مفاوزات بكات، بەڵام كۆمەڵە بە
نامیلكەی (ئێمە و وتووێژ)" وەڵامی ئەو بابەتەی (حدكا)ی دایەوە.
(كاندیدبوونی فاتیح شێخ الاسلامی
و چەككردنی سوپای ڕزگاری) بابەتێكی تری قەلەبەردە، لە پاڵیدا گلەیی لە ڕابەرانی
كۆمەڵە دەكات و دەڵێ: زۆریان دەهاتنە مەریوان، بەڵام هیچ كامیان ئامادەنەبوون،
ڕۆژێك بۆ سەعاتێك، بچنە سەر مەزاری فوئاد و براكانم لە ئەڵمانە.
پاسیڤبوونی
مەكتەبی قورئان
ئەوەش دەڵی: بارودۆخی
مەریوان شێوا بوو، بەهۆی بوونی هێزگەلی وەك (مەكتەبی قورئان، قیادە موەقەتە، سوپای
ڕزگاری و پاسداران)، لە حاڵێكدا هاوڕێیانی ناوچەی مەریوان دەیانزانی پەیوەندی
خۆشەویستی لەنێوان من و د.جەعفەر هەیە، هەندێ جار ڕەفتاری ناشرینیان دەكرد.
لەم كتێبەدا لە زۆر شوێن
باسی ڕۆڵ و كاریگەری ژنانی كۆمەڵە دەكات، كە دەوروو نەقشی بەرچاویان هەبوە، لەوانە
(تەلعەت خالیدی، فەهیمە قوتبی، گوڵڕۆخی قوبادی، گوڵڕێزی قوبادی، ناهید محەمەدی،
جەمیلە ڕەحیمیی، مەلەكە سوڵتانی، ....).
دوو دیدگای
كۆمەڵە و سەهەند
لە (1980) باس لە دیدگای (1
و 2)ی كۆمەڵە دەكات لەنێوان (سەعید یەزیدیان، ساعید وەتەندۆست، ئیرەج فەرزاد)
دیدگای دوو (عەلیزادە، موهتەدی، شوعەیب، حوسێنی موراد بەگی) لەسەر وجود و
سەرمایەداری ئێران.
فەرزاد وتبووی؛ كۆنگرەی دووی
كۆمەڵە دادگایی فوئاد بوو، موهتەدیش وتبووی؛ گەر بە ڕێككەوتن نەگەین، ئێمە بیست
كەسیشمان لەگەڵ بێت، جیادەبینەوە.
دەبێ ئەوە بڵێم، (ساعید،
یەزیدیان، عەباس ڕوحوڵڵایی، فەرزاد)، زۆرتر خۆیان بە خەتی فوئاد دەزانی.
مەلەكە لە بابەتێكی تردا
دەڵێ: لە ڕێككەوتن لەگەڵ سەهەند، كە هیچ پێگەیان نەبوو و دامەزراندنی حزبێكی بێ
بنەما-حزبی كۆمۆنیست- ئینشقاقی زۆر بەدوای خۆیدا هێنا، كە ئاكامی سیاسەتە
نادروستەكانی كۆنگرەی دووی كۆمەڵە بوو.
گرفتی عیشقی
مەلەكە و د.جەعفەر
لە پەیوەند بە پەیوەندی خۆیی
و د.جەعفەر و مەسەلەی خۆشەویستی، چەند بابەتی جێی سەرنج باس دەكات و دەڵێ، جارێك
لە سنە ئیرەجی فەرزاد بانگی كردم و وتی؛ ئێژن كوڕی ئیمام جومعەی بۆكان-ت خۆشدەوێ،
بەتوندی وایووت، ڕەفتارێكی زۆر ناپەسەند بوو.
جارێكی تر حوسێن موراد بەگی،
كاتێ زانی كچێك كوڕێكی خۆشدەوێ، ڕەفتارێكی توندی بەرامبەر كرد و باس لەوەش دەكرێت،
عومەر ئیلخانیزادە و حەمە حوسێن كەریمی-ش لەسەر خۆشەویستی سزادراون.
مەكتەبی
قورئان و كێشەی خانەوادەگی
فایزەی خوشكم كە زەماوەندی
لەگەڵ ڕەحمانی حەیدەری كردبوو، بوە لایەنگری مەكتەبی قورئان و ئەحمەد موفتی زادە و
ئەوانیش چوونە پاڵ كۆماری ئیسلامی، كێشە دروستبوو، براكانی ڕەحمان لە تاران
فتوایان دژی ماڵی ئێمە و كۆمۆنیستەكان دەركرد، دواتر فایزە لێی جودا بوە.
ساڵانی (1994-1995) دایك و
باوكم كۆچی دواییان كرد.
موهتەدی
ماجیدی نەگۆڕیەوە
مەلەكە باس لە گرتنی ماجیدی
برای دەكات و دەڵێ: "بڕیار بوو لەگەڵ بەرپرسێكی سوپای پاسداران، كە دیل بوو
لای كۆمەڵە بیگۆڕنەوە"، بەڵام دەڵێ: عەبدوڵڵای موهتەدی كەسانی تری تێكەڵ
لیستەكە كرد، كە دۆستی خۆی بوون (بەڵام من پرسیارم لە چەند كەس لە هاوڕێیانی نزیك
كرد لە كۆمەڵە لەسەر ئەو بابەتە وتیان: (شتی واو لیستی وا ئەسڵ و ئەساسی نەبوە،
كاك عەبدوڵڵا كاری وای نەكردوە).
بەوشێوەیە بنەماڵەی مستەفا
سوڵتانی پێنج كوڕیان شەهید بوون (فوئاد، حوسێن، ئەمین، ئەمجەد و ماجید) لە
گۆڕستانی تاڵە سوار لە ئەڵمانە بە خاك سپێردراون، كە پێشتر هەریەكە لە ئەمجەد و
ماجید ئیعدام كران.
ڕەخنە لە
ساعید وەتەندۆست
مەلەكە دەڵێ: ماجید و ئەمجەد
سەرەڕای تێكۆشانیان، بەڵام وەكو ئەندامی كۆمەڵە باس نەكرابوون، كاتی نووسینی
ژیاننامەكانیان د.جەعفەر و ماجیدی وەكو ئەندامی كۆمەڵە ناساندبوو، كەچی ساعیدی
وەتەندۆست ڕەخنەی هەبوو بۆچی ماجید وەكو ئەندامی كۆمەڵە باسكراوە؟
هەموو كۆمەڵە خەریكی كاری
هاوبەشی (كۆمەڵە – اتحاد مبارزان كۆمۆنیست) بوون، بەڵام خەڵكانی وەك (یوسف
ئەردەڵان، بیژەن چهرازی، عەبەی تاران) مخالیف بوون.
مەلەكە لە شوێنێكی تردا
دەڵێت: "(1/11/1982) یەكەم دەستەی ژنانی (پ.م) كۆمەڵە چەكدار كران و كۆمەڵە
وەكو یەكەم ڕێكخراو ژنانی چەكدار كرد".
كۆمەڵە
ڕێزی باوكمانی نەگرت
(1983) باوكم هات بۆ سلێمانی
و لە مقەری كۆمەڵە ژوورێكیان پێدا، بەڵام ڕەفتاریان لەگەڵیدا باش نەبوو، هەرچەندە
كۆمەڵە دەیتوانی شوێنێكی باشتر بۆ باوكم دابین بكەن، دەپرسین بۆچی؟ كە هەر ئەوكات
بۆ زۆر كەسی تر شوێنی ژیانی سەربەخۆ دابین كرابوو، بەڵام بۆ باوكم-یان نەكرد (لەو
بابەتەشەوە پرسیارم لە چەند لە هاوڕێیانی كۆمەڵە كرد، موخالیفی ئەو بۆچوونە بوون،
پێشیان وابوو زۆر ڕێزیان گرتوە و زۆریش هاوكارییان كردوە).
تەنانەت بۆ كۆمیتەی
ئامادەكاری حیزبی كۆمۆنیست، كۆمەڵە ناوی د.جەعفەریان تێ نەكردبوو، بەڵام مەنسوری
حیكمەت وتی: "دەبێ ناوی ئەویش هەبێت".
عەلیزادە
ڕێگای نەدا بڕۆم بۆ شەڕ
كۆمەڵە هێزێكی نارد بۆ
هەورامان، بڕیاربوو منیش بچم، بەڵام كاتێ سەید برایم عەلیزادە دەزانێت، دەڵی:
"ئەو مۆڵەتی نییە، چونكە چەند برای شەهیدە نابێت بچێتە ئەو كارە و ئەو هێزەی
كە چوونە هەورامان، (حدكا) هێرشی كردە سەریان و زۆربەیانی گوللە باران كرد، یەكێك
لە هۆكارەكانی شەڕی كۆمەڵە و دیموكرات ئەو پەلامارەی ئەوان بوو"، بەڵام هەر
ئەوكات خەبەرم بۆهات، كە باوكت مرد.
حدكا هێرش
دەكاتە سەر هێزەكانی تر
مەلەكە لە كتێبەكەیدا باسی
(حدكا) دەكات و دەڵێ: "ساڵی (1981) لە بۆكان، بە (RPG) هێرشی كردە
سەر ڕێكخراوی (پەیكار) و سێ پێشمەرگەی لێ كوشتن، لە (1981) جارێكی تر هێرشی كردە
سەر پەیكار و كۆمەڵە چەند كەسی تیر باران كرد، تا لە كۆنگرەی (2)ی حیزبی
كۆمۆنیستدا عەبدوڵڵای موهتەدی (حدكا)ی وەكو هێزێكی دژە شۆڕش ناساند، دواتریش
كۆمەڵە داوای لە یەكێتی كرد بۆ شەڕ ڕاگرتن لەگەڵ (حدكا)، بەڵام هیچ كات دیموكرات
ملی نەدا.
كۆمەڵە لیباسی
نەدا بە د.جەعفەر
دواجار بەیان دەگەڕێتەوە بۆ
ئۆردوگا بۆئەوەی هەردووكیان بڕۆن بۆ سووید، دواتر لە (1987) د.جەعفەر لە ئەورووپا
گەڕایەوە كوردستان، مەلەكە دەڵی: د.جەعفەر دەستێ لیباسی دەویست بۆ مولاقاتی
یەكێتی، كەچی كۆمەڵە حازر نەبوون لیباسێكی نوێ پێ بدەن.
جەنازەكەی
د.جەعفەرم بۆ هاتەوە
پاشان بەبڕیاری ناوەندی
بڕیار درا د.جەعفەر بڕوات بۆ سەفەر بۆ سووید لە (1987)، بەڵام خۆی زۆری پێ
ناخۆشبوو، من و عەلیزادە و ئیلخانیزادە چوینە لای ماشێنەكە بۆ بەڕێ كردنی، وتی:
"نیگەران مەبە زوو دێمەوە"، بەڵام بەداخەوە هەر زوو جەنازەكەی گەیشتەوە
پێم، كە لە نزیك شاری تكریت تووشی پیكدادانی ئۆتۆمبێل دەبێ و گیان لە دەستدەدا و
دواتر بە ئامادەبوونی كۆمەڵە و مام جەلال و شێخ عیزەدین لە (گوندی چۆخماخ) بە خاك
سپێردرا.
دوو برام
لە سێدارە دران، كۆمەڵە ناوی منی لابردوو
مەلەكە دەڵێ: لە (1979) لە
ماوەی یەك هەفتەدا سێ برام لە دەستدا لە ساڵی (1981) دوو برای ترم ماجید و ئەمجەد
لە سێدارە دران، ئەمجارەش هاوسەرەكەم و هەموو ئەو هاودەردیانەی بۆ كۆمەڵە هاتبوون
بۆ مەرگی د.جەعفەر تا لە ڕادیۆ بخوێندرێتەوە، بەڵام بەرپرسی كۆمەڵە لە هەموویاندا
ناوی منیان لابردبوو.
تا نامەكەی سەڵڵاحی موهتەدی
(گڵكۆی تازە یار)، و پەخشانەكەی (شێركۆ بێكەس- دەلالۆ هەستەوە)یان شاردەوە، مەرگی
د.جەعفەرمان لە بەیان شاردەوە، تەنانەت هاوڕێی نزیكی بەیان شەوبۆی ئیلخانیزادە پێی
نەوت.
* * *
* ئەم كتێبە
مێژووی بەشێك لە شۆڕشی كوردستان دەگێڕیتەوە، زۆرتر ڕۆڵی نووسەر و خانەوادەكەی
لەناو كۆمەڵەدا بەرجەستە كردوە، كتێبەكە لە فۆڕمی ئەدەبی و ڕۆمان، پڕە لە چیرۆك و
پاڵەوان، پڕە لە هەقیقەت و تراژیدیا، شایانی خوێندنەوەیە، بەڵام بێ ڕەخنەش نییە،
بەتایبەتی بۆ خەڵكانێ كە ناویان هاتوە و زانیارییەكان بەهەڵە دەزانن و بە خۆمیان
وت؛ بۆیە وەڵام نادەینەوە، چونكە كاتی نییە و مەلەكە و خانەوادەكەی سەرمایەی
كۆمەڵەن و زوو یان درەنگ ئەم ناڕاستیانە ئاشكرا دەبن ڕاستییەكان دەرەكەوێت.
* لە بەشى
سێهەمى ئەم نووسينەمدا بۆچونەكانى مەلەكە خانم و خەڵكانى تر دەخەمە ڕوو، كە چەند
سەرنجيان لەسەر بەشى يەكەمى نووسينەكەى من هەبوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی