ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی 9 مانکە
لای پەکەکە و کۆمەڵە خەڵکێکی زۆر بە پرۆسەی ئاشتی ناسراوە و لای ئاکەپە و باخچەلی
بە پرۆسەی تورکیای 'ناتیرۆر' ئێستاش بە پرۆسەی 'چارەسەر'ی ناسراوە تەنها لەبەر
بوونی دەرفەتێك بوو بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی تورکیا لەسەروبەری شەڕی حەماس و
ئیسرائیل و کلک وگوێکردنی میلیشیاکانی ئیڕان و لاوازکردنی خودی ئێرانیش .
ئەمانە و ڕاگەیاندنەکانی
ئیسرائیل سەبارەت بە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە ترس و لەرزێکی زۆری خستە دڵی دەوڵەتی
تورکیاوە کە ئەو بارودۆخە ئەویش لێی ڕزگار نابێت کە لە کاتێکیشدا دەیەها بیانو
هەیە بۆ لابردنی حکومەتی ئاکەپە و گۆڕانکاری لە ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و
ولاتدا.
ئەمە هۆکار و پاڵنەری تەواو
بوو بە دانی ئەو وەهمە بەناوی قسەکردن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، نەك باوەڕی تەواوی
ئاکەپە و باخچەلی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی دەستور و حوکمڕانی و لابەلاکردنەوەی کێشەی
کورد لە باکوری کوردستاندا.
بەڵام ئایا ئەو
خەونەی ئۆجەلان و هەندێك لە سەرانی قەندیل و خۆشباوەڕانێکی زۆری نێو پەکەکە و
کوردانی باشوور ڕوودەدات؟
بەڕای
من ئەگەر بمانەوێت بۆچونێکمان لەو بارەوە هەبێت دەبێت تەماشایەکی ڕووداوەکانی سەرەتا
و ئەم دوواییە بکەین. ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا دەوڵەتی تورکیا پێداگری
لەسەر ئەوە دەکەن کە شتێکی ئاوا بە ناوی ئاشتی و ئاشتەواییەوە لە ئارادا نییە، ئەوەی
کە هەیە تەنها نەهێشتنی تیرۆرە لە تورکیادا. بە بەردەوامیش ئەمە لەلایەن هەندێك
لە بەرپرسان و گەورە دەسەڵاتدارانی
تورکیاوە تا ڕادەیەك ڕۆژانە پشتڕاستدەکرێتەوە، ئاوی گوێمان بەوە دادەن و بیرمان
دەهێننەوە نە دەستور دەگۆڕێت و نە ئۆجەلان بەردەبێت و نە پرۆسەکەش بە خواست و
مەبەستی کوردان دەبێت.
لە
لایەکی ترەوە جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس گەر بۆ کاتییش بێت وەستاوە ، ئیسرائیل
جارێکی دیکە بەم زوانە هێڕش ناکاتەوە سەر ئێران. پێگەی تورکیاش نەك هەر
لەبەهێزبووندایە لە ناوچەکە و لە مەیدانی سیاسەتی ئەمریکی دا بەڵکو بووە بە دانەر
و رێکخەر و جێبەوبەجێکەر سیاسەت و سێبەری حکومەتی سوریاش کە ڕەنگدانەوەی کتومتی
سیاسەتی حکومەتی تورکیایە .
نزیکبوونەوەی
تورکیا و ئەمریکا و چوونی ئەبوجۆلانی بۆ ئەمەریکا و بەشداریکردنی لە پرسە هەرە
گرنگەکاندا بە هاوبەشی و هاوکاری فیدان هاکان کە بە گوێرەی میدیا فەرمییەکانیش
بارودۆخۆکە لە قازانجی تورکیا و حکومەتی سوریایە .
لەلایەکی
دیکەوە بە ناچاری ڕازیبوونی هەسەدە بە مەرجەکانی تورکیا و سوریا و ئەمریکا بە
تێکەڵبوونەوەیان و بوون بە بەشێك لە سوپای سوریا لەگەڵ وەرگرتنی هەندێك پلەوپایەی
سوپایی و ڕەنگە ئیدارەییش. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەبێت قوربانی بدرێت بەو
ئیدارەیەی کە لە ڕؤژئاوادا هەیە و هەڵبووەشێتەوە و ببێتە بەشێك و پاشکۆی دەوڵەتی
سوری ، واتە دەستبەرداربوونی تێزی : خۆسەریی ، ئیکۆلۆجی ، فێمینیزم ، کاروباری
هەرەوەزی ، ئەکادیمیاکانی کە لەوێ بە ناوی جیاوەزەوە هەن ، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە و پڕۆگرامی خۆێندن و چاوخشاندەنەوە
بە پڕۆگرامی زانکۆکان و بێ گومان لابردنی وێنەکانی ئۆجەلان و کۆتاییهێنان بەو سروودانەی
کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێنرا و دەوترایەوە یا لە کۆبوونەوەکاندا دووبارە
دەکرانەوە، ئەمانە و لەپاڵ کردنەوەی مەداریسی زۆری دینی و مزگەوت و کارگەی
بەرهەمهێنانی کەسانی زۆر توندڕەو و تیرۆریست .
ئەمانە
هەمووی ئاوێکە دەکرێن بەدڵی حوکمڕانانی تورکیا و ڕەواندەنەوەی مەترسییەکانی ئەم
یەك دوو ساڵەیان سەبارەت بە لە کارکەوتنیان.
لەبەر
ڕۆشانی ئەوەی کە لە سەرەوە وترا دەتوانین بڵێین گەر هەموو ئامانج و ویستی تورکیا
لە ڕۆژئاوا و لە سوریا نەهاتبێتە دی ، ئەوە دەکرێت زۆرێك لەوانە بێت کە ویستویانە
.
ئالەم
بارەشدا تورکیا پێویستی بە پرۆسەیەك بە ناوی ئاشتییەوە نامێنێ بە تایبەت لە
ئێستادا، کە لە کاتێکدا هێشتا زۆرێك لە تورکەکانی ئەوێ بەهەژمونی بەکارهێنانی
زمانی ڕایسستی و فاشتی دەوڵەت دژی پەکەکە ، ڕاهێنراون، دەکرێت لە ماوەیەکی دیکەدا بە تەواوی کۆتایی بەو
پرۆسەیە بێت ، لەوانەشە کە لێبوردنێیکی گشتی بۆ چەکدارانی پەکەکە بەڵام نەك سەران
و کەسە دیارەکانی دەرکرێت .
ئەوەی
کە وام لێدەکات کە من ئاوا بۆچونێکم هەبێت، ئەوە لێکدانەوەی وردی بارودۆخی ناوچەکە
و سیاسەتی ئەمەریکا و گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئایدیا و مانیفێستەکیی ئۆجەلان و باس
نەکردنی هیچ جۆرە پێشەوەچونێكی ئەم پرۆسەیە و خەریکبوونی ئەو بە ناردنی چەند پەیام
و ڕاگەیاندنێکی سارد و سڕ و بێمزەڕاتانە و
خۆنەدان لەم پرۆسەیەیە. هەرەها ڕووداوەکانی ئەم هەفتەیە و ئاشکرابوونی باشتری نێتی
تورکیا و ئەبوجۆلانی و ئەمەریکا، هەر هەموو ئەمانە وامان لێدەکات کە بڵێم
پێدەچێت ئەوەی لای ئێمە پێیی دەوترێت پرۆسەی
ئاشتی وەهمێک بووبێت کە لە ئێستادا وەرناگێڕرێتە سەر واقیع.
بەداخەوە ئەمجارەش وەکو هەموو جارانی پێشتر لەوە
دەکات سەرکردان و ڕابەرانی کورد نەیانتوانی گەمەیەکی سوودمەند لە بارودۆخێکی
ناوازە و لە مەیدانی سیاسەتێکی بێ سەروبەرەی ئەمەریکادا بکەن. ئیتر نازانیین ئەمەش
بە شکستێکی دیکە کۆتایی دێت یا بە سەرکەوتنێکی زۆر لاوەکی . دووبارە بەداخەوە کە 'دەم پارتی' ش یا كلاویان نراوەتە
سەر یاخود هەموو شتێك دەزانن نایانەوێت بیدرکێنن، یا بەمەبەسێك ئاڵاون لە پرۆسەیەکی
وا گەورەوە کە زۆر لەبەردانی سەرۆکە گیراوەکانیان گەورەترە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی