كەركوكەكه‌ی دڵ‌و قودس

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

كتێبێكی قەبارە گەورەم هەیە بە ناوی برینەكانی قودس و دڵ لەوێدا لە سەر زۆرێك لە كێماسی و چەوتیەكانی حزبی كوردیم دەرهەق بەو شارە نووسیوە ، شارێك كە سەدان ساڵی لەبەردەم ستەم و هەڕەشەدا گوزەراندوە لەم سەت ساڵەوە نا لە سەدان ساڵی هێرشە یەك لە دووی یەكەكانی داگیركارانەوە، جا خۆش خۆش شەڕی پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو شارە هەندێك جار لە سەر ئەوەیە بە یەك واو بنوسرێت یان بە دوو واو لە كاتێكا زۆر دایك و هاوسەرو خوشكی كوردی ئەو شارە واو نا، هەزاران جار وا وەیلایان بۆ كردوە، لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا لەوە خراپتر كرۆكی كوردی دەركەوت دەست لە خاتونە بەر بژێرەكانیش نەپارێزراو هەزار تۆمەت و تانە بە فلسێ‌، ئەوەی ئەوەشی دەكرد كوردە حەیاتەكە بوو، هەندێك شیعری بێمانای هەجوو لە سەر چەند كەسێك وترا بەڕاستی وەجاخی شێخ ڕەزایان كوێر كردەوە، ئەمە لە كوێ‌ و شیعری تەڕو ناسكی شێخ لە كوێ‌، سیاسیش هەبوون شیعریان بە باڵای كەركوكدا دەوت، شیعرەكەش هەر بۆ ئەوە بوو بڵێن قودس نیەو دڵە، جا قوربان كە دڵە بۆ لە قولە پێدا داتانناوە، خۆ دڵ شوێنی ئەوێ‌ نیە، لە هەموو هەڵبژاردنێكدا كۆڵێك قسەی ناشرین بە یەكتر دەڵێن ، هەرگیز نازانن برابن .

لە كەركوك پێویستمان بە هەراو هوریای ناسیونالیستی كوێر بین و هەڕەشەو گوڕەشەی بێكرداری فاشیانە نیە، پێویستمان بە پێكەوە ژیان و یەكتر قەبوڵكردن و ڕێزگرتنە لە جیاوازی یەكتر، بانگەشەی هەڵبژاردن دەریخست ئێمە هێشتا بە تەواوەتی لەو مێژوەدا نین كە ئامانجمانە، وەك دیرۆك كەركوك كوردستانیە ، وەك جوگرافیا كوردستانیە ، وەك ستەملێكردن كوردستانیە ، گەلۆ كەركوك لە سەردەمی عوسمانیدا یان بە شارەزورەوە ویلایەتێكی سەربەخۆو كوردستانی بووە ، یان بە موسڵەوە كوردستانی بووە، وەك ستەملێكردنیش دەی با هەق و حسابی ئەوە بكەین لە كەركوك كێ‌ لە بەردەم هەڕەشەدا بووە ، كێ‌ راگوێزراوە ، دەركراوەو دەربەدەر كراوە ، كێ‌ ڕووبەڕووی سڕینەوەو ئەنفال بوەتەوە ، كورد بۆ كورد ئێ‌ دیارە هۆیەكەی هەر ئەوەیە ستەمكار ئەركی دەركردنی خاوەن ماڵە بۆ ئەوەی ڕاستی بشارێتەوە، ئەمە بە هەراو زەناو شیعرو میعر چارەسەر ناكرێت ، ئێ‌ نایشكرێت ئەركی پیرۆزی شیعر لە شاعیرانی گەورەی وەك ئەسیری ، لەتیف هەڵمەت ، شێركۆ بێكەس و عەبدوڵا پەشێووزۆری تر بسەنرێتەوەو ئەوەش بۆ سیاسی ناسیاسی قۆرخبكرێت.

لە كەركوك پێویستمان بەوەیە سەرەتا خۆمان چاكبكەین ، پەیوەندی دروست بكەینەوە ، واز لەشۆراوی پارتی و یەكێتی بێنین و شۆراوی كەركوك دروست بكەین ، ئەم پەلاماردانی یەكە ناشرینیە ، هەر هیچتان پێناكرێت چاو لە كۆچكردو زاهیر شكور بكەن ، كە كتێبی دەناردە ماڵەكانەوە، چاو لە تاریق كارێزی و ماڵەكەی بكەن ، بڕۆن سەردانێكی خانەی ڕەنجوری بكەن ، سەیرێكی پێكەوەیی ساڵۆنی شەقامی كۆماری بكەن، ئێمە بیست ساڵ پترە داواو پێشنیازی ئاكاری دەكەین و هەندێك لە بری ئەوەی بە قسەمان بكەن مناڵ و تواڵی شوێنی ترمان تێبەردەدەن ، كەركوك بە ئاكارو جوانكردن و بایەخپێدانی ئاكاری دەگەڕێتەوە، نەك بە شەڕی واوی درێژو واوی كورت.

باشترین كارێك بكرێت ئەوەیە بەشێك لە ئەرك و خەمی كەركوكی لێگەڕێن بۆ خودی كەركوكیەكان خۆیان ، لە ناو كەركوكیەكانیشدا بۆ ئەوانەی وەك گەلی مەكە شیوودۆڵ و پەلی كەركوك لە هەموو كەس شارەزا ترن، كورد لە كەركوك براوەیە ، بەڵام لە كوردستان دۆڕاو ، دۆڕاو چونكەناتوانین پێكەوە بین ، لە كەركوكی گەڕێن با پێكەوە بن، ماچەكانی ڕێبوار تەهاتان بینی لە كوڕە زەرد پۆشەكە، كەمێك وانە فێر بن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی