نزیکبوونەوەی شەرع لەئەمریکاو کاردانەوەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دەرکەوتنی دەستەڵاتی تازەی سوریا، حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بە پشتیوانی و لەژێر سێبەری هەژموونی تورکیادا وەک دەستەڵاتێکی تاکڕەو و پێداگر لەسەر ناوەندیێتی ئەو وڵاتە خۆی ڕانا، لە پێکهێنانی حکومەتی کاتیی و ڕەشنووسی دەستوور و هەر هەنگاوێکی دیکەی کە گرتیەبەر.. هیچ مانایێکی بۆ فرە ڕەنگی و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە نەهێشتەوە، تەنات پەلاماری درووز و عەلەوییەکانیدا و کۆمەڵکوژی کردن؛ ویستی لەژێر نوای پیلان و هەڕەشەکانی تورکیا کوردیش لەناو خەڵتانی خوێندا لە قاڵب بدات و پاشەکشێ بە ئەزموونی گەشە سەندووی جوان و ڕەنگاوڕەنگی ڕۆژ ئاواش بکات، بەڵام سەنگەری پتەو و ئیرادەی کەڵەگەتی شەڕوانان لەسەرووی خواست و مەزندەکانەوە نەخشەو پیلانەکانی ئەوانی  نەزۆک و جڵەو کرد .

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر غروریی ئەحمەد ئەلشەرع و بەردانی مەستی دەستەڵات، هەست دەکرا پیلانە هاوبەشەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لە سوریا وەک پێویست جێ ناگرن و بەدوای یەکدا شکست دێنن، وا دەردەکەوت شەرع لەوە تێگەیشتبێت هەموو هێلکەکان لە سەبەتەی تورکیا دا دادی نادات و وا ئاسان لە دەستی ئیسرائیل قوتاری نابێت، هەل و مەرجی بابەتیی ناوچەکە و هاوکێشەی ململانێکان پێچەوانەی خواستی ئەوان و تورکیا ڕێ دەکات، بۆیە هەر زوو کەوتە خۆ و خۆی خستەوە نێو ئامێزی عەرەبیی، لەڕێی شای سعودیەوە لایێکی  بە ڕوودا کرایەوە و تڕامپی بینی، دواتر لەگەڵ ئیسڕائیلدا کەوتە گفتوگۆ و پاشانیش هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساند لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕک بەشداری بکات، ئێستاش لەو چەند ڕۆژەدا لەگەڵ ئەنەس خەتاب وەزیری نێوخۆی سوریا لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە سزاکانیان لەسەر لابرا و سەردانی ئەمریکا کرد و لەگەڵ تڕامپدا دانیشت .

بە سەرنجدان لەو نزیک بوونەوەی شەرع لەگەڵ بەرەی ئەمریکاو ئیسرائیلدا و ئەو دیدار و دانیشتنانەی لە ڕابردوودا لە نێوانیاندا ڕوویداوە، تا ئاستێک ئەوەی دەگوترێ و ڕوونبووەتەوە ئەمریکا خواستی لە حکومەتی سوریا ئەوەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕێکبەوێت، بەشدار بێت لە شەڕی دژی تیرۆر، بچێتە نێو ڕێکەوتنی ئەبڕاهام و مافی پێکهاتەکانی سوریا قبوڵ بکات یان ڕونتر بڵێین دەبێت دان بە دابەشکردنی دەستەڵاتی سوریادا بنێت؛ خۆ ڕەنگە جگە لەوەی کە ئەحمەد شەرع کار بۆ مانەوەی خۆی دەکات لە ئایندەی سوریادا، ئامانجێکی تری لەو نزیکبوەنەوە لە قاڵبدان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی هەسەدە و خۆبردنە پێش بێت تا وەک بەدیلی ئەو هێزە لای ئەمریکا خۆی ڕانێت، بەڵام بەهەموو ئەگەر و لێکدانەوەکان چاوەڕوان ناکرێت ئەوە ڕووبدات، چونکە هەسەدە ئەندامێکی کارا و چالاکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی تیرۆرە و پێشینەیێکی دوور و درێژی لەشەڕ لەگەڵ داعش و گروپە تیرۆرستییەکانی دیکەیدا هەیە، هێزێکی یەک دەست و ڕێکخراو و پڕ دیسپلینی سەربازییە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ هەموو گروپە توندڕەوە جیهادییەکاندا دژ و ناکۆکە. لەکاتێکدا ئەو گروپانەی سوپای سوریا پێکدەهێنن لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە خاوەن پاشخانێکی فکریی جیهادیین، تا ئاستێکی زۆر پەرش و بڵاو و ناکۆکن، یەکدەست نین و شێوە میلیشیا و بێ دسپلینی سەربازیین، دژ بە ئامانجەکانی ئەمریکا و ڕۆژ ئاوان و پێناچێت داواکارییەکانی ئەمریکا لە حکومەتی سوریا لای ئەوان پەسند بێت؛ کورت و پوخت لەهیچ ڕوویێکەوە ناتوانن ببن بە بەدیلی هەسەدەو جێمتمانەی ئەمریکا نین .

دیارە لەئەگەری قبوڵکردنی هەریەک لەو داواکارییانەی ئەمریکاشدا دوور نیە دەستەڵاتی شەرع ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە لەگەڵ ئەو گروپانەدا، چونکە وەک گوتمان باگراوندی ئایدۆلۆژی ئەو گروپانە لەگەڵ ویست و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل و ڕۆژ ئاوا بەگشتی  دژ و ناکۆکە و ئەو هەنگاوانەی ئێستای شەرع گرتوویەتیەبەر لای ئەوان پەسند نیە؛ دوور نیە لە حاڵەتێکدا سوریا لەدەست دەرچێت تورکیاش دنەی ئەو گروپانە بدات و سوریا ڕووبەڕووی شەڕێکی ناوخۆ ببێتەوە. ئەوە جگە لەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ئێستادا کەوتوونەتە ناو بازنەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و سازشیان لەسەرناکرێت، ئەگەرچی هیچ ڕووداوێک لە سیاسەتدا مەحاڵ نیە، بەڵام بەپێی هەر ئەگەرێک ئەو نزیکبوونەوەیەی سوریا لە ئەمریکا هیچ زیانێکی بۆ کورد نیە و ڕۆژ ئاواش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنانەدا بەدەرنابن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی