کێ بەراوردی پێگەی ئیسلامیەکانی لا گرنگە بیخوێنێتەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی

(بەراوردی دەنگی ئیسلامیەکان لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥)
هەمیشە ئیسلامیەکان لە بازنە گەورەکەدا وەك بەرەیەك تەماشا دەکرێن، ئەم بەرەیە ڕاستە لە چەند هێزێکی سیاسی ئیسلامیدا خۆی دەبینێتەوە بەڵام لە حاڵەتە ئاساییەکەدا یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری نوێنەرایەتی دەنگ و کورسی ئەم بەرەیەیان کردوە.

لێرەدا دەمەوێت زیاتر ژمارەکان قسە بکەن سەبارەت بەوەی بەراست ئیسلامیەکان لە گەشەدان یان پاشەکشە، من لێرەدا هیچ گرنگی بە ژمارەی کورسی نادەم لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا بەڵکو دەنگی بەدەستهاتوویان دەکەمە پێوەری بەراوردکاری چونکە پێوەری ژمارەی کورسی بۆ بەراوردکردن وەڵامی پێویست نادا بەدەستەوە ، لە نێوان پارێزگایەك و ئەویتردا جیاوازی هەیە، بۆیە پێوەرەکە ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوو دەبێت، باشترین دوو هەڵبژاردن بۆ ئەم بەراوردکاریە نێوان هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ٢٠١٠ لەگەڵ ٢٠٢٥ دایە

بۆ هەر هەڵبژاردنێك ژمارەی دەنگدەر و دەنگی بەدەست هاتووی هەر حیزبێکیان وەردەگرین بۆ هەرێمی کوردستان.

یەکگرتووی ئیسلامی

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ی پەرلەمانی عێراقدا

یەکگرتووی ئیسلامی ٢١٤٢٢٢ دووسەدو چواردە هەزار و دووسەدو بیست و دوو دەنگی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوە دەنگ بدەن ٢٥٩٠٢٧٤ دوو ملیۆن و پێنج سەدونەوەد هەزار و دووسەدو حەفتا و چوار کەسە.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی پەرلەمانی عێراق

یەکگرتووی ئیسلامی ١٦٦٥٣٢ سەدو شەست و شەش هەزار و پێنج سەدو سی و دوو دەنگی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوە بەشداری دەنگدان بکەن ٣٨٨٣٥٠١ سێ ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو سێ هەزار و پێنج سەدو یەك کەسە.

بەراورد

یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥دا دەنگەکانی بەراورد بکەیت ٢١٤٢٢٢-١٦٦٥٣١=٤٧٦٩١ چل و حەوت هەزار و شەش سەد و نەوەد و یەك دەنگی کەم کردوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوە دەنگبدەن لە کۆتا هەڵبژاردن١٢٩٣٢٢٧یەك ملیۆن و دوسەد و نەوەدوسێ هەزار ودووسەدو بیست و حەوت کەس زیاتر لە ساڵی ٢٠١٠ بۆیان هەبوە دەنگ بدەن.

کەواتە یەکگرتووی ئیسلامی وێڕای ئەوەی چڵ و حەوت هەزار دەنگی کەمی کردوە، ئەوا لە کۆی نزیکەی ملیۆنێك و سێسەد هەزار کەسدا هیچ دەنگێكی نیە.

کۆمەڵی دادگەری

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ی پەرلەمانی عێراقدا

کۆمەڵی دادگەری ١٤٤٩٩٦سەدو چڵ و چوار هەزارونۆسەدونەوەدو شەش دەنگی بەدەست هێناوە ، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوە دەنگ بدەن ٢٥٩٠٢٧٤ دوو ملیۆن و پێنج سەدونەوەد هەزار و دووسەدو حەفتا و چوار کەسە.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی پەرلەمانی عێراق

کۆمەڵی دادگەری ٤٩٧٤٣چل و نۆ هەزار و حەوت سەدوچڵ و سێ دەنگی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی بۆیان هەبوە بەشداری دەنگدان بکەن ٣٨٨٣٥٠١ سێ ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو سێ هەزار و پێنج سەدو یەك کەسە.

بەراورد

کۆمەڵی دادگەری لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥دا دەنگەکانی بەراورد بکەیت ١٤٤٩٩٦- ٤٩٧٤٣= ٩٥٢٥٣نەوەدوپێنج هەزار و دووسەدو پەنجاو سێ دەنگی کەم کردوە، لە کاتێکدا ژمارەی دەنگدەرانی کۆتا هەڵبژاردن١٢٩٣٢٢٧یەك ملیۆن و دوسەد و نەوەدوسێ هەزار ودووسەدو بیست و حەوت کەس زیاتر بۆیان هەبوە دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠.

کەواتە کۆمەڵی دادگەری وێڕای ئەوەی نەوەد و پێنج هەزار دەنگی کەمی کردوە، ئەوا لە کۆی نزیکەی ملیۆنێك و سێسەد هەزار کەسدا هیچ دەنگێكی نیە.

یەکگرتووی ئیسلامی  + کۆمەڵی دادگەری

ئەو بەراوردەی سەرەوە دەنگی یەریەکەیان بوو بە جیا، ئێستا با دەنگی هەردوو هێزی ئیسلامی پێکەوە حساب بکەین لە نێوان هەردوو هەڵبژاردنەکەدا

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ی عێراقدا دەنگی یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکەوە دەکاتە ٣٥٩٢١٨ سێسەدو پەنجاو نۆ هەزار و دووسەدوهەژدە دەنگ لە کۆی دوو ملیۆن و پێنج سەدونەوەد هەزار کەس کە بۆیان هەبوە دەنگ بدەن.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی عێراق دەنگی یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکەوە دەکاتە ٢١٦٢٨١ دووسەدو شازدە هەزار و دووسەدوهەشتاو یەك دەنگ، لە کۆی سێ ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو سێ هەزار کەس کە بۆی هەبوە دەنگ بدات

ئەنجام

یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە نێوان هەڵبژاردنی٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥ دا بەهەردوکیانەوە ١٤٢٩٣٧ سەدو چل و دوو هەزار و نۆسەدوسی و حەوت دەنگیان کەمی کردوە، ئەوە لە کاتێکدا لە نزیکەی ملیۆنێك و سێسەد هەزار کەسدا کە مافی دەنگدانیان هەبوە لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا ئەمان هیچ دەنگێکیان نیە.

لێرەدا من تەنها بە ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوو و دەنگدەر قسەم کردوە و هیچ رایەکی شەخسی خۆمی تێدا نیە، کە دەری دەخات ئیسلامیەکانی کوردستان لە پآشەکشەیەکی گەورەدان و تا ژمارەی دەنگدەریش بەرزتر بێتەوە ئەمان زیاتر لە بەردەم مەترسی بچوکبونەوەدان چونکە لە زیادبونی ژمارەی دەنگدەراندا هیج دەنگێك بەدی ناکرێت و لە ١٥ ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ٪٤٠ ی دەنگی ئیسلامیەکان کەمی کردوە

ئەمە پێویستی بەلەسەر وەستانێکی جدی گەورە هەیە و هەر بەراوردکاریەك لە رێژەی کورسیدا وەڵامی پێویست ناداتەوە و جۆرێكە لە چەواشەکاریو بەلارێدابردنی لە بەراوردا، بۆیە ژمارەی دەنگ بەراوردە دروستەکەیە لەگەڵ رێژەی دەنگدەر.

سێ پوختەی کۆتایی

* کۆمەڵی دادگەری لە ماوەی پانزە ساڵدا نەوەدوپێنج هەزار دەنگی کەمی کردوە و لە ملیۆنێك و سێ سەد هەزار دەنگدەریشدا هیچ دەنگێکی نیە

* یەکگرتووی ئیسلامی لە ماوەی پانزە ساڵدا نزیکەی چل و هەشت هەزار دەنگی کەمی کردوە و لە ملیۆنێك و سێ سەد هەزار دەنگدەریشدا هیچ دەنگێکی نیە

*دەنگی ئیسلامیەکان لە ماوەی پانزە ساڵدا سەدوچڵ و سێ هەزار دەنگ کەمیان کردوە و لە ملیۆنێك و سێ سەد هەزار دەنگدەریشدا هیچ دەنگێکیان نیە


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی