شەرع لە دووڕیانی ئیسڕائیل و تورکیادا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان


لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و گەیشتنی جۆلانیی بە دەستەڵات، ئەگەرچی لە سەرەتاوە هەژموونی تورکیا بەسەر سوریاوە سێبەری کرد و ئەردۆغان وا خۆی ڕانا کە کۆدی کردنەوەی گرێکوێرەکانی ئەو وڵاتە لای ئەوە و ڕێی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیمەشق لە ئەنقەرەوە تێدەپەڕێت، بەڵام سەردانی ئەو دوایەی ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شێبانی، هاوکات هاکان فیدان-ی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ واشنتۆن و چوونیان لە دەرگای پشتەوە بۆ ناو کۆشکی سپی و دیداریان لەگەڵ تڕمپدا، دیمەنێکی دیکەی نیشاندا و ئەوەی دەرخست کە کلیلی گرفتەکانی سوریا لە دەست ئەمریکا دایە نەک تورکیا .

دیارە ئەو سەردانەی "شەرع و شێبانی " زیاتر لەسەر ویستی ئەمریکا بووە، کە تێیدا واشنتۆن پەیامی ڕوون و ڕاشکاوی خۆی لەمەڕ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە هەشت خاڵییەکەی دیمەشق لەگەڵ کورد و ئەو ڕێککەوتننامانەی لە نێوان  ئەمریکا و ئیسڕائیل و سوريادا هەن لەگەڵ چوونی ئەو وڵاتە بۆ نێو ڕێکەوتنی ئەبراهام پێڕاگەیاندوون، شەرعیش ڕەزامەندی وڵاتەکەی لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو خاڵانە دەربڕیووە، بێگومان ئەوەش مەرجی لابردنی یەکجاریی سزاکانی سەر سوریایە کە لەئێستادا تا ئاستێک وەک دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنیان دەستیان لەسەر سوککراوە و بەشێوەیێکی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ لابراون، دیاریکردنی ئەو ماوەیەش دەرفەت و چانسێکە لەبەردەم دیمەشق بۆ لاچوونی سزاکانی قەیسەر و هیچ دەرفەتێک بۆ خۆدزینەوە و یاریکردن بەکات نەهێڵێتەوە .

هەڵبەت بەشداریکردنی "هاکان فیدان"یش لەو دانیشتنەدا هەر لەسەر داوای ئەمریکا بوو، ئەویش بۆ ئاگادارکردنەوەی تورکیا تاکو کێشە و گرفت بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە لەبەردەم سوریادا دروست نەکات. هەڵوێستی ئەنقەرە لەو بارەوە تا ئێستا هیچ لێدوان و کاردانەوەیەکی نەرێنی ڕاستەوخۆی نیشان نەداوە، ئەوەش ڕەنگە لەو بێتواناییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە لە ئێستادا تورکیا بە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ناوخۆ و دەرەوە لەچەند لاوە مەست و حەیرانە، لەولاشەوە بەدەست سەرکێشییەکانی ئیسڕائیلەوە گرفتار و شەکەت بووە، بەڵام ئەوە بەو مانایەش نیە ئەو وڵاتە دەستەوستان بێ و دۆش دابمێنێت، تورکیا لەئێستادا لەهەر پێشهاتێک لە ناوچەکەدا سڵ دەکات و ئەو هەنگاوەش لە بەرژەوەندی خۆیدا نابینێت، ئەوەتا ئێستا دەیبینین کە گروپەکانی سەر بەخۆی لەنێو سوریادا خستووەتە جموجوڵ و لەملاولاوە هێرش دەکەنە سەر سەنگەرەکانی هەسەدە، پەلاماری ناوچەی کەناراوەکان دەدەن و کەوتوونەتە شەڕ وکوشتاری عەلەویەکان .

دیارە وەستانەوەی دەستەڵاتەکەی شەرع لەتک هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ شەڕکردن لەگەڵ داعش و گروپە تیرۆرستییە بیانیەکانی نێو سوریا خاڵێکە لەچوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە شەرع بەڵێنی بە تڕامپ داوە جێبەجێی بکات؛ بەڵام ئایە جێبەجێی دەکات، یان دەتوانێت جێبەجێی بکات ؟ بەتایبەت کە ئەو گروپانە لە چوارچێوەی بەرەی تەحریری شامدا ساڵانێکی دوور و  درێژ لەژێر فەرمانی جۆلانییدا جەنگاون و لە جیهادابوون ، ئێستاش بەشێکیان سەر بە تورکیان و ئەو وڵاتە پشتگیریان دەکا و دنەیان دەدات.
لێرەدا با چاوەڕێ بین و بزانین لەو شەش مانگەدا شەرع سەڵپەی بەلەمی سوریا ڕووەو کام کەنار ئاڕاستە دەکات؛ دەرچوون لە گێژاوی گوشارەکانی ئیسڕائیل و سزاکانی قەیسەر، یان  مانەوە لەژێر هەژموونی تورکیا و ئاهوتەی گروپەکانی تەحریری شامدا ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی