کێ گرنگترە؟ کوردی عێراق یان سوریاو تورکیا؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حوسنی محه‌لی

ئەنقەرە بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ ڕازیکردن یان ناچارکردنی حکومەتی نوێی دیمەشق بەوەی گوێڕایەڵی پێشنیار و ڕێنماییەکانی بێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە ئەندازەیەکی دیاریکراو ملنەدات بۆ خواستەکانى کورد بە شێوەیەکی کە گونجا بێت لە ڕووى چەندایەتى و چلۆنایەتییەوە بۆ ئەنقەرە.

لە 10ی ئازاری 2025دا، واشنتۆن سەرۆکی حکومەتى ڕاگوزەرى سوریا، ئەحمەد شەرع-ی ناچار کرد لە تەنیشت فەرماندەی هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) مەزڵوم عەبدی دانیشێت و ڕێککەوتنی هاوکاری و هەماهەنگى لە نێوانیان واژۆ بکەن. پاشان، واشنتۆن هەڵوێستەکەی گۆڕی و پشتیوانی لە شەرع کرد دژ بە کوردەکان، دوای ئەوەی هەڕەشەی لە مەزڵوم عەبدی و مسعود بارزانی کرد کاتێک لە 17ی کانوونی دووەمدا تۆم بەراک لەگەڵیان کۆبووەوە، چەند کاتژمێرێک پێش هێرش و بەرەوپێشچوونی هێزەکانی سوپای سوریا بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات. 

ئەم چوونە ناوەوەى سوپاى سوریا بۆ ئەوە بوو هێزەکانی هەسەدە ـ یەکەکانی پاراستنی گەل(YPG) ـ ناچار بن لە ڕەقە و دیرەزۆر و ئەو ناوچە فراوانانە بکشێنەوە کە لە ساڵی 2012ەوە لە ژێردەستیاندا بوون و زۆرینەی دانیشتوانەکەیان عەرەب بوون.

ئەم پڕۆسەیە کۆتایی هات کاتێک واشنتۆن دووبارە سیاسەتی مشک و پشیلەى بەکار هێنا و هەردوو لایەنی ناچار کرد لە 28ی کانوونی دووەم ڕێککەوتنێکی تر واژۆ بکەن؛ ڕێککەوتنێک کە هەر لایەنێک بە قازانجی خۆی لێی دەڕوانێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەسعەد شەیبانی و مەزڵوم عەبدی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونیخ (14ی ئەم مانگە) لە تەنیشت یەکتر دانرابوون. 

لەو کۆنفڕانسەدا مەزڵوم عەبدی بوو بە ئەستێرە، بەھۆی ئەو کامێرایانەی بەردەوام بە دوایەوە بوون، لە کاتێکدا هیچ وێنەیەکی بەرچاو لە هیچ بەرپرسی تورکی ـ هەرچەند وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت ئیبراهیم کالن لەوێ ئامادە بوون ـ بڵاونەکرایەوە. ئەنقەرە نارازی بوو نەک تەنها لە کۆبوونەوەی ڕوبیۆ لەگەڵ شەیبانی و عەبدی، بەڵکوو لە کۆبوونەوەی عەبدی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئەمانوێل ماکرۆنیش، کە پاریس جاروبار ڕایگەیاندووە پشتیوانی لە کوردەکان دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات. 

بەبێ چوونە ناو وردەکارییەکانى ئەم ڕێکەوتنەى دوایی نێوان کورد و دیمەشق لە  28ی کانوونی دووەم، کە بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکهێنرێت کە سێ لیوای لە هێزەکانی هەسەدە تێدا بێت، لەگەڵ لیوایەکی تری کوردی لە عەین عەرەب (کۆبانی) و ڕەنگە دواتر لە عەفرینیش. ئەنقەرە بە توندی لە دژی ئەم هەنگاوەیە. هەروەها نیگەرانى خۆى ناشارێتەوە لە هەندێک خاڵى دیکە لە خاڵەکانى ڕێکەوتنەکەى 28 کانونى دووەم لەوانە ئەگەرى داننانى ناڕاستەوخۆ بە جۆرێک لە دەسەڵاتى خۆ بەڕێوەبەرى بۆ کورد کە گونجاوبێت لەگەڵ دەسەڵاتى ناوەندى لە دیمەشق؛ ئەمەش کارتێکە واشنتۆن وەک کارتی فشاری بەکاردێنێت بۆ هێنانی حکومەتی نوێی سوریا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل.

لەهەمانکاتدا، ئەنقەرە هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە کاریگەری خۆی لەسەر سیاسەتەکانی دیمەشق، چونکە یەکینەکانی پاراستنی گەل بە بەردەوامی وەک درێژکراوەى پەکەکە و عەبدولا ئۆجالان دەبینێت؛ کە مڤلوم عەبدی لە منداڵییەوە بە مامۆستای خۆی دەزانێت. ئەم گۆڕانکارییانە بۆ ئەنقەرە گرنگییەکی زیاتر هەیە، چونکە هەمان کات ڕاپۆرتی کۆمیتەی پەرلەمانی تایبەتی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا (18ی شوبات) بڵاوکرایەوە، کە تێیدا ئۆجالان داوای چوونە ناو قۆناغی دووەمی ئاشتی کردووە کە دانپێدانانە بە مافە دستورییەکانی کورد، لەوانەش حوکمی خۆبەڕێوەبەرى هاوشێوەى ئەوەى کوردى سوریا ئەگەرچی هێشتا لە دەستوردا نەچەسپاوە. 

هەروەها ئەنقەرە دەترسێت هەلومەرجی سوریا کاریگەریی لەسەر ناوخۆی تورکیا هەبێت، بەتایبەتی لە گەڵ زیادبوونى بارگرژی سیاسی لە نێوان ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆندا، بەتایبەتی حیزبی گەلى کۆمارى، ئەو پارتەى کە سەرۆک ئەردۆغان دوو وەزیریى نوێی دامەزراندووە بۆ گوشار خستنە سەر پارتەکە و سەرکردەکانى لەبەر ئەوەى ئەردۆغان لەوە دەترسێت کە ئەو پارتە شەقام لە دژى بجوڵێنێت بە تۆمەتى زیانگەیاندن بە یەکڕێزی نەتەوە و دەوڵەتى تورکیا بەهۆى بەردەوامى قسەکردن لە سەر هەوڵەکانى بەخشینی ئۆجالان، کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و دەولەتى تورکیا.

هەروەها ڕوونە کە تورکیا ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکى نوێ و پڕمەترسی دەبێتەوە لە سوریا، ئەو وڵاتەى کە هێشتا سەرۆک ئەردۆغان کاریگەرى هەیە لەسەر زۆرینەى سیاسەتەکانى  و واشنتۆنیش ڕۆڵى سەرەکى دەبینێت تیایدا، تەنانەت پارادۆکسی ئەو ڕۆڵە ناوبەناو لەگەڵ بەرژەوەندى و لێکدانەوەکانى تورکیا نایەتەوە لەسەر ئاستى ناوخۆیی وناوچەکە واتە سوریا و عێراق. 

جێگەى ئاماژە پێدانە کە ئەزموونى عێراق، کە داگیرکردنى ئەمریکا لەدوای ساڵی 2005 کردى بە وڵاتێکى فیدڕالی و کورد لە باکور بە پشتیوانى ئەنقەرە و دواى تێکشکانى عێراق لە جەنگى کوێت بوو بە قەوارەیەکى فیدڕالى کە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ پەیوەندى هەبوو بە پلان و پڕۆژەکانى  ئەمریکا لەگەڵ ڕێگەدان بە تورکیا بۆ سوود وەرگتن لەو قەوارەیە بەڵام بە سنوور و چوارچێوەیەکی دیاریکراو لەلایەن واشنتۆنەوە.

هەندێک لە ناوخۆی تورکیا دەترسن کە ئەم پڕۆژانە تورکیا بکەنە عێراقێکی نوێ، بەڵام دوای سوریا و گۆڕانکارییەکانی، چارەنووسی کورد لە سوریا و تورکیا و عێراق ـ و دواتر ئێران ـ بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دەستی واشنتۆن و هاوپەیمانەکەی ئیسرائیل دیاری دەکرێت.

لە هەموو ئەم هاوکێشانەدا، ئەنقەرە ناهێڵێت کارتی کوردی لە دەست خۆی بدات، نە لە سوریا و نە لە عێراق، چونکە نایەوێت دووبارە خۆی لەبەردەم ڕاستییەکی سەپاوەدا ببینێتەوە، وەک چۆن لە عێراق ڕووی دا یان کاتێک زۆر لە پێشتر سوڤیەتەکان پشتیوانییان لە کۆماری مەهاباد لە ساڵى 1946 کرد  و دواتر شا کۆتایی پێهێنا بە پشتیوانى ئەمریکا و بەڕیتانیا کە لە ئێستادا لە دواى ئەزمونى مەسعود بەرزانییە لە باکورى عێراق و مەزڵوم عەبدى لە یاشورى سوریا.

هەروەها جێگەى ئاماژە پێدانە کە هەواڵگرى ئەمریکا و موساد لە 14ی شوبات 1999دا ئۆجالانیان لە نایرۆبی فڕاندو و رادەستی تورکیایان کرد. واشنتۆن هەروەها ڕێگری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2017 کرد. هەر هەمان ئەو واشنتۆنەى کە  ـ بەپێی زانیارییەکان ـ ئەردۆغان و دوڵەت باخچەلی هاندا بۆ دەستپێکردنی دیالۆگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجالان لە 22ی تشرینی دووەمى 2024، واتە پێش 45 ڕۆژ لە کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، بەو پێیەى هەموان لەوانە ئەنقەرە و تەلئەبیب و ڕەنگە لایەنى دیکەش  زانیارییان لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە هەبوو و پێشوەختە خۆیان بۆ ئامادە کردبوو.

نوسینى: حوسنی محه‌لی
وه‌رگێڕانى: بەختیار ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی